بزوتنەوەی گۆڕان نیوەی رێگاکەی بڕی!
2019-05-11 08:55:40
گەیلان شێخ عومەر
لە مێژوی چارەکە سەدەیەکی ململانێ توندی سیاسی و فکری نێوان لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان، بزوتنەوەی گۆڕان راستگۆترین لایەنی سیاسی بوە تاکو ئەم ساتە، بە تەواوی توانای کاریکردوە بۆ پیادەکردنی بەرنامەو ئەو بنەمایانەی لە پێناوی دامەزراوە.
چەسپاندن و جێگیرکردنی بنەمای هەڵبژاردنی سەرۆکی هەرێم لەناو پەرلەمان و کارکردن بۆ بونیاتنانی سیستمی پەرلەمانی لە کوردستاندا کار و ئەرکی لە پێشینەی بزوتنەوەی گۆڕان بوەو لەسەرجەم هەڵبژاردنەکانیشدا بەڕونی باسی کردوە.
لە کۆبونەوەی ئەمجارەی پەرلەمان بۆ شێوەی هەڵبژاردنی سەرۆکی هەرێم ئەو راستیە بۆ هەمو لایەک ئاشکرابو کە بزوتنەوەی گۆڕان نیوەی رێگا سەختەکەی خەباتی مەدەنی بڕی و دەسکەوتی گەورەی سیاسی پێشکەشی هەرێمی کوردستان کردو جارێکیتر وەفاداری خۆی بە بەرنامەکەی پیشانی رای گشتی دایەوە.
بۆ نیوە رێگاکەی تریش بزوتنەوەی گۆڕان پێوستی بە زۆرێک لە لایەنە سیاسییەکان هەیە تا پێکەوە دەستورێکی باش و سەردەمیانە لە فۆرمی سیستمی پەرلەمانی بکەنە دیاری خەڵکی هەرێم بە جۆرێک ئەم هەرێمە بەرەو ئارامی سیاسی و بە دامەزراوەیی کردنی دامودەزگاکان و رێکخستنی هێزی پێشمەرگە لەیەک سوپای نیشتیمانی و دادی کۆمەڵایەتی ئابوری ببات.
بزوتنەوەی گۆڕان بە سیاسەت و دونیا بینی خۆی سیحری ململانێی ناشرینی سیاسی لەم وڵاتە بە جۆرێک تێکشکاند کە ئیتر نە حیزبی چەکدار بە تەنها خاوەن بڕیاری سیاسییە و نە حیزبی مەدەنیش تەنها کاری بێدەنگی و سەرلەقاندنە.
ئەوەی بۆ ئەو قۆناغەی ئێستا پێویستە ئەوەیە، ئەو هێزو لایەن و کەسایەتیانەی باوەڕیان بە خەباتی مەدەنی هەیە بەمەبەستی پێشکەوتنی هەرێم باشتروایە پشتیوانی سیاسی و مەعنەوی بزوتنەوەی گۆڕان بکەن تاکو پێکەوە بتوانن ژیانێکی شایستە و سەربڵندانە بۆ تاکی هەرێم دروست بکەن کە مافێکی ئاسایی و یاسایی خۆیانە.