دەربارەی شەھادەی سەرۆک
2019-05-10 15:23:39
ئادەم ئاودەڵ
یەکێک لە ھەڵە ھەر گەورەکانی خولی پێشوی پەرلەمانی کوردستان ، دەست بردن بو بۆ شتێک کە مەحال بوو سەر بگرێ و لە بەرامبەریشدا پشتگوێ خستنی کۆمەڵێ پرس بوو کە دەبوو جێ بەجێ کرابان . پرسی سەرۆکایەتیەکەی بارزانی و ھەمواری یاسایی ھەڵبژاردن دوو لە پرسە ھەرە گرنگەکان بوون کە خولی پێشوی پەرلەمان یەکەمیانی وروژاند کە دەیزانی سەرناگرێ و دووەمیانی پشتگوێ خست کە دوو ھێندەی سەرۆکایەتیەکەی بارزانی گرینگ بوو.
ھەلبژاردنەکانی ھەرێمی کوردستان بە سیستمی یەک بازنەیین و خودی پارتی دیموکراتی کوردستان ھەر لە ١٩٩٢ وەوە رێگری کردوە کە ھەلبژاردن بکرێتە فرە بازنەیی ، ئەمەش ھەردەم لە سود و قازانجی ئەو حیزبەدابووە و ھەمیشە رێگربووە لە گۆرانکاری لە سیستمی ھەلبژاردن ، ئەگەرچی یەکێتی نیشتمانی کوردستان ھەر لە سەرەتایی دامەزراندنی پەرلەمان و حکومەتی ھەرێم داکۆکی سەرەکی بوو لەسەر چەسپاندنی سیستمی فرەبازنەیی بەڵام پارتی سەرجەم ھەولەکانی بۆ لە باربردنی ئەو ھەوڵانەبو ، بیانوی ئاشتی کۆمەلایەتی و ئارامی سیاسیش ھەمیشە دەستی یەکێتی لەو بابەتەدا بەستبوو .
یەکێک لە دەرفەتە ھەرە گرینگ و ستراتیژیەکان کە بۆ ئەو بابەتە ھاتۆتە پێش خولی پێشوی پەرلەمانی کوردستان بوو ، کە تێیدا گۆران و یەکێتی ، بە ھەماھەنگی ئیسلامیەکان زۆرینەی پەرلەمانیان لە دەستدابوو ، دەیانتوانی لە رێگەی پرۆژەیاسایەکەوە ھەمواری یاسایی ھەلبژاردن بکەنەوە و سیستمەکە لە یەک بازنەییەوە بگۆرن بۆ فرە بازنەیی و ئەو کات ساختەکاری و تەزویراتی دھۆک و زاخۆ کار لە دەنگە راستەقینەکان نەکات و پارسەنگی ھێز لە رێگەی ساختەکارییەوە نەگۆردرێت . بەڵام بەداخەوە دەستەی سەرۆکایەتی ئەوکات کە بزوتنەوەی گۆران سەرۆکایەتی دەکرد ، لە بری تێ پەراندن و کارکردن بۆ ئەو یاسایە ، دەستیان بۆ ولایەتەکەی بارزانی برد کە ھیچ سودێکی بە پرۆسەی سیاسی ھەرێم نەکرد و تەنانەت خۆشیان ئەیانزانی کە ھەولەکان بەو ئاراستەیە بێ سودن ، بەتایبەت دوای ئەوەی زاندرا کە ئەمریکیەکان و وڵاتانی ئیقلیم لە دژی لەسەر کارلادانی بارزانین . ئەو ھەوڵەی ئەوکات جگە لەوەی کۆتایی بە ولایەتی بارزانی نەھێنا ، پەرلەمانی پەکخستو حکومەتیێکی ئیفلیجیشی بەرھەم ھێنا . ھەر بۆیە گەر ئەوکات یاسای ھەلبژاردنەکانی ھەرێم ھەموار بکرایەتەوە ، ئێستا نە پارتی ٤٥ کورسی دەھێنا و نە بابەتی شەھادەی کاندیدی سەرۆکی ھەرێم دەھاتە ئاراوە و فراکسیۆنەکانی گۆران و یەکێییش ناچار نەدەکران دەنگ بەو جۆرە برگەیە بدەن .
ئەگەرچی لە ساتی دانوستانی حیزبە براوەکانی پەرلەمان بۆ پێکھێنانی حکومەت ، تروسکاییەکی تر بۆ ئەو بابەتە مابوو ، دەکرا حیزبەکان پێش پێکھێنان و چونە ناوحکومەت یەکێک لە خاڵەکانی رێککەوتنەکەیان ھەمواری یاسایی ھەلبژاردن بوایە ، بەڵام داخەکەم ھیچ حیزبێکی بەشدار لە حکومەتی ئەمجارە لە بیری ئەو بابەتەدا نەبوو ، گەرنا ھیچ نە بوایە بۆ دوای چوار ساڵی تر ئومێدێکی بچوک دەما بۆ ئەوەی دیموکراسی مانای راستەقینەی بۆ بگەرێتەوە و جارێکی تر ناچار نەبین کەسێکی بێ شەھادە بکەینە سەرۆک .