یەكێتی بەتەمای چییە؟
2019-05-06 13:27:17
سەرتیپ جەوهەر
وەك پێشبینی دەكرا، پێدەچێت پێكهێنانی حكومەت بگاتە ناوەڕاست یان كۆتایی مانگی داهاتوو. رێوشوێنە پێویستەكانی پێش راسپاردنی كاندیدی سەرۆك وەزیران دوو هەفتەیەكی دەوێت، دوای راسپاردنیش، ئەگەری بەهێز ئەوەیە نزیكەی یەك مانگ یان كەمتر پێویست بێت. سەرەنجام ئەم كابینەیە بۆ پێش یادی دامەزراندنی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان كە یەكی حوزەیرانە درێژە بكێشێت.
بۆیە باسی یادی دامەزراندنی یەكێتی نیشتیمانی كوردستانم كرد، بۆئەوەی تیشك بخەمە سەر دوو تەوەری گرنگ، یەكەمیان بەشێك لەهۆكاری دواكەوتنی حكومەت، وەك دوپاتدەكرایەوە كە پێداگری یەكێتی نیشتیمانی كوردستان بوو لەسەر باشتركردنی حوكمڕانیی و راستكردنەوەی ئەو لاسەنگییەی بەهۆی تاكڕەویی یان هەژمونی لایەنێكی دیاریكراو دروستبووە، ئەویدیكەشیان بۆ دوای پێكهێنانی حكومەت پلانی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان بۆ باشتركردن یان نوێبونەوەی یەكێتی چی پێیە؟
لەباسی یەكەمدا ئەمجارە كۆبونەوەو مشتومڕی زۆر لەنێوان یەكێتی و پارتی و تەنانەت لەناوخۆی یەكێتیش دروستبو، سەبارەت بەچۆنییەتی مامەڵەكردن لەگەڵ قۆناغی نوێی حوكمڕانیی و جێگیركردنی ژمارەیەك پرەنسیپی نوێ بۆ كاركردن لەحكومەت و لەگەڵ پارتی، ئەمەش بۆ راستكردنەوەی بەشێكی لاسەنگییەكەو هێنانەدی بەشێك لەداواو خواستی كادران و دەنگدەرانی یەكێتی. ماوەتەوە ئێستا یەكێتی نیشتیمانی كوردستان بۆ كاری نوێ خەڵكی نوێ بنێرێتە كابینەی نوێ. لێرەدا سەرنجی گرنگ ئەوەیە، یەكێتی بەنیازە كێ بنێرێتە ئەم كابینەیەو دەیەوێ چی بۆ بكات؟
بەدڵنیاییەوە دانانی كەسانی (لێوەشاوە، شارەزا، بوێر)، بۆ بەڕێوبردنی ئەو پۆست و جومگانەی حكومڕانی كە بەر یەكێتی نیشتیمانی كوردستان دەكەون گرنگییەكی گەورەی هەیە، بەتایبەت ئەمجارە «گوایە!» جیاواز دەبێت لەرابردوو، بەو مانایەی نابێ هەڵەو گرفتەكانی رابردوو بەردەوام بێت. كەوایە پێویستە بنەماو میكانزمێك دابنرێت تا بتوانرێت باشترین كادری حزب بۆ جومگەو بەركەوتەكانی یەكێتی دەستنیشان بكرێت.
ئەوەی دوومیان، دوای پێكهێنانی حكومەت یەكێتی چی دەكات؟ بەنیازە كۆنگرە بكات؟
ئەمە پرسیارێكی گرنگە، رەنگە زۆربەی كادرو بەشێك لە سەركردایەتی یەكێتی بیانەوێ وڵامی ئەو پرسیارەوە بزانن، چونكە ماوەیەكی زۆرە بەسەر كۆنگرەدا تێپەڕیوەو واقعێكی نوێ هاتۆتە پێش و یەكێتی لەسەر هەردوو ئاستی ئاسۆیی و ستونی پێویستی بەگۆڕانی ریشەیی هەیە، ئەمە جگە لەوەی لەهەردوو هەڵبژاردنی عیراق و كوردستان بەشێك لەكاربەدەستانی یەكێتی پەیمانیان بە دەنگدەرانی یەكێتی داوە. كەوایە هەموو چاوەڕێن تا بزانن یەكێتی دوای پێكهێنانی حكومەت بەتەمای چییە؟