پارتی فیشەك لە قاچی خۆی نادات
2019-05-06 07:33:07
رێبوار کەریم وەلی
(1)
لە 3ی كانوونی یەكەمی 2018 وە كە پارتی بەربژێرەكانی خۆی بۆ پۆستەكانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و سەرۆكایەتی حكومەتی هەرێم راگەیاند، ئیتر پێی نایە قۆناغێكی نوێوە. بۆ ئەوانەی لە نزیكەوە ئاگاداری كێشمەكێشەكانی ناو پارتین، شتێكی ئاسایی بوو، ئەمجارەش نەبووایە دەبوو چوار ساڵی دیكە ئەو دەستاودەستكردنە هەر بكرێ، بەڵام پێدەچوو بۆ بەشێكی زۆری ناو پارتی و تەنانەت دەرەوەی پارتیش شتێكی لەناكاو بووبێت و رای گشتی بۆ ئامادە نەكرابێت.
رەنگبێ لەناو پارتی نیقاشێك هەبووبێت لەسەر چۆنیەتی دابەشكردنی پۆست و دەسەڵاتەكانی سەرۆكی هەرێم و سەرۆكی حكومەت، بەڵام نەبووەتە خیلاف و ناكۆكیی جددی لێ نەكەوتووەتەوە، چونكە لەناو پارتیدا هەمیشە مەرجەعیەتێكی بەهێز و خاوەن بڕیار هەیە كە قەت رێگە نادات نیقاش و ململانێكان بگاتە ئاستێك دووبەرەكی لێبكەوێتەوە، چونكە فاكتەری سەرۆك بارزانی هەمیشە یەكلاكەرەوەیە و پارێزەری سەقامگیریی ناوخۆی پارتی و ناوماڵی كوردیشە.
ئەو گۆڕانكارییەی ئێستا پارتی كردوویەتی و بووەتە بەشێك لە هۆكاری دواكەوتنی پێكهێنانی حكومەت، هەنگاوێكی ستراتیژیی گەورەی سەرۆك بارزانییە بۆ داهاتوو. هەندێك كەس هاوكێشەكە لە گۆشەنیگای بەرژەوەندیی خۆیانەوە دەبینن كە سەرۆك وەزیرانی پێشوو جێگەی خۆی داوە بە كەسێكی دیكە و هەوڵ دەدەن وەكو ئینقلابێك سەیری بكەن لەكاتێكدا وا نییە. ئەگەر نێچیرڤان بارزانی بۆ یەك چركەش پێداگری لەسەر مانەوەی خۆی بكردبایە، چوار ساڵی دیكەش هەر سەرۆكی حكومەت دەبوو. بەڵام ئەو دیوەشی نابینن كە دەركەوت لەناو هەموو كورد تەنها یەك كەس هەیە بتوانێ جێگەی سەرۆك بارزانی (بە هەموو دەسەڵاتەكانیەوە) لە سەرۆكایەتی كوردستان بگرێتەوە كە ئەویش نێچیرڤان بارزانییە، ئەگەر مەسروور بارزانی چووبێتە جێگەی نێچیرڤان بارزانی و ئەمانەتی حكومەتی پێ سپێردرابێت، ئەوا نێچیرڤان بارزانیش ئەمانەتی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان و هاوكات سەرۆكایەتی پارتیشی پێ سپێردراوە. ئەم متمانەیەی سەرۆك بارزانی شتێكی كەم نییە، بۆیە گرەوكردن لەسەر ئەوەی كە پارتی لەناوخۆی خۆیدا (خیلاف)ی هەیە، گرەوكردنە لەسەر ئەسپی تۆپیو. كاركردی سەرۆكی داهاتووی هەرێم و سەرۆكی حكومەتی هەرێم بەڵگە دەبن بۆ راستیی ئەوەی كە ئەو جێگۆڕكێیە هەرچەند بێ ئامادەكاریش بووبێت، رەهەندێكی ستراتیژیی هەم بۆ پارتی و هەم بۆ كوردستان هەیە.
گۆڕان، مەهەپەكەی كوردستان
(2)
یەكێتی لە روانگای مێژووی خۆی و ئەو تەقسیمە جوگرافییەی كە بە درێژایی نیو سەدە لە كوردستان درووست بووە، لە خراپترین حاڵەتیشدا، خۆی پێ لە پارتی كەمتر نییە. ئەگەرچی تا ئێستاش بە رواڵەت براگەورەیی پارتی قەبوڵ كردووە، بەڵام هەر كاتێك بۆی لوابێت، دەگگەیەكی لە پارتی داوە. بە واتایەكی دیكە یەكێتی میراتێكە كە ئەگەر هیچیشی پێ نەكرێت، دەتوانێ تێكیبدات.
لە 23ی حوزەیرانی 2015، قودرەتی تێكدانی گۆڕان ئیسپات بوو؛ ناوماڵی خۆیان تێكدا و هیچیشیان دەستنەكەوت! ئەمجارە پارتی بە مەبەست و بۆ درووستكردنی جێپێیەكی قایم لە سلێمانی، گۆڕان وەكو ئەسپی تەڕوادە بەكاردێنێ. راستە گۆڕان زۆر سوودمەندە لەو رێككەوتنەی كە ئێستا كراوە، بەڵام دیسانیش پارتی دوای ئەوەی دڵنیا بووەوە كە لە خراپترین حاڵەتیشدا ئیمكانی گەڕانەوەی گۆڕان بۆ باوەشی یەكێتی لەئارادا نییە، وەبەرهێنانێكی سیاسیی دوورمەودای لەسەر ئەو بابەتە كرد.
رێككەوتنی یەكەمی پارتی و گۆڕان بۆ پێكهێنانی كابینەی هەشتەم لە 2014 مەبەست لێی ئاوتكردنی یەكێتی بوو، دەركەوت ناكرێ. رێككەوتنی دەباشانی یەكێتی و گۆڕانیش بۆ ئەوە بوو كە یەكێتی دەیویست گۆڕان بگەڕێنێتەوە ناو یەكێتی. ئەوەش سەری نەگرت، بەڵام رێككەوتنی ئەمجارەی گۆڕان و پارتی بناغەیەكی ساغڵەمی هەیە كە ئەویش بریتییە لەوەی وەك گوشاری سیاسی بۆ سەر یەكێتی بەكاردەهێنرێت و لەلایەكی دیكەوە پارتی گەرەنتیی مانەوەی ئەو هێزە لە گۆڕەپانی سیاسی دەدات بە گۆڕان. ئەوە رێك مێژووی مەهەپە و ئاكپارتییە كە دوو لە سەرسەختترین ركابەرەكان بوونە هاوپەیمانی یەكتری و هەردووكیان هێزی مانەوە و دەسەڵاتیان لە یەكتریدا دەبیننەوە.
سەركونسوڵی ژاپۆنیش نەگرن!
(3)
بۆ یەكەمجار لە مێژووی وڵاتی ژاپۆن، زانكۆی لێكۆڵینەوەی بیانی لە تۆكیۆ لە 1ی نیسانی ئەمساڵەوە، كۆرسێكی فێركردنی زمانی كوردی بۆ 40 فێرخوازی بە رەچەڵەك ژاپۆنی كردووەتەوە. كۆرسەكە لە لایەن مامۆستایەكی كوردی كوردستانی باكوور بەڕێوەدەچێت و هەفتانە چوار سەعات دەرسی زمانی كوردی بە فێرخوازەكان دەگوترێتەوە. تا ئێرە ئاساییە.
توومەز توركیا ئەو هەواڵەی بیستووە!
خێرا لە رێگەی وەزارەتی دەرەوەی وڵاتەكەیانەوە پەیوەندییان بە وەزارەتی دەرەوەی ژاپۆنەوە كردووە و داوایان كردووە دەستبەجێ ئەو كۆرسانە بوەستێنن. وەڵامی وەزارەتی دەرەوەی ژاپۆن ئەوە بووە كە خوێندن و قسەكردن بە زمانەكان مافێكی بنچینەییە و دەستووری ژاپۆن دەیپارێزێ. نە حكومەت و نە وەزارەتەكان ناتوانن رێگری لەو مافە بكەن.
رەنگبێ كاتسومی مۆری یاسۆ، سەركونسوڵی ژاپۆن لە هەولێر یەكەم ژاپۆنی بێت كە بە زمانی كوردی قسە دەكات. لەو روانگەیەوە كە حكومەتی ئێستای توركیا قۆڵی لە دژایەتیكردن و سڕینەوەی زمان و كولتووری كوردی لە كوردستانی باكوور و رۆژئاوا هەڵكردووە، دوور نییە ئەمری گرتنێكیش بۆ كاتسومی مۆری یاسۆ دەربكات! ئەم كابرایە دووجار تۆمەتبارە، یەكەمیان بە هۆی ئەوەی بە كوردی قسە دەكات، دووەمیان بەهۆی ئەوەی كە بەوە نەوەستاوە و تەنانەت جلی كوردیشی لەبەركردووە.