كارگەیەك بۆ بەرهەمهێنانی درۆ
2019-05-10 13:28:47
رهحمان غهریب
بیهێننە بەرچاوتان سوپایەكی ئەلیكترۆنی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان كە بەشێكی زۆریان بە پارەی سیاسی بەڕێوەدەبرێن، لە پشت شاشەی كۆمپیوتەرەوە سەرقاڵی بەرهەمهێنانی درۆن. روونتر: ئەو كارگەیەی كاری تیا ئەكەن تەنها درۆ بەرهەمدەهێنێت و ئەیخاتە ناو ئەم بازاڕە بەر بەرەڵایە.
ئەم پێشكەوتنە تەكنەلۆژییەی پەیوەندییەكان، دەسكەوتێكی هەرە گەورەی بیری مرۆڤایەتییە، پێگەی هەرە گرنگی ئاڵوگۆڕی زانیارین، نامەوێت دەسەڵاتی ستەمكاری لەهەر پارچەیەكی ئەم زەوییە خەڵك لەم نیعمەتە زانسیتییە بێبەش بكات، دژی سانسۆرم.
بەڵام وەك چۆن كەسانی تێگەیشتوو سودی لێوەردەگرن، پەیامی ئاشتی و خۆشەویستی و راستی تیا بڵاودەكەنەوە، بە هەمان ئەندازەش كەسانێك كردویانە بە پێگەیەك بۆ بڵاوكردنەوەی درۆو گوتاری رق وكینەو ناوزڕاندنی ركابەرەكانیان. ئەمە تەنها دیاردەیەكی كۆمەڵگەی كوردستانی نییە، بەڵكو جیهانییە.
ئەم بەیانییەو چەند بەیانییەكە، هەندێ نوسەرو رۆژنامەنووسی دیار، ناویان كەوتوەتە ناو تۆڕی ئەم كارگانە، خاوەن كارەكان دەروونیان بە بڵاوكردنەوەی درۆو ناوزڕاندنی كەسانی سەركەتوو ئاسودە دەبێت. با پزیشكێكی دەروونی پێم بڵێت ئەمە چ نەخۆشییەكە؟
نوێترین راپۆرتی پەیامنێرانی بێ سنوور تیشكی خستوەتە سەر ئەو سوپایەی شەڕەكانیان لە پشت كۆمپیتەرەوە ئەنجام ئەدەن. سوپای یەدەگی دەسەڵاتی سیاسی و عەشایەری و حزبیو سەرمایەداری .. هتد..ن.. شەڕیان بۆ دەكەن، سومعەی ركابەرەكانیان لەكەدار ئەكەن، لە ئەنجامی ئەم شەرەیان ئازادی رۆژنامەنوسی دەبێتە قوربانی.
كریستۆفر دولوار لەم بارەیەوە دەڵێت " گێچەڵی ئەلیكترۆنی دیاردەیەكی جیهانییە، ئەمڕۆ بووە بە ترسناكترین هەڕەشە بۆ سەر ئازادی میدیا، جەنگی ئەلكترۆنی تەنها دەوڵەتەكان بەرپای ناكەن، بەڵكو دوژمنانی ئازادی رۆژنامەنوسی سوپایەكی ئەلكترۆنیان دامەزراندوە بۆ هێرشو لاوازكردنی ئەوانەی بەدوای راستیدا دەگەڕێن"
دولدوار چەختدەكاتەوە" ستەمكاران لە رێگەی بەكرێگیراوانیانەوە لەناو تۆڕە كۆمەڵایەتی رۆژنامەنوسان دەكەنە ئامانج وەك ئەو كەسەی كە لە گۆڕەپانی جەنگ بە فیشەك بەرامبەرەكەی دەكوژێت".
ساڵی رابردوو دەیان پەیجی سەربەخۆ لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فیس بوك كە بە ناوی جیاجیاوە بابەتی زانستیو تەندروستی و هونەرو زانستی كۆمپیوتەرو هەواڵ و وەرزشو گاڵتەوگەپی بڵاودەكردەوە، ئێستا چالاكی و هەواڵو ریكلامی حزبی تیا بڵاودەكرێتەوە.
ئەدیمەنەكان فرۆشتویانە، تاپۆكەیان خستوەتە سەر كەسێكی تر، ئەویش بۆ ئامانجی خۆی بەكاریان دێنێت، بابەتی رۆژنامەنوسی لەناوەڕۆك و مانا بەتاڵ دەكاتەوەو دەیشێوێنێت، هێرشی رێكخراو دەكەنە سەر میدایكارانو میدیاكارانی ژن بە ئامانج دەگرن.
لەگەڵ پارێزبەندی (حصانە) نیم بۆ رەخنەگرتن لە هەر نوسەرو كەسایەتییەكی گشتی، بەڵام پێویستمان بە پارێزبەندی هەیە بەرامبەر هەواڵی درۆو شكاندنی شكۆی ئینسانیمان. چارەسەرێك یا دەرمانێك كە بەرهەمی بەسەرچووی ئەم كارگانە خوێنەر ژەهراوی نەكات.
ئەو برادەرانەم دواهەمین كەس نابن كە كارگەی درۆی سیاسییەكان ناویان دەزڕێنن، رەنگە ئەمجارەیان ئەو كەسە بێت كە بە خوێندنەوەی هەواڵەكە شاگەشكەبووە، ئاخر شاگەشكەبوونیش بە خوێندنەوەی درۆ هەر نەخۆشییە.