ئەوەی بەرامبەر نەوەی نوێ ئەکرێت کەمە
2019-05-02 07:54:17
ئازاد كەریم
هیچ زیرەکی و بیرکردنەوەیەکی قوڵی ناوێت بۆ ئەوەی لەوە تێبگەیت ئەو هەموو سیناریۆ و پلانە یەک بەدوای یەکەی لە دژی نەوەی نوێ ئەگیرێتە بەر هۆکارەکەی چیە.
کاتی خۆی کاک نەوشیروان بەو خەباتە پاک و دورودرێژەی خۆی و بەوهەموو سەرکردە کۆن و خاوەن جەماوەرەی یەکێتی کە لەگەڵیدا هاتنە دەرەوە و گۆڕانیان دروستکرد و بەوهەموو دەنگە ناڕازیی و جیاوازەی کۆی کردەوە 25 کورسی پەرلەمانی کوردستانی هێنا، بەڵام جوڵانەوەی نەوەی نوێ کە هەمووی چەند مانگێک بوو دروست بوو بوو و هیچ سەرکردەیەکی سیاسی کۆنی لەگەڵدا نەبوو، هەشت کورسی هێنا، ئەمە بەدەر لەو تەزویرە ئاشکرایەی لەم هەڵبژاردنەدا کرا.
سەرباری ئەوەش، جیاواز لە هەموو حیزبەکانی تر کە تا ئێستاش هەمویان چاویان لەسەر کێکی حکومەت و بردنی قاشە کێکێکە بۆ خۆیان، نەوەی نوێ تاکە جوڵانەوەیە کە هەموو ڕۆژێک بەهەمان حەماسەتی بانگەشەی هەڵبژاردن ئیش ئەکات و ڕۆژ بە ڕۆژ ئاستی جەماوەریی زیاتر ئەبێت.
لە کاتێکدا پارتی هەوڵئەدات چوار ساڵی ئارام و بێسەرئێشە لە کابینەکەی مەسرور بارزانی بەڕێ بکرێت و ئەم چوار ساڵە بکاتە درەوشانەوەی ئەستێرەی مەسرور، نەوەی نوێ تاکە جوڵانەوەیە کە وەک هێزێکی ئۆپۆزسیۆنی ڕاستەقینە و بەهێز مامەڵە ئەکات، بۆیە ئاساییە کە ببینین پارتی بەئاسانی ئەمهێزەی بۆ قوت نەچێت و هەموو هەوڵێک بۆبێدەنگکردنی بدات.
یەکێتی کە هێشتا بەتەواوەتی لەمڵۆزمی گۆڕان رزگاری نەبووە، ئێستا هێزێکی وەک نەوەی نوێی لە بەرامبەردا قیتبوەتەوە و بێباکانە هەڕەشەی ئیعدامکردنی سەرکردەکانی ئەکات و ئەشبینێت رۆژ بە ڕۆژ ئاستی جەماوەریی لە هەڵکشاندایە، ئاشکرایە ئەویش بە ئاسانی ئەمەی بۆ هەزم ناکرێت.
لەولاشەوە گۆڕان، کە لە 25 کورسی پەرلەمانەوە خلۆر بونەتەوە بۆ 12 کورسی و زیاتر لە نیوەی دەنگەکانیان لە دەستداوە، چاویان لە هەموو ئەو هەڵە گەورانەی خۆیان نوقاندوە کە گەیاندنی بەم ڕۆژە و پێیانخۆشە هەموو تاوانی بچوکبونەوەکەیان بخەنە ئەستۆی نەوەی نوێ و پێیانوایە ئەگەر نەوەی نوێ نەمێنێت ئەوان ئەبنەوە بە گۆڕانەکەی جاران.
بۆیە هیچ سەیر نیە ئەبینین چۆن بە جارێک هەموو ئەم حیزبانە لە نەوەی نوێ تۆقیون و سیناریۆی زۆر لەوە سەیرتر و پلانی زۆر لەوە گەورەتریش بۆلێدانی ئەم جوڵانەوەیە داڕێژن.
ئێستا دیمەنەکە ئاساییە، لانی کەم ئەمە هەموو ئەو خەیاڵ و وەهمانەی ڕەواندەوە، کە ڕۆژێک ئەیانوت نەوەی نوێ دروستکراوی یەکێتی و ڕۆژێکی تر ئەیانوت دروستکرای پارتییە.
دیمەنەکە ئێستا ئاساییە، دیمەنەکە ئەوکاتە نائاسایی ئەبوو کە ڕۆژ بە ڕۆژ نەوەی نوێ لە بەرچاوی ئەم حیزبانەدا گەشەی بکردایە و ئەوانیش لە دورەوە سەیریان بکردایە و هیچ کاردانەوەیەکیان نەبوایە.
بۆیە ئەوەی بەرامبەرئەم جوڵانەوەیە ئەکرێت بە بەراورد بەو کاریگەریە گەورەیەی لەم ماوە کەمەی تەمەنیدا دروستی کردووە، هێشتا کەمە و چاوەڕوانی سیناریۆ و پلانی گەورەتر ئەکەین.