Draw Media

گۆڕان و میراتی سەرۆكایەتی هەرێم

گۆڕان و میراتی سەرۆكایەتی هەرێم

2019-05-09 18:19:56


سەرھەنگ فەرەج

 

‎یاسای سەرۆكایەتی هەرێم یەكێكە لە یاسا گرنگەكانی هەرێمی كوردستان .لەبەر ئەوەی ئێمە دەستورمان نییە،ئەم یاسایە یەكێكە لەو یاسایانەی كە مۆركی دەستوری هەیە. ‎لە ساڵی ٢٠٠٩ وە، بە دروستی لە دوای دروستبونی بزوتنەوەی گۆڕانەوە ئەم یاسایە تاوەكو ئێستاش زۆررترین بابەتی 
‎كێشمەكێشی سیاسی و یاسایی و گفتوگۆ و ئاخاوتنی میدیایی بووە.  لە ساڵی ٢٠١٣ و لە ٣٠ حوزەیراندا، داواكاری سەرەكی ئێمە لە پەڕلەماندا سنورداركردنی دەسەڵاتەكانی سەرۆكی هەرێم بوو.
‎وە بەرپرسیاركردنی سەرۆك بوو لە بەرامبەر پەڕلەمانی كوردستاندا. ‎ئەگەر ئەو دوو داواكارییەی سەرەوە جێبەجێ ببوایە، گۆڕان لەگەڵ مانەوەی بارزانی گرفتێكی ئەوتۆی نەبوو. ‎ئەوە بوو ٣٠ حوزەیران. ویلایەتی بارزانی لە ناو پەڕلەمانەوە بە ھەموو دەسەڵاتەکانیەوە درێژ کرایەوەو ئەوبابەتە بۆ ماوەیەكی كاتی كۆتایی هات. لایەنەكان، بەتایبەت لە دوای هەڵبژاردنەكانی ساڵی ٢٠١٤ یەكلا كردنەوەی ئەم بابەتەیان بە كۆسپێكی گەورەی بەردەم پرۆسەی سیاسی و سەقامگیری دۆخی هەرێمی كوردستان دەزانی، هەر بۆیە ئامادەكاری دەكرا بۆ گەڕێكی دیكەی ململانێ لەسەر هەمان بابەت.ئەوە بوو پرۆژەی ٥ لایەنەكە هاتە كایەوە(گۆڕان،یەكێتی،یەكگرتوو،كۆمەڵ،بزوتنەوەی ئیسلامی ).
‎لەو پڕۆژەیەشدا داواكاریی سەرەكی و گرنگ،هەمان. داواكارییەكانی پێشوو بوو.
‎-كەمكردنەوەی دەسەڵاتەكانی سەرۆكی هەرێم . ‎بەرپرسیاركردنی سەرۆكی هەرێم لەبەرامبەر -پەڕلەماندا. ‎واتە پەڕلەمان دەسەڵاتی لێپێچینەوەی لە سەرۆكی هەرێم هەبێت . ‎كە ئەوەش پایەیەكی گرنگی حوكمی دیموكراسی پەڕلەمانییە.
‎بە واتایەكی دیكە،‎كە بەرپرسیارێتی هەبوو دەبێت لێپێچینەوەو چاودێری كردن هەبێت .‎هەموان دەزانین ململانێی نێوان لایەنەكان لەسەر ئەم داواكارییانە،گەشتە ئاستی داخستنی پەڕلەمانی كوردستان و تێكچونی دۆخی سیاسی هەرێمی كوردستان .
‎پاش ئەم ڕوداوانە
‎دۆخی سیاسی هەرێم بە چەقبەستویی مایەوە،تاوەكو پاش هەڵبژاردنەكانی ساڵی ٢٠١٨ ی پەڕلەمانی عێراق و بە دروستی لە مانگی ٥ی هەمان ساڵدا،ڕێكەوتنێكی نهێنی لەسەر كۆمەڵێك پرس لە نێوان گۆڕان و پارتیدا ھاتە کایەوە.
‎یەكێك لە بابەتەكان. چارەسەركردنی پرسی سەرۆكایەتی هەرێم بوو،‎بە تایبەتی كە بارزانی لە پۆستەكەیدا نەمابوو وە ببوە گرفتێك بۆ پارتی
‎،وە پارتی بۆ ڕاست كردنەوە و ڕاگرتنی هاوسەنگی ناوخۆیی پێویستی بە چارەسەركردنی ئەم بابەتە هەبوو.‎ئەمە لە كاتێكدا بوو كە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم لە ناو خەڵكەوە لەگەڵ هەڵبژاردنەكانی ساڵی ٢٠١٩ ی پەڕلەمانی كوردستاندا زۆر قورس و تاڕادەیەك ئەستەم بوو .
‎باشترین بژاردە بۆ پارتی هەڵپەساردنی دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم بوو،لەبەر چەند هۆكاریك كە گرنگترینیان :دەسخستنی كات بوو بۆ ڕێكکەوتن و ڕاگرتنی هاوسەنگی ناوخۆیی پارتی.‎ئەوەبوو لە كۆتاییەكانی تەمەنی خولی چوارەمی پەڕلەمانی كوردستاندا،بە پڕۆژەیەكی گۆڕان دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم هەڵپەسێراو دەسەڵاتەكانی وەك میراتی دابەشكرا.
‎بەمەش گۆڕان یەكەم خاڵی ڕێكکەوتنەکەی لەگەڵ پارتی جێبەجێ كردو بەدوایدا ڕێكکەوتنی پێكهێنانی حكومەتی هەرێم واژۆ کرا،كە گۆڕان وەك بەرتیلی سیاسی لە بەرامبەر كارەكانی لەو كاتەو لە دواتردا بۆ پارتی کرد،كۆمەڵێك پۆست و ئیمتیازاتی لە لایەن پارتییەوە پێدرا.
‎هەموو پاساوێكی گۆڕان چ بۆ ڕێكکەوتنیان لەگەڵ پارتی و چ بۆ پەسەندكردنی یاسای كاراكردنەوەی دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان ،گوایە چەسپاندنی سیستمی پەڕلەمانییە!
‎من بەدەر لە باسكردنی دەسەڵاتەكانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان  ‎كە كۆمەڵێك دەسەڵاتی زۆر و فراوانەو لە هیچ سیستمێكی نیمچە پەڕلەمانیشدا وێنەی نییە.‎با پرسیارێك لەو برادەرانە بكەم؟ ‎ئایا بە پێی یاسای سەرۆكایەتی هەرێم ، ‎پەڕلەمانی كوردستان دەسەڵاتی چاودێری كردن یاخود بانگهێشتكردن یاخود لێپێچینەوەی لە سەرۆكی هەرێم هەیە؟
‎با پەڕلەمانتارێك لوتف بكات و وەڵامێكی هەبێت ؟
ئایا پەڕلەمانی كوردستان دەسەڵاتی لابردنی سەرۆكی هەرێمی هەیە؟
‎بێگومان. نەخێر .
‎سەرنج بدەن لە یاسای سەرۆكایەتی هەرێمدا لە مادەی١٦ دا هاتووە:ماوەی سەرۆكایەتی سەرۆكی هەرێم لەم حاڵەتانەی خوارەوەدا بە بڕیاێك لە لایەن پەڕلەمانی كوردستانەوە كۆتایی پێدەهێنرێت:
‎١-ئەگەر سەرۆكی هەرێم خۆی داوای ئەوە بكات .
‎٢-نەتوانێت لەبەر هەر هۆیەك بێت ئەرك و فەرمانەكانی هەڵسوڕێنێت.
‎٣-بەلای كەمەوە ٣/٤ ی ئەندامانی پەڕلەمانی كوردستان لە دەنگدانێكی (
‎نهێنیدا) لە كاری بخەن.
‎جگە لەم بڕگانەی سەرەوەی مادەی ١٦‎كە لە بنەمادا لە ناو یاساكەدا هەر هەبوەو بۆ سەرۆكێك بووە كە لە ناو خەڵكەوە هەڵبژێرێ،‎ئایا بەڕێزتان لە فراكسێۆنی گۆڕان هیچ بڕگەو مادەیەكی دیكەتان زیاد كردووە بۆ یاساكە كە تایبەت بێت بەبانگهێشت كردن و لێپێچینەوە و چاودێری كردنی سەرۆكی هەرێمەوە؟
‎ئێوە تەنانەت نەتان توانی پارتی ڕازی بكەن ناوی پڕۆژەكە بكەن بە هەمواری یاسای سەرۆكایەتی هەرێم !‎ئێوە نەتان توانی تەنانەت لە دوا بڕگەی یاسا پەسەند كراوەكەی دوێنێی پەڕلەمانی كوردستاندا و لە هۆیەكانی دەرچواندنی یاساكەدا(الاسباب الموجبە)
‎بە وشەیەكیش ئاماژە بە ناوی سیستمی پەڕلەمانی بدەن.‎ئیتر ئەم چەواشەكارییە چییه دەرهەق بە خەڵكی كوردستان دەیكەن؟؟

‎بۆیە ئەوەی كە كراوە لە كاركردنەوەی دامەزراوەكەدا وە ئەوەی دەكرێت لە شێوازی هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێمی كوردستاندا لە ناو پەڕلەماندا‎دورو نزیك هیچ پەیوەندییەكی بە سیستمی‎ پەڕلەمانییەوە نیە. ‎بۆیە باشترە بە ڕوونی ڕایبگەیەنن ‎كە خواست ویستی ئێوە بەشداری بێ مەرج و بێ پێچ و پەنایە بۆ دەسەڵات. ‎بۆیە چیتر خەڵكی ئێوە بەخاوەنی دروشمەكانی پێشو نازانێت. ‎كە گۆڕانە ڕاستەقینەكان هەڵگری بون و هەزاران. كەس لەو پێناوەدا باجی زۆر قورسیان داوە.‎هەر ئەم خزان و لادانەی ئێوە بوو دەنگەگانی گۆڕانی دابەشی دوو كرد.
‎هەر بۆیە ‎سوربونی ئێوەو پێداگریتان لەسەر ئەم شێوازی كاركردن و مامەڵەیە، ‎دەنگەكانی داهاتوتان دابەشی دوویەكی دیكە دەكات.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand