Draw Media

نەوەی نوێ خۆی هەلی سازان بۆ نەیارانی 

نەوەی نوێ خۆی هەلی سازان بۆ نەیارانی 

2019-05-11 19:00:48


بەهادین نوری

لە بارودۆخە سەختەکەی ڕیفراندۆمی ئەیلولی ٢٠١٧ دا نەوەی نوێ وەکو یاریچیەکی تازە هاتە گۆڕەپانی سیاسی هەرێم ، ناتوانم بڵێم بە شێوەیەکی تەواو ئاسایی لەدایک بوو ، بەڵام ئەوە ڕوونە کە دروستبوونی ئەم ڕێخراوە کاردانەوەیەکی ئەو هەڵە کوشندەیەبوو کە پارتی و یەکێتی تێکەوتن . لەو ڕۆژانەدا کە بانگەشەی گەرم و بەربڵاو بۆ ڕیفراندۆم دەکرا ، وەک بڵییت چرکەیەکی ماوە بۆ لە دایکبوونی دەوڵەتی سەربەخۆیی کورد ، دۆخی هەرێم زۆر پێویستی بە رێخراوێکی وەکو نەوەی نوێ بوو کە هەڵوێستێکی ڕوون و رەوانی هەبوو دژ بەو هەڵە ستراتیجیەی پارتی و یەکێتی + دەزگایەکی ڕاگەیاندنی بەتوانای هەبوو . واتە بابەتیانە سەیری بکەین دۆخەکە لەباربوو بۆ دامەزراندنی نەوەی نوێ، لە ماوەیەکی کورتدا ن.ن ( نەوەی نوێ ) بەچوار کورسیەوە چووە پەرلەمانی عێراق و بە هەشت کورسیشەوە چووە پەرلەمانی هەرێم . ئەمە ئەنجامی خەباتێکی چڕ و پڕی بوێرانەی ئەم بزووتنەوە تازە پەیدابووە بوو .

توێژێکی بەربڵاو ، بەتایبەتی لەنێوان لاوانی هەرێمدا ، هیوایان بەم ڕێخراوە بوو ، ن.ن شانسێکی باشی هەبوو کەگەشە بکات و ببێتە بزووتنەوەیەکی گەورە و کارامە ئەگەر بەدەستی خۆی ئاگری لەماڵی خۆی بەرنەدایە ، ئەوانە بەهەڵەداچوون کە دەڵێن ئەم لەتبوون و کێشەی ن.ن . دەستکردی پارتی و یەکێتیە . گومان لەوەدانیە کە پارتی و یەکێتی ئەم لەتبوون و شەڕە قسەی نێوان ن.ن یان زۆر پێخۆشە و هەوڵدەدەن کەڵکی زۆری لێوەرگرن بۆ لەناوبردنی ن.ن.

بەڵام برادەرانی ن.ن خۆیان بەرپرسیارن لە دروستکردنی کێشەکە ، هەر خۆیشیان دەتوانن چارەی بکەن . قسەی شاسوار ڕاستە کەدەڵێ کەم ئەزموون بووە بۆیە توشی ئەم کێشەبووە ، باشە ئەوەش بزانێ کە گومڕاش بووە ، ئێستە باجی کەم ئەزموونی و گومڕایی خۆی دەدات . ئەو پێیوابوو ، مادام سەرچاوەی دارایی ن.ن بێ دەتوانێ سەرچاوەی هەموو بڕیارێکی سیاسی و ڕێخراوەیش بێ ، هەرچی بوێ مافی خۆیەتی بیکات، بەڵام شاسوار بەتەنها بەرپرسیارنیە . ئەوانەش کە لەشاسوار جیابوونەوەتەوە بەشێک لە بەرپرسیارێتی ئەم تێشکانە دەکەوێتە ئەستۆیان دەبوو ئەوەیان بزانیایە کەبەم جیابوونەوەیە رەنجی خۆیشیان دەدەن بەبادا، دەبوو بیانزانیایە کە هەلێکی زێرن دەرەخسێ بۆ نەیارانی ن.ن ، بەتایبەتی بۆ دەسەڵاتداران ، بۆ لەناوبردنی بزووتنەوەی ن.ن . و سەرکوتکردنی ئۆپۆزسیۆن کە ئەمڕۆ لە خراپترین حاڵیدایە لەم هەرێمەدا . ئەمەش وەکو جەژن وایە بۆ پارتی و یەکێتی.

دەسەڵاتدارانی یەکێتی ئەم لەتبوونەیان بەهەل قۆستەوە بۆ سازدانی هێرشی پۆلیسی بەگیانی تۆڵەسەندن لە ن.ن . لەسەر ئەوە کە قسەیان کردووە دژ بە پۆخڵەواتی پارتی و یەکێتی . بە پێی ڕاگەیاندنی ن.ن . ئەومەفرەزانەی هەڵیانکوتاوەتە سەر بارەگای ن.ن . بۆ گرتنی ئەوانەی ویستویانە ، گەنجانی دەمامکپۆش بوون ، ڕێگەی هیچ گیراوێک نەدراوە چاوی بەکەس و کاری بکەوێت و پارێزەر بۆخۆی بگرێت . کە ئاسایش بە دەمامکەوە . بچێتە سەر ماڵێک یان بارەگایەک ئەمە هیچ مانایەک نابەخشێ جگە لە چەتەگەری ، دور لەیاسا و دیموکراسی . دەبێ هەموو مرۆڤێکی مرۆدۆست نارەزایی خۆی دژ بەمە نیشانبدات و داوای لێکۆڵینەوە و سزای تاوانباران بکات . دەبێ حکومەتی بەغدادیش بێتە دەنگ.

ئەو کەسانەش هەن کە ده لین دەوڵەمەندێکی سەرمایەداری وەکو شاسوار حیزبی لەوە باشتری پێدروستناکرێ ، یان بزنس یان حیزبایەتی . ئەمە لە جیهانی ئەمڕۆدا قسەیەکەی نەگونجاو و دوورە لە واقع ، خۆزگە ئێمە رژێمێکی سەرمایەداری وەکو هۆڵندا، سوید ، کەنەدامان هەبوایە لەباتی ئەم رژێمە خێڵەکیە نەتیدیموکراتیە پڕ لە گەندەڵکاریەی ٢٨ ساڵە . 

لەکۆتاییدا بەبرایانی نەوەی نوێ دەڵیم : زەرەر لەنیوە بگەڕێتەوە باشترە . باشەری راگەیاندن بە فەوری بوەستێنن و بیگۆڕن بە موناقەشەی دوستانە . بارێگە نەدەن زیانی گەورە تریشیان بەر بکەوێ ، باپێوەندی نێوانیان ئاسایی بکەنەوە و بەوردی بیر لەبەرژەوەندی حیزب و گەل و نیشتیمان بکەنەوە . باکەشێکی وەها دروستبکەن کە بتوانن لێکتر نزیک بێتەوە و یەکبگرنەوە لەسەر بنەمایەکی دیموکراتی باشتر کە ئەزموونی هەموو هەڵەکانی لەمەو پێشی تێدا رەچاوبکرێ . 
 

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand