ڕێگه بۆ كابینهی نۆیهم ته خت كرا
2019-05-07 10:22:25
سەلام عەبدوڵڵا
ئەو دوو لایەنە سەرەكییەی كە بەبێ بوونی ئەوان لە حكومەتدا، لاسەنگییەك لە دۆخی سیاسیدا لە هەرێم دەهاتە گۆڕێ كە كەس سوودمەند نەدەبوو لێی.
خۆشبەختانە ئەو دوو لایەنەش پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتمانی كوردستان كە پێكەوە خاوەنی(66 ) كورسی پەرلەمانین ڕێكەوتننامەیەكیان لەڕۆژی 2019/5/5 واژوو كرد بۆ پێكهێنانی كابینەی نۆیەمی حكوومەت بەمەش كۆتایی بەو دڵەڕاوكێیە هات كە ماوەیەكی زۆر دانیشتوانی هەرێمی گرتۆتەوە.
بزووتنەوەی گۆڕانیش كە خاوەن(21))كورسیە پێشتر لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان ڕێكەوتننامەی واژوو كردبوو، بۆیە پێكەوە ئەو (3) لایەنە دەبنە خاوەن(87)كورسی لە پەرلەمانی هەرێمی كوردستان دا كە دەتوانن بەئاسانی هەموو بڕیار و یاسایەك لە بەرژەوەندی خەڵك، بێ گرفت، تێپەڕێنن، بەتایبەتی بۆ ئەو یاسایانەی كە ماوەی (72 )ساڵە نەتوانراوە چوارچێوەیەكی بۆ دیاری بكرێ و بخرێتە بواری جێبەجێكردنەوە ئەویش یاسای بەنیشتمانی كردنی دامەزراوەكانی و سڕینەوەی سیفەتی حزبی لێیان وەكو یەكەی حەفتا و هەشتا كە دوو دامەزراوەی زۆر گرنگن كە بێ یەكبوونەوەی نەدەتوانرێ حكوومەتێكی بەهێز پێكبهێنرێت و نە هێزێكی تۆكمەی سەربازی كە بڕیار و فەرمان تەنیا لە وەزارەتی پێشمەرگەوە وەربگرێ.
دامەزراوەیەكی دیكەی گرنگ یەكگرتنەوەی دەستگاكانی ئاسایشی هەردوو لایە كە ئێستا وەكو دوو دامەزراوەی سەربەخۆ و دوور لەیەك كار دەكەن بەمەش حكوومەتێكی لاواز و بێ توانا نمایش دەكات، چونكە ئەمانە هەریەكەیان لە ناوچەی خۆیان باڵادەستن و كاریان دەڕوات كە ئەمەش نیشانەی یەكنەگرتنەوە و دوو حكوومەت و دوو دەسەڵات نیشان دەدات كە ئەمڕۆ بەزەقی بە حكوومەتی هەرێمەوە دیارە و مایەی شانازی نییە.
كابینەی نوێ دوای ئەو دوو ئەركە سەرەكییەی پێویستە هەوڵ و كاری ڕۆژانەو گورج بۆ خۆشگوزەرانی و باشبوونی باری ئابووری خەڵك و بەرەو پێشەوەچوونی دۆخی هەرێم بكات و ئەركی چارەسەری ناوچە كێشە لەسەرەكان و ماددەی (140 ) لەگەڵ دەسەڵاتدارانی بەغدا بخاتە ئەستۆ و ئەولەویەتی كارەكانی لە داهاتوویەكی نزیكدا.
لێرەدا جێی خۆیەتی سوپاسی ئەم گەلە خۆڕاگر و قوربانیدەرە بكەین كە لەم ماوە زۆرەدا سەبر و ئارامی نیشاندا و مۆڵەتی بە حزبەكاندا كە لە دانوستاندن بەردەوام بن و بتوانن حكوومەتێكی بەهێز و سەركەوتوو و كابینەیەك بۆ خزمەتی خەڵك فەراهەم بكات و پەرلەمانیش هێز و كاریگەری خۆی نیشان بدات.