دامه‌زراندنی سیسته‌می سوڵتانیی پێویستی به خوێنده‌وار نییه
2019-05-09 18:24:04
ئاراس فه‌تاح
دیكتاتۆره‌كان ته‌نها دڕنده نین، به‌ڵكو ده‌شێت كۆمیدییش بن. سه‌رۆكی پێشوی توركمانستان، سه‌فه‌رموراد نیازۆف، یه‌كێكه له سوڵتانه ههزهلییهكانی ناو مێژووی نوێی سیاسیی سه‌ده‌ی بیست و بیست و یه‌كه‌م. ئه‌م دیكتاتۆره سێ ریفراندۆمی یه‌ك له‌دوای یه‌كی كرد، بۆئه‌وه‌ی به زۆرینه‌ی ڕه‌ها وه‌ك ته‌نها سه‌رداری نه‌ته‌وه‌یی وڵات هه‌ڵبژێردرێت و تاوه‌كو له ژیاندا بێت حوكمی ئه‌به‌دیی وڵاته‌كه‌ی بكات. پاش ماوه‌یه‌ك ئه‌م دیكتاتۆره خۆشی كرد به سه‌رداری هه‌موو توركمانزمانهكانی دونیا و نازناوی „توركمانباشی“ به‌خۆی به‌خشیی كه مانای باوكی تور‌كان ده‌گرێته‌وه. ناوی قوتابخانه و فرۆكه‌خانه و ته‌نانه‌ت جۆرێك له (كاڵه‌ك)یشی كرد به توكمانباشی. وێنه و پۆسته‌ره‌كانی توركمانباشی له هه‌موو شوێنێكی وڵات‌دا ده‌بینران، له‌سه‌ر لهشهقامهكانهوه بیگره به تێپه‌ڕبوون به دیواری باڵه‌خانه‌كان، تاوه‌كو ده‌گات به په‌رله‌مان. لۆگۆی كه‌لله‌سه‌ری خۆی له سوچی سه‌ره‌وه‌ی ده‌سته‌ڕاستی شاشه‌ی هه‌موو كه‌ناڵه‌كانی ته‌له‌فیزیۆندا دانابوو. وێنه‌ی سه‌رۆك له‌سه‌ر هه‌موو به‌رهه‌مه خۆراكیی و خواردنه‌وه نه‌ته‌وه‌ییه‌كانیشدا وه‌ك ڤۆدگا و چایی، چاپكرابوو. نیازۆف ته‌نها سه‌رۆكی ده‌وڵه‌ت نه‌بوو، به‌ڵكو سه‌رۆكایه‌تی هه‌موو ده‌زگا گرنگه‌كانی وڵاته‌كه‌شی ده‌كرد، له‌وێنه‌ی سه‌رۆكی حكومه‌ت و سه‌رۆكی له‌شكر و سه‌رۆكی مه‌جلیسی به‌رگریی و سه‌رۆكی كۆمیته‌ی ئاساییشی نه‌ته‌وه‌یی و مه‌جلیسی نه‌ته‌وه‌یی و زۆر ده‌زگای تریش. نیازۆفیش وه‌كو هه‌موو دیكتاتۆرییه‌كانی دوای هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی یه‌كێتی سۆڤیه‌ت، له كۆمۆنیستێكی ته‌مام عه‌یاره‌وه بوو به ناسیۆنالیستێكی بێوێنه و سیسته‌مێكی سوڵتانیی زۆر ئاوارته‌ی دامه‌زراند. ئه‌م پیاوه نه بڕوای به ده‌ستوور هه‌بوو نه به یاسا، تا ئه‌و شوێنه‌ش هه‌ڵبژاردن و ریفراندۆمی ده‌كرد و ده‌زگای په‌رله‌مان و پهرلهمهنتارهكانی به‌لاوه مه‌به‌ست بوو كه به زۆرینه‌ی ره‌های ده‌نگ به‌یعه‌ت بكرێت و وه‌كو قائیدی زه‌روره‌ت هه‌ڵبژێردرێته‌وه.
ئه‌م دیكتاتۆره هه‌زه‌لییه زیاتر له ٢٠ ساڵ حوكمی ڕه‌های گه‌لێكی پێنج ملیۆنی كرد كه ده‌وڵه‌ته‌كه‌ی به یه‌كێك له ده‌وڵه‌مه‌ندترین وڵاتانی دونیا له گازی سروشتیی و نه‌وت داده‌نرێت. نیازۆف قه‌شمه‌ریی به كه‌رامه‌تی ئینسان و مافی مرۆڤ و ده‌ستوور و یاسا ده‌هات، هه‌ربۆیه كتێبێكی نووسیی بۆئه‌وه‌ی جێگای ده‌ستوور بگرێته‌وه. „روحنامه“ ناوی ئه‌و كتێبه ههزهلهییهیه كه یه‌كێك له كۆمیدییترین دیكتاتۆره‌كانی دونیا نووسیویه‌تی. ئه‌م كتێبه بوو به بیبڵی ئایدیۆلۆژیی ده‌وڵه‌ت و هاوشێوه‌ی ئایهتولكورسییهكی سیاسیی بوو، چونكه هه‌ر كه‌سێك له ماڵه‌كه‌ی یان له‌شوێنی كاره‌كه‌ی له‌گه‌ڵ خۆی ههڵیبگرتبایه، ژیانی له هه‌موو به‌ڵایه‌ك پارێزراو ده‌بوو، هه‌ر خوێندهوارێكیش ده‌رخی بوایه، پله‌ی ئیداریی و تایتڵی ئه‌كادیمیی وه‌رده‌گرت. „روحنامه“ بوو به پسوڵه‌ی وه‌رگرتنی پۆست و شوێنی كار و پله‌ی زانستییی و ته‌نانه‌ت مۆڵه‌تی شۆڤێریش به‌بێ ده‌رخكردنی ئه‌م كتێبه مومكن نه‌بوو. به پاره‌ی نه‌وت و گاز نزیكه‌ی 3000 په‌یكه‌ر و مۆنۆمێنتی له ئاڵتوون و برۆنز و به‌رد بۆ دروستكرا. كه‌م باڵه‌خانه هه‌یه له عیشق ئابادی پایته‌ختی توركمانستان، وێنه‌ی سه‌رۆكی به‌سه‌ره‌وه نه‌بێت. یه‌كێك له مۆنۆمێنته ئاڵتونییه به‌ناوبانگه‌كانی عیشق ئاباد كه به‌رزاییه‌كه‌ی 80 مه‌تر ده‌بێت، په‌یكه‌ره‌كه‌ی سه‌رۆكه كه له‌گه‌ڵ ئاراسته‌ی خۆردا ده‌جوڵێته‌وه و له‌گه‌ڵ خۆرئاوابوونیشدا پشووده‌دات. سێ یه‌كی سامانه شه‌خسییه‌كه‌ی كه له به‌تاڵانبردنی گاز و نه‌وتدا ده‌ستیده‌كه‌وت، به‌رامبه‌ر به فائیده‌ی سێ له‌سه‌د له دوێچه بانكی ئه‌ڵمانیادا قایمی كردبوو. كۆمپانیای ئۆتۆمبیلی دایمله‌ر- كرایسله‌ر كه به‌رهه‌مهێنه‌ری ئۆتۆمبیلی مارسیدیسه، به‌رامبه‌ر به سه‌فه‌قه‌یه‌كی گه‌وره‌ی ئابووریی كتێبه‌كه‌ی وه‌رده‌گێڕێته سه‌ر زمانی ئه‌ڵمانی.
یه‌كێك له كۆمیدیترین و دراماتیكیترین كاری ئه‌م دیكتاتۆره گۆڕینی ناوی هه‌موو مانگه‌كانی ساڵ بوو كه یه‌كێكیان ناوی خودی „توركمانباشی“ خۆیه‌تی و مانگێكی تریشی به‌ناوی „قوربانسوڵتان“ی دایكییه‌وه ناوناوه. گه‌نجان بۆیان نه‌بوو ددانی ئاڵتوونیان هه‌بێت و پیاوانیش ریش و قژی درێژ. پاشئه‌وه‌ی نه‌شته‌رگه‌رییه‌كی دڵیان بۆ كرد و دكتۆره‌كان جگه‌ره‌یان لێ قه‌ده‌غه‌كرد، جگه‌ره‌كێشانی له هه‌موو وڵاته‌كه‌ی قه‌ده‌غه‌كرد و كه‌س بۆی نه‌بوو له روبه‌ری گشتیی‌دا جگه‌ره بكێشێت. وه‌ك نموونه‌یه‌ك ده‌مه‌وێت به یه‌كێك له دێره به‌ناوبانگه‌كانی كتێبه‌كه‌ی كۆتایی به حیكایه‌تی ئه‌م سوڵتانه بهێنم كه ده‌ڵێت: „گه‌ر من خیانه‌ت له وڵاته‌كه‌م توركمانستان بكه‌م، گه‌ر من خیانه‌ت له توركمانباشیی بكه‌م، با ژیانم وێرانبكرێت.“
سه‌رۆك و خێزانه سیاسییه‌كانی كوردستان و له‌سه‌روی هه‌موویانه‌وه پارتی دیموكراتی كوردستان یه‌كێكه له‌و هێزه سوڵتانییانه‌ی كه خه‌ون و ستراتیژیان هاوشێوه‌ی خه‌ونه‌كانی نیازۆفه. ئه‌وه‌ی ئه‌وان ده‌یانه‌وێت مانه‌وه‌ی خۆیانه وه‌ك سوڵتان و سه‌رداری ئه‌به‌دیی هه‌رێمی كوردستان. به‌حوكمی جوگرافیا و هه‌نده‌سه‌ی ده‌سه‌ڵاتیش له هه‌رێمدا ئه‌م هێزه سوڵتانییه ناچاره سازش له‌سه‌ر هه‌ندێ پرۆسه‌ی شكڵیی بكات، به‌بێئه‌وه‌ی یه‌ك ملیمه‌تر له خه‌ونه سوڵتانییه‌كانی خۆی دووربكه‌وێته‌وه. دوا سازشی پارتی بریتی بوو له هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكی هه‌رێم له په‌رله‌مانه‌وه. گه‌رچی له‌ڕووكه‌شدا هێزه ئۆپۆزیسیۆنه رادیكاڵه‌كانی جاران به ریتۆریكێكی دێماگۆگیانه وایده‌رده‌خه‌ن كه هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكی هه‌رێم له په‌رله‌مانه‌وه ده‌ستكه‌وتێكی گه‌وره‌یه، به‌ڵام له‌جه‌وهه‌ردا هه‌نگاوێكی گه‌وره‌یه بۆ خێراكردنی پرۆسه‌ی بهسوڵتانیكردنی حوكمڕانیی و بهخێزانییكردنی ته‌واوی سیاسه‌ت له هه‌رێمدا. پارتی تەنھا گوڵبژێری ئەو حیزبانەی نه‌كرد کە ده‌یه‌وێت لە حکومەت و دامه‌زراندنی سیستهمەکەیدا بەشداربن، بەڵکو ڕۆڵبژێری سیاسیی و ئهخلاقییشی بۆ كردن. پارتی توانی بۆ یهكمینجار به‌ته‌نها ئیملای سیاسەتی داھاتووی ھەرێم بكات. پارتی بۆ دروستكردنی حكومه‌ته‌كه‌ی و سیسته‌مه سیاسییه‌كه‌ی ئەو ھێزه سوڵتانییانه‌ی هه‌ڵبژارد كه هه‌م هاوشێوه‌ی مۆدێله‌كه‌ی خۆین و هه‌م متمانه‌ی پێیانه و ھەم ئەو ڕۆڵانەشیان بۆ دەستنیشاندەکات کە دەبێت له داهاتوودا بۆی بگێڕن. بۆئه‌م مه‌به‌سته‌ش هه‌ر یاسایه و به فیلته‌ری لیژنه یاساییه‌كه‌یدا تێپه‌ڕده‌بێت و ده‌برێته په‌رله‌مانه كۆنترۆڵكراوهكهی و زۆرینه‌ی ڕه‌ها به‌ده‌ستده‌هێنێت. بۆئه‌م هه‌نگاوه‌ش پارتی وه‌كو هێزێكی سوڵتانیی تومكه، پێشوه‌خت هه‌موو زه‌مینه‌سازییه‌كی یاسایی كردبوو كه له‌چه‌ند ماده و بڕگه‌یه‌كی ناو یاسای سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمدا جێگه‌ی كردنه‌وه و به ڕه‌زامه‌ندی و ملكه‌چیی گۆڕان و یه‌كێتی تێپه‌ڕێنرا. سه‌ره‌تا، یاسای سه‌رۆكایه‌تی ماوه‌ی سێ رۆژی هه‌زه‌لیی دانا‌و، بۆئه‌وه‌ی كه‌سانی تر خۆیان بۆ سه‌رۆكی هه‌رێم كاندید بكه‌ن. مرۆڤ كاتێك نموونه‌ی نیازۆف ده‌بینێت، سه‌ری له‌م هه‌نگاوه‌ش ناسوڕمێت، چونكه له هیچ شوێنێكی دونیادا نه‌بووه كه خۆكاندیدكردن بۆ سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمێك ماوه‌ی سێ رۆژی هه‌تیوی بۆ دانرابێت. هیچ قوتابیه‌ك ناتوانێت خۆی بۆ تاقیكردنه‌وه‌ی شه‌شی سه‌ره‌تاییش له‌ماوه‌ی سێ رۆژدا ئاماده‌بكات، چجای بۆ كاندیدكردنی سه‌رۆكی هه‌رێم. هه‌رچی پرسی بڕوانامه‌ی سهرۆكیی هه‌رێمیشه كه به زرنگی كه‌سانێكی ئۆپۆزیسیۆن خرایه ده‌نگدانه‌وه و بوو به شه‌رمه‌زارییه‌كی گه‌وره بۆ فراكسیۆنی گۆڕان، له سیسته‌مه سوڵتانییه‌كه‌ی پارتیدا جێگه‌ی پرسیار نییه، چونكه ئه‌م خێزانه سوڵتانییه له‌جه‌وهه‌ردا خۆی به هه‌ڵبژێردراوی خودا و نه‌ته‌وه ده‌زانێت بۆ سه‌رۆكایه‌تییكردنی ئه‌م میلله‌ته.
ئه‌وه‌ی جێگای سه‌رنجه هه‌ر له‌سه‌ره‌تای ئه‌م سهفهقهیهی نێوان پارتی و گۆڕان و یه‌كێتیدا، نه‌بوونی هیچ متمانه‌یه‌كی پارتی بوو به په‌رله‌مانتاره‌كانی ئه‌م دوو هێزه. پارتی له‌دوای ئه‌زموونی خولی پێشوه‌وه مارانگاز بووه، نایه‌وێت جارێكی تر سیاسه‌ت له دۆخی باری نائاساییدا بكات و ناچاربێت په‌رله‌مان دابخاته‌وه. ئه‌و په‌رله‌مانێكی كۆنترۆڵكراو و دهرگاواڵای ته‌نها بۆ ئه‌و په‌رله‌مانتارانه ده‌وێت كه گوێڕایه‌ڵ و ملكه‌چی سهفهقهكهی ده‌بن به‌پشتیوانی كرداریی و مه‌عنه‌ویی هه‌ردوو هێزه‌كه‌ی تر. بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش ده‌ره‌چه‌یه‌كی یاسایی دۆزییه‌وه كه نه‌ك هه‌ر ڕێگر ده‌بێت له پهیمانشكێنیی، به‌ڵكو ده‌بێت په‌رله‌مانتاره‌كان به ئاشكرا ده‌ست بۆ یاساكه به‌رزبكه‌نه‌وه، بۆئه‌وه‌ی خائین و دڵسۆزه‌كانی پرۆژه سوڵتانییه‌كه‌ی له په‌رله‌ماندا بۆ ده‌ركه‌وێت. له‌م پێناوه‌شدا یاساناسانی پارتی برگه‌یه‌كی یاسایی ناوێزهیان داڕشت كه تایبه‌ته به ده‌نگدان به‌شێوه‌یه‌كى ئاشكرا. ئه‌م بڕگه‌یه نه‌ك دژ به هه‌موو پرنسیپه‌كانی دیموكراسیی و پهرلهمهنتارییه، به‌ڵكو وه‌كو نموونه‌یه‌كی زۆر ئاوارته و وه‌ك یه‌كێك له داهێنانه‌كانی مۆدێلی سوڵتانیزمی هه‌رێم ده‌چێته ناو مێژووی په‌رله‌مانتاریزمی سوڵتانییه‌وه. ئه‌م ستراتیژه نوێیه‌ی پارتی فیلته‌ری دووهه‌م بوو بۆ پرسی بێمتمانه‌یی و چاودێریكردنی شه‌فافانه‌ی هه‌موو جۆره سه‌ركێشییه‌كی پهرلهمهنتارهكانی گۆڕان و یه‌كێتی و ڕێگرتن له دروستنه‌بوونی موفاجه‌ئه‌ی سیاسیی تاڵی تر، وه‌كو له ده‌وره‌ی پێشوودا بینیمان.
به‌یعه‌تدانی ئاشكرا بۆ سه‌رۆك له په‌رله‌مان ته‌نها مانای كردنی په‌رله‌مه‌نتاره‌كان نییه به قوتابی گوێڕایه‌ڵی حیزبه سوڵتانییهكان و له‌ناوبردنی هه‌موو نهێنییه‌كی ده‌نگدانیش نییه كه له سیسته‌می په‌رله‌مانتاریزمدا په‌یڕه‌وی لێ ده‌كرێت، به‌ڵكو تاكه زه‌مانه‌ت بوو بۆ متمانه‌به‌خشین به گۆڕان و یه‌كێتی و به‌شدارییكردنیان له پۆست و داهات و ده‌سه‌ڵات.
پرۆسه‌ی به پهرلهمانییكردنی سوڵتانیزم ئه‌و گه‌مژه‌ییه سیاسییه‌یه كه هه‌موو هێزه سیاسییه‌كان به بڕ و قووڵایی جیاواز به‌رپرسیارێتیی مێژووییان به‌رده‌كه‌وێت. له‌پاش ڕازییبوونی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان و یه‌كێتی بۆ هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكی هه‌رێم به هه‌موو ده‌سه‌ڵاته‌كانییه‌وه له‌ناو په‌رله‌مان و له‌پاش قبوڵكردنی ئه‌و دوو بڕگه شه‌رمئاوه‌ره‌ی باسمانكردن، مۆدێلێكی تری سوڵتانیی و كۆمیدیایه‌كی پهرلهمهنتاریی نوێیان له‌ناوچه‌كه و جیهاندا سهقامگیركرد. له‌م سیسته‌مه سوڵتانییه نوێیه‌ی هه‌رێمدا خێزانی سه‌رداری یه‌كه‌م پێویستی به چه‌ند خێزانێكی تری سیاسیی هه‌یه كه نه‌ك ته‌نها شه‌رعییه‌ت به پرۆسه‌ی ته‌وریسی سیاسیی بدات و ده‌سه‌ڵاته‌كانی سه‌رۆك وه‌كو خۆی بهێڵێته‌وه، به‌ڵكو ده‌بێت زه‌مانه‌تی ئه‌وه‌ش بكه‌ن كه ئاڵوگۆڕكردنی ده‌سه‌ڵات به‌ته‌نها له‌ناو خێزانی یه‌كه‌می سیاسیی‌دا ڕووده‌دات و ناچێته ده‌ره‌وه‌ی بازنه خێزانییه‌كه‌ی ئه‌وه‌وه.
له‌داهاتووشدا پارتی هه‌موو ده‌رگا یاسایی و سیاسییه‌كانی له‌به‌رده‌مدا واڵایه بۆ نووسینی „روحنامه“كه‌ی كه ناوی ده‌ستووری هه‌رێمی كوردستانی لێ ده‌نرێت. پارتی بۆ دامه‌زراندن و بنجبهستكردنی ته‌واوه‌تی سیسته‌مه سوڵتانییه‌كه‌ی پێویستی به خوێنده‌وار نییه، به‌ڵكو پێویستی به گه‌مژه‌ی سیاسیی هه‌یه.