ئیتر قسه ئه‌كه‌م .. !
2019-05-01 14:54:46
عه‌بدولڕه‌زاق شه‌ریف
"سه‌یره، هه‌مو گله‌یی له بێ پاره‌یی بزوتنه‌وه‌كه ئه‌كه‌ن، كه یه‌كێكیش پاره‌مان بۆ په‌یدا ئه‌كات ئه‌و هه‌مو هه‌رایه ئه‌نێنه‌وه"، له‌دوا كۆبونه‌وه‌ی جڤاتی نیشتمانیدا، رێكخه‌ری گشتی به‌م قسه‌یه ویستی كۆتایی به‌و مشتومڕه بهێنێ كه له‌سه‌ر (دانانی وه‌زیری كۆچ‌و كۆچبه‌رانی پێش‌و له لیژنه‌ی هه‌ڵسه‌نگاندنی كاندیده‌كان) گه‌رم ببو. هه‌ندێ ناڕازی‌و هه‌ندێ به‌توندی به‌رگرییان ده‌كرد، تا گوێبیستی ئه‌و قسه‌یه‌ی رێكخه‌ری گشتی نه‌بوم، وام دانابو، قسه له‌سه‌ر ئه‌و مه‌سه‌له‌یه نه‌كه‌م، ئه‌و مه‌شهوره به‌وه‌ی كه له كۆبونه‌وه‌كاندا، به قه‌ده‌ر هه‌مو ئه‌ندامانی جڤات قسه ئه‌كات. له‌گه‌ڵیا بیری كۆبونه‌وه‌یه‌كم كه‌وته‌وه له به‌هاری ساڵی 2017دا رۆژانی پێنج شه‌ممان ئه‌م گروپه‌ی خانه‌ی راپه‌ڕاندن له‌گه‌ڵ رێكخه‌ری ژوره‌كان ئه‌یان كرد‌و تیایدا (ئارام شێخ محه‌مه‌د) وه‌ك نوێنه‌رایه‌تی به‌غدا باسی فایله‌كه‌ی ئه‌و تاقانه وه‌زیره‌مانی هێنایه كۆبونه‌وه‌كه‌وه‌و رونی كرده‌وه كه (عالیه نسه‌یف) چۆن ئه‌م مه‌له‌فه‌ی جوڵاندوه‌و له‌ڕوی یاساییه‌وه چیتر ئه‌و ناتوانێ دوای بخات، بڕیاری كۆبونه‌وه‌كه‌شی له‌سه‌ر ئه‌و مه‌سه‌له‌یه خسته نێوان دو بژارده‌وه، یه‌كه‌میان: بچێته ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران‌و دڵنیای كردینه‌وه كه ده‌رناچێ‌و وه‌ك وشیار زێباری متمانه‌ی لێ وه‌رده‌گیرێته‌وه، یان ئه‌وی تریان له‌ڕێگه‌ی (مالیكی)یه‌وه بكه‌وینه سوڵح، چونكه (عالیه) ته‌نها به‌قسه‌ی (مالیكی) ده‌گیرێت.
وێڕای ناڕه‌زایی خۆم‌و چه‌ند هاوڕێیه‌ك، به‌ڵام بژارده‌ی دوه‌م به موبه‌ڕیڕی سومعه‌ی بزوتنه‌وه‌كه، بو به بڕیاری زۆرینه‌ی كۆبونه‌وه‌كه.
ئه‌وكات‌و تا دوا كۆبونه‌وه‌ی جڤات‌و ئه‌و قسه‌یه‌ی رێكخه‌ری گشتی، من نه‌مزانیبو ئه‌م مه‌له‌فه شه‌ریك‌و پشتیوانی گه‌وره‌ی له بزوتنه‌وه‌كه‌دا هه‌یه.
به‌گێڕانه‌وه‌ی ئه‌و قسانه‌و هه‌ڵوه‌سته له‌سه‌ر قسه‌كه‌ی رێكخه‌ری گشتی، مشت‌ومڕ گه‌رمتر‌و دوڕدونگی‌و توڕه‌بونی شه‌ریكه‌كانی ئه‌و مه‌له‌فه زیاتر بو، هه‌مو ئه‌و حیكایه‌تانه‌ی له‌سه‌ر گۆچانه‌كه‌ی سه‌ید عومه‌ر ده‌كرا، له مێشكمدا هه‌ره‌سی هێنا.
(ئاخر هه‌زاران هاوڕێمان له‌و پێناوه‌دا شه‌هید بون، هه‌زاران خێزانمان بێ ده‌ره‌تان‌و سه‌رپه‌ره‌شتیار كرد، دواجاریش به‌م بزوتنه‌وه‌ی گۆڕانه، هه‌زارانمان توشی سزای نانبڕین‌و تا روبه‌ڕوبونه‌وه‌ی تیرۆر كرد، ته‌نیا شانازیمان ئه‌وه بو كه به‌رده‌وامین له به‌گژاچونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی‌و پابه‌ندی ئه‌و خواست‌و هیوایانه‌ی هاوڕێكانمانین، ئێستا له‌به‌رده‌م سه‌ركردایه‌تیه‌كه‌ماندا، مه‌سئولی یه‌كه‌م به ئاشكرا ده‌ڵێ پاره‌ی بۆ په‌یدا كردوین، كۆمه‌ڵێك شه‌ریكه‌په‌یداكه‌ریش له هه‌راو زه‌نایه‌كدا،له پێشیانه‌وه ئه‌ندامانی خانه‌ی راپه‌ڕاندن، به‌گژما دێنه‌وه، ئێمه به‌ڵێنمان ئه‌وه بو ده‌ستی كۆمه‌ڵێ گه‌نج بگرین‌و بیانكه‌ین به سه‌ركرده‌ی دوارۆژی میله‌ته‌كه‌مان، ئه‌وه‌ی ده‌گوزه‌رێ ئه‌وه‌یه، ئه‌و گه‌نجانه‌شیان فێری ناشیرینترین‌و ناجۆرترین شێوازی دزیكردن كردوه).
هێشتا من له ناو كۆبونه‌وه‌كه‌دا بوم، رێكخه‌ری گشتی له ده‌ره‌وه‌ی هۆڵه‌كه‌و له‌به‌رچاوی چه‌ند كه‌سێك وتبوی "جارێكی تر ئه‌م زه‌لامه بێته كۆبونه‌وه‌ی جڤات، من به‌شداری ناكه‌م".
به‌یانی رۆژی دواتر، بڕیاری دورخستنه‌وه‌ی من، به شه‌فه‌یی‌و عه‌شایه‌ری، به ته‌له‌فزیۆنه‌كه‌ی كۆمپانیای وشه ئه‌ده‌ن. له‌ژێره‌وه‌ش وای بڵاوئه‌كه‌نه‌وه، گوایه من زانیاری كۆبونه‌وه‌كه‌ی جڤاتم به ده‌زگاكانی راگه‌یاندن داوه. من په‌یوه‌ندییه‌كی پته‌وم له‌گه‌ڵ گشت راگه‌یه‌ندكاره‌كانی كه‌ناڵه جیاجیاكاندا هه‌یه، لێره‌وه بێمه‌نه‌تی خۆم له‌وانیش‌و له گشت ده‌زگای راگه‌یاندنه‌كان راده‌گه‌یه‌نم، (هه‌رچی سه‌باره‌ت به‌و كۆبونه‌وه‌یه پێمداون، ئاشكرای بكه‌ن‌و به‌ناوی منه‌وه بڵاوی بكه‌نه‌وه)، كه روینه‌داوه. نایشارمه‌وه له مه‌جلیسێكی هاوڕێكانمدا نوكته‌یه‌كم له‌سه‌ر "راوێژكاره چینییه‌كه‌ی رێكخه‌ری گشتی" وت‌و چه‌ند راگه‌یه‌ندكارێك له‌و مه‌جلیسه‌دا بوون، كه زۆرجار نوكته‌و قسه‌ی خۆش له مه‌جلیسه‌كانی رێكخه‌ری گشتییه‌وه فێربوین.
وه‌ك له رونكردنه‌وه‌ی پێشوودا له‌سه‌ر ئه‌و مه‌سه‌له‌یه به‌ڵێنم دا، له‌سه‌ر سێ خاڵی ناكۆكی نێوانمان درێژه‌و ورده‌كاری بڵاوبكه‌مه‌وه، لێره‌وه به‌شی یه‌كه‌م ده‌ستپێده‌كات.
له‌جیاتی سه‌ره‌تا.. !
هه‌رسێ مامۆستا (جه‌لال‌و جه‌مال‌و سه‌ید عومه‌ر)، سێ ناوی دیاری ئه‌و مێژوه‌ن كه من كاری سیاسیم تیایدا كردوه، (یه‌كه‌میان ساڵی 87و له كوختێكی گوندی (بانیمۆرد)و له مقه‌ڕی تیپی 51ی گه‌رمیان، دوه‌میان ساڵی 91و له شه‌ڕه‌كانی به‌رگری شاخی ئه‌زمه‌ڕ، سێهه‌میشیان له 30/12/1991دا) بۆ یه‌كه‌مینجار بینیومن، ئه‌خیر كه‌سیان هه‌ر ئه‌و رۆژه دوو بوتڵ ویسكی به‌دیاری دامێ بۆ خۆم‌و هاوڕێكانم، تا سه‌ری ساڵی تازه‌ی پێ به‌ڕێ بكه‌ین، من به ئه‌ركی وه‌رگرتنی موچه‌و نه‌سریه‌ی ده‌زگای راگه‌یاندنی (ی ن ك) له گه‌ڵاڵه‌ی حاجی ئۆمه‌رانه‌وه هاتبوم بۆ ده‌زگای دارایی له قه‌لاچۆلان، كه ئه‌و زاته مه‌سئولی یه‌كه‌می بو.
زیاتر له 30 ساڵه‌و به قه‌واڵه‌یه‌كی حیزبی، رێكخراوه‌یی، كۆمه‌ڵایه‌تی‌و ئه‌خلاقی به‌وانه‌وه به‌ندم‌و ئه‌وانیش دور له گشت به‌هایه‌ك، به‌بێ هیچ موبه‌ڕیڕێكی ده‌ستوری، عورفی سیاسی‌و ئیداری، ته‌نانه‌ت مامۆستایه‌تیش، سه‌ریان نا به سه‌ری یه‌كه‌وه‌و له كاردانه‌وه‌ی ده‌مه‌قاڵێی ناو دوا كۆبونه‌وه‌ی جڤاتی نیشتمانیدا (پێشتریش له چه‌ندین كۆبونه‌وه‌ی تردا) زۆریان هێنا‌و تاكلایه‌نه گشت قه‌واڵه‌كانیان به‌تاڵكرده‌وه، بێ ئاگاداركردنه‌وه، بێ گفتوگۆ‌و لێكۆڵینه‌وه، بێ مافی به‌رگری له‌خۆكردن. ده‌بێ هاوڕێكانی تریان، گۆڕانخوازان‌و خه‌ڵكی تر چ متمانه‌یه‌كیان به‌م سێكوچكه‌ی خڕه (خانه‌ی راپه‌ڕاندن) بێت ؟ كه گوایه هی بزوتنه‌وه‌یه‌كه به‌رگری له سه‌روه‌ری یاسا‌و مافی هاوڵاتیان ده‌كات.
ته‌نیا سوپاسم بۆ ئه‌وان ئه‌وه‌یه، وایان كرد هه‌ندێ حه‌قیقه‌تی خۆیان‌و بزوتنه‌وه‌كه له‌و سنوره ته‌سكه‌ی كۆبونه‌وه‌ی حیزبی بهێنمه ده‌ره‌وه (كه پێشتریش لێ بێده‌نگ نه‌بوم) بۆ رایگشتی‌و گۆڕانخوازان به‌یان بكه‌م، گه‌ر وانه‌بوایه، ده‌بوایه هه‌ر له ژوری كۆبونه‌وه‌كاندا بیڵێمه‌وه‌و وام دانابوو له دوا ساڵه‌كانی ته‌مه‌ندا وه‌ك یاداشت بیانگێڕمه‌وه، ئه‌وسا هه‌رگیز گۆڕانخوازان‌و رایگشتی نه‌یاده‌بیست.
سێكوچكه‌ی خڕ‌و نه‌وشیروان مسته‌فا
هه‌وڵ‌و تێكۆشان‌و بیری نه‌وشیروان مسته‌فا بۆ كاری حیزبی، حوكمڕانی‌و ئاینده‌ی كورد دوای 15 ساڵ به‌رده‌وامی خه‌باتی شاخ‌و دوای راپه‌ڕین چڕ‌و پڕتر بوه‌وه، مه‌سعود بارزانی سه‌رگه‌رمی ئاشتكردنه‌وه‌ی سه‌رۆك خێڵ‌و جێگیركردنی بنه‌ماڵه‌كه‌ی، مام جه‌لالیش ساڵانێك بو چالاكییه‌كانی خستبوه ده‌ره‌وه‌ی وڵات‌و ته‌نانه‌ت فریای ئاماده‌كارییه‌كانی راپه‌ڕین‌و به‌شداریكردنیشی نه‌كه‌وت. بۆیه نه‌وشیروان مسته‌فا وه‌ك كه‌سی یه‌كه‌م له كایه‌ی سیاسی‌و حوكمڕانیدا ده‌ركه‌وت، له (برایم خه‌لیل)ه‌وه تا تخوبی (خانه‌قین) خۆی‌و هاوڕێكانی حوكمیان ده‌كرد.
خۆپاراستن، ئاشتی كۆمه‌ڵایه‌تی، ئیستیقراری سیاسی‌و ئابوری‌و ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی گونده‌كان، پرۆژه‌و به‌رنامه‌و گفتوگۆی كۆبونه‌وه‌كانی له‌گه‌ڵ پێشمه‌رگه، رێكخستن، كه‌سایه‌تی‌و خه‌ڵك بو. هاوشانی ئه‌وه كاری بۆ كۆنگره‌ی یه‌كه‌می یه‌كێتی‌و ئاڵوگۆڕی سه‌ركردایه‌تی ده‌كرد، چونكه پێ وابو به‌و سه‌ركردایه‌تییه، ئه‌و پرۆژه گرنگانه جێبه‌جێ ناكرێ.
بۆیه‌كه‌مجار ململانێ‌و كێشه‌ی ده‌سه‌ڵات‌و جیاوازییه‌كان له‌نێوان مام جه‌لال‌و نه‌وشیروان مسته‌فادا به ئاشكرا ده‌ركه‌وت، هه‌وادارانی هه‌ردو جوامێر فه‌رز بون، سه‌ید عومه‌ر وه‌ك سه‌رۆكی كوتله‌ی سجن (فه‌ره‌یدون عه‌بدولقادر وازی هێنا بو، كاری بازرگانی ده‌كرد)، كه‌وته ته‌ره‌فی مام جه‌لال‌و دواجار‌و پێش كۆنگره‌ش هه‌ردو مامۆستا (جه‌لال‌و جه‌مال) به‌هه‌مان شێوه، ئیتر له‌و ساڵه‌وه هه‌تا دروستكردنی ره‌گ‌و كۆمپانیای وشه، ئه‌وان فڕیان به‌سه‌ر پشتیوانیكردنی به‌رنامه‌ی نه‌وشیروان مسته‌فاوه نه‌بوه (روداوه‌كانی ئه‌و ساڵانه‌ش چیرۆكێكی درێژه، ته‌مه‌ن ده‌رفه‌ت بدات بڵاوی ده‌كه‌مه‌وه).
دوای دروستبونی كۆمپانیای وشه‌و له كۆبونه‌وه‌یه‌كی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتیدا، كۆسره‌ت ره‌سوڵ عه‌لی كه سه‌رپه‌ره‌شتی كۆبونه‌وه‌كه‌ی ده‌كرد، پرۆژه‌یه‌كی بۆ چاكسازی پێشكه‌ش كرد (مه‌حزه‌ره‌كه‌ی ماوه، من له كۆبونه‌وه‌كه‌دا بوم).
خاڵی یه‌كه‌م: نابێ هیچ مه‌سئولێك خزمی ده‌ره‌جه یه‌كی بۆ هیچ پۆستێك كاندید بكا.
خاڵی دوه‌م: نابێ هیچ مه‌سئولێك خزمی ده‌ره‌جه یه‌كی له مقاولات‌و كۆمپانیا‌و ته‌نده‌ردا به‌شدار بێ.
خاڵی سێیه‌م: نابێ هیچ مه‌سئولێك به‌سه‌ر كادر‌و پێشمه‌رگه‌دا پاره ببه‌خشێته‌وه.
خاڵی چواره‌م: ....
سه‌ید عومه‌ر هه‌ڵیدایه‌و وتی:
"راوه‌سته كاكه.. راوه‌سته، ئه‌مانه‌ی تۆ ئه‌یڵێی كێ كردویه‌تی ؟! خۆت نه‌تكردوه ؟! خۆت به گونیه پاره له مام جه‌لال وه‌رناگریت‌و ئه‌یبه‌خشیته‌وه ؟!".
له‌وه‌ڵامدا كاك كۆسره‌ت وتی:
"ئیحترامه‌ن بۆ خۆت‌و كۆبونه‌وه‌كه وه‌ڵامت ناده‌مه‌وه".
ئه‌رسه‌لان بایز كه له شانی راستی كاك كۆسره‌ت دانیشتبو، لای سه‌ید عومه‌ریش به "ئه‌رسۆ" بانگ ده‌كرا، وتی:
"جه‌نابی كاك كۆسره‌ت روخسه‌ت بده من وه‌ڵامی بده‌مه‌وه".
- كاك عومه‌ر، ئه‌و پاره‌یه هه‌مان ئه‌و پاره‌یه‌یه كه پێشتر مام جه‌لال بۆ دژایه‌تیكردنی كاك نه‌وشیروان ئه‌یدا به تۆ ! ئێستا گۆڕیویه‌تی‌و ئه‌یدا به كاك كۆسره‌ت ! جیاوازیه‌كه ئه‌وه‌یه گونیه‌كانی تۆ دۆلار بون، ئه‌وه‌ی كاك كۆسره‌ت دیناره !
به پرته‌و بۆڵه كۆبونه‌وه‌كه هه‌ڵگیرا‌و خاڵی چواره‌می پرۆژه‌كه‌مان گوێ لێ نه‌بو.
له چاوه‌ڕوانی دیداره‌كه‌ی مامدا !
شوباتی 2009 پێنج كه‌س (كۆسره‌ت ره‌سوڵ، عوسمان حاجی مه‌حمود، مسته‌فا سه‌ید قادر، سه‌ید عومه‌ر، جه‌لال جه‌وهه‌ر)بۆ فشاركردن له‌سه‌ر مام جه‌لال‌و بۆ جێبه‌جێكردنی پرۆژه‌یه‌كی چاكسازی‌و ئاشتبونه‌وه‌ی گشتی‌و گه‌ڕانه‌وه‌ی نه‌وشیروان مسته‌فا، گه‌یشتنه بنه‌ست‌و ئیستیقاله‌یان دا، مام جه‌لال كه پێی وابو، كۆسره‌ت ره‌سوڵ سه‌ركردایه‌تیان ئه‌كا، په‌یوه‌ندی به‌رده‌وامی پێوه ده‌كرد، بانگی كرد بۆ به‌غدا‌و به‌دوایدا عوسمان‌و مسته‌فاشی بانگ كرد، چه‌ند رۆژێك له‌وێ مانه‌وه، هه‌ردو مامۆستا (جه‌لال‌و سه‌ید عومه‌ر)، نه بانگكران‌و نه په‌یوه‌ندیان پێوه‌كرا، سه‌ید عومه‌ر ئه‌وه‌نده له خه‌می سه‌ردان‌و په‌یوه‌ندییه‌كانی مام جه‌لالدا بو، ئه‌وه‌نده ئاگای له ئیستیقاله‌و پرۆژه‌كه نه‌مابو، بیستبوی كه مام جه‌لال وتویه‌تی" ئه‌و دوانه با بڕۆن‌و مسته‌فا‌و عوسمان چیان ده‌وێ بۆیان ده‌كه‌م". كۆسره‌ت ره‌سوڵ پێنشیازی بۆ كردن كه به‌و سازشه‌ی مام جه‌لال رازی بن‌و وه‌عدی جێبه‌جێكردنی پرۆژه‌كه‌شی لێ وه‌رده‌گرین، به‌ڵام پێشتر هه‌ر پێنجیان رێككه‌وتنێكی ئه‌خلاقی‌و مه‌بده‌ئییان هه‌بو كه پێكه‌وه بڕیار وه‌ربگرن، سه‌ید عومه‌ریش ئیهمالكردنه‌كه‌ی مام جه‌لالی بینیبو، پێداگری له‌سه‌ر رێكنه‌كه‌وتن ئه‌كرد. مام جه‌لال ته‌رحی جێگری سه‌رۆكی حكومه‌تی له جێگه‌ی عیماد ئه‌حمه‌د‌و دواتریش سه‌رۆكایه‌تی حكومه‌ت له جێگه‌ی به‌رهه‌م ساڵح بۆ عوسمان كردبو، ته‌رحێكی هاوشێوه‌ی ئه‌وه‌ش بۆ مسته‌فا، به‌ڵام به‌هیچ شێوه‌یه‌ك هه‌ردو مامۆستاكه‌ی نه‌خوێندبوه‌وه، ده‌مانبیست مام جه‌لال وتویه‌تی" ئه‌و دوانه با بڕۆن لای كاكه نه‌وه‌ش تێكبده‌ن".
دوای نیوه‌ڕۆیه‌ك له ژوره‌كه‌ی خۆم‌و له مه‌كته‌بی سیاسی دانیشتبوم، زه‌نگی ته‌له‌فۆنه‌كه‌م لێی دا.
- كاك عومه‌ر ئه‌ڵێ هه‌ر ئێستا وه‌ره بۆ ماڵه‌وه
ئه‌وه‌نده‌ی مه‌سافه‌ی رێگاكه‌و له هۆڵی دانیشتنه‌كه‌ی سه‌ید عومه‌ر‌و به‌رامبه‌ر یه‌كتری خۆم بینیه‌وه:
- ره‌زاق مام جه‌لال داوایكردوه بیبینم، ئه‌چم، به‌ڕای تۆ چی پێ بڵێم ؟
- پێداگری له‌سه‌ر پرۆژه‌كه‌تان بكه‌ن، چه‌ند خاڵێكی به‌په‌له‌ی پێ جێ به‌جێ بكه‌ن، زۆر گرنگه هه‌ست نه‌كا تۆ تامه‌زۆری دیداری ئه‌وی.
ئه‌مه‌ی دوایم بۆیه وت، چونكه شاگه‌شكه‌ییه‌كی سه‌یر به ده‌موچاوی سه‌ید عومه‌ره‌وه دیار بو.
سه‌عات كه‌وته دوای سێی نیوه‌ڕۆ و مه‌وعیدی دیدار سه‌عات چوار بو، هه‌تا چاره‌ك پێش چوار، چوارجار رێبواری سكرتێری بانگ كرد‌و ئه‌یوت "ته‌له‌فۆنیان نه‌كرد ؟!"، ئه‌ویش به "نه‌خێر" وه‌ڵامی ئه‌دایه‌وه. چه‌ند ده‌یقه‌یه‌كی مابو بۆ چوار‌و رێبواری بانگ كرده‌وه:
- كوڕم تۆ ته‌له‌فۆن بكه، بزانه چی رویداوه، ئه‌وه مام جه‌لال نیه له مه‌وعیده‌كانی دوابكه‌وێت.
ته‌له‌فۆن له ده‌ره‌وه‌ی هۆڵه‌كه ئه‌نجام ئه‌درا، بۆیه دوای چه‌ند ده‌قه‌یه‌كی تر‌و رێبوار به ده‌موچاوێكی شێواوه‌وه هاته‌ژوره‌وه:
- كاكه، وه‌ڵامیان دایه‌وه، ئه‌ڵێن مام جه‌لال له‌ناو ته‌یاره‌دایه‌و به‌ره‌و به‌غدا ئه‌فڕێ.
چه‌ند چركه‌یه‌ك‌و هه‌مو ئه‌و شادمانیه‌ی سه‌ر رووی سه‌ید عومه‌ر بو به تاس‌و بێده‌نگی، كپبونی من‌و راوه‌ستانی به‌پێوه‌ی رێبوار، وایكردبو بیم‌و شۆكت به روخساری دیوار‌و قه‌نه‌فه‌كانیشه‌وه هه‌ست پێئه‌كرد.
- ره‌زاق ئه‌گه‌ر بچینه لای گۆڕان‌و كاك نه‌وشیروان، تۆ‌و هاوڕێكانت چه‌ند كه‌س ئه‌بن ؟!
به‌م قسه‌یه، بێده‌نگی ژوره‌كه‌ی شكاند، رێبواریش چوه ده‌ره‌وه‌و ده‌رگاكه‌ی لێ داخسین، هه‌ستم ئه‌كرد گشت شۆك‌و بیم‌و بێده‌نگی ژوره‌كه هاتوه‌ته ناخی منه‌وه، وتم:
- كاك عومه‌ر، من‌و چه‌ند هاوڕێیه‌كین، ره‌نگه په‌له‌نه‌كه‌ین، ببین به 10 كادر‌و ئه‌ندام مه‌كته‌ب.
- قسه‌یان له‌گه‌ڵ بكه‌و خۆتان حازر بكه‌ن.
زیاتر له ئه‌مری فه‌رمانده‌یه‌كی سه‌ربازی ئه‌چو بۆ سه‌ربازه‌كانی، بۆیه لای منه‌وه بێ وه‌ڵام تێپه‌ڕی. دوای چه‌ند چركه‌یه‌ك بێده‌نگی، روخسه‌تی پرسیارێكم لێ خواست‌و وتم:" دوای ئه‌م وه‌ڵامه رای خۆم ئه‌ڵێم":
- تۆ مام جه‌لالت پێ باشه یان كاك نه‌وشیروان ؟
هه‌رزو په‌شمان بومه‌وه له‌وه‌ی پرسیارێكی ساده‌و مناڵانه‌م كردبێ، به‌ڵام بێ سێ‌و دو، وه‌ڵامی دایه‌وه:
- كاكه مام جه‌لال به‌س نیه گوێت لێ ئه‌گرێ، خۆ ئه‌وه هه‌ر گوێشت لێ ناگرێ
له‌گه‌ڵ وه‌ڵامه‌كه‌یدا، قسه‌یه‌كی تریم بیركه‌وته‌وه كه پێش چه‌ند هه‌فته‌یه‌ك‌و له‌ژوره‌كه‌ی خۆی پێی وتبوم " مام جه‌لال له قوڕ كادر دروستئه‌كا، ئه‌م نه‌وشیروانه‌ش ئاڵتونی بده‌رێ ئه‌یكا به قوڕ"، وتیشی به‌رزانی ئه‌حمه‌د كورده نمونه‌ی ئه‌وه‌ی مام جه‌لاله‌و نمونه‌كه‌ی كاك نه‌وشیروانیشی له‌ژێر لێوه‌وه وت‌و لێی تێنه‌گه‌یشتم.
له‌وكاته‌دا نازانم‌و چۆن‌و چه‌ندین قسه‌ی تری سه‌یدم له گاڵته‌كردن به كۆمپانیای وشه‌و رۆژنامه‌ی رۆژنامه‌و ئۆپۆزسیۆنبون‌و.. هتد به‌خێرایی به‌بیردا هات‌و وتم:
- ئینجا كه‌وایه كاك عومه‌ر ئێمه بۆ ئه‌به‌یت، ئه‌وه بڕیارمدا من نه‌یه‌م.
رۆژی دوایی‌و هه‌واڵی په‌یوه‌ندیكردنی چوار مه‌كته‌بی سیاسی له میدیاكاندا، بڵاوكرایه‌وه.
ماویه‌تی ...