شێوازی به‌رهه‌مهێنانی سه‌رمایه‌داریی Capitalism
2019-04-30 17:00:14
د. یاسین سەردەشتی
سه‌رمایه‌داریی، سیستمێكی ئابووری-كۆمه‌ڵایه‌تییه كه شوێنی سیستمی ده‌ره‌به‌گایه‌تیی ده‌گرێته‌وه، كه تێیدا هۆكاره‌كانی به‌رهه‌مهێنان وه‌ك ( ئامێر، ماشێن، كاره‌گه‌كان، زه‌وی، بانكه‌كان، سه‌رچاوه كانزاییه‌كان، پاره‌و سامان) و ته‌واوی سه‌رچاوه‌كانی داهات و دارایی موڵكی تایبه‌تی چینێكی به‌ژماره كه‌من كه سه‌رمایه‌داریان پێ ده‌وترێ و رێكدهكهوی كه به‌شێوه‌ی كۆمپانیا‌و یه‌كێتییه سه‌رمایه‌دارییه‌كان له‌گروپ و تاقمی جۆراوجۆردا وه‌ك (كارتێڵ و ترهستات) بۆ ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی ئابووری جیهانیی كۆببنه‌وه . له‌به‌رامبه‌ردا چینێكی به‌ژماره زیاتر له‌خه‌ڵك هه‌ن كه بێبه‌شن له‌هۆكاره‌كانی به‌رهه‌مهێنان و ناچارن هێزی كاری خۆیان بفرۆشن سه‌رمایه‌داران، ئه‌وانیش پێیان ده‌وترێ كرێكار‌و به‌كرێكاری پیشه‌سازییش ده‌وتری "پرۆلیتاریا". شایه‌نی باسه، سهرماریهداران له‌ڕێگه‌ی كڕینی هێزی كاری پرۆلیتاریاوه قازانج و زێده‌بایی چنگ ده‌خه‌ن و تادێت سه‌رمایه‌و پرۆژه‌كانی كاری پێ فراوان ده‌كه‌ن. سه‌رمایه‌داریی پشتده‌به‌ستێت به موڵكایه‌تیی تایبه‌ت و ئابووری بازاڕ‌و بازاڕی ئازاد‌و به‌رهه‌مهێنانی كاڵا له‌پێناو ساغكردنه‌وه‌ی له‌بازاڕه‌كاندا له‌سه‌ر بنه‌مای ئازادیی نرخدانان و (نمایش و داواكاریی/ عه‌رزو ته‌ڵه‌ب) و له‌پێناو به‌ده‌ستهێنانی قازانج.
سه‌ره‌تاكانی ده‌ركه‌وتنی سیستمی كاپیتاڵیزم له ئه‌وروپاوه، له‌سه‌ده‌ی چوارده‌هه‌م و پازده‌هه‌مه‌وه، له‌شاره‌كانی وه‌ك فلۆرێنسا و جهنهواو ڤینسیا، ده‌سیپێكرد، هه‌روه‌ها له‌سه‌ده‌ی شازده‌یه‌مه‌وه پێشكه‌وتنی به‌خۆوه بینی، به‌تایبه‌ت له ئینگلته‌را و هۆله‌نداو فه‌ره‌نسا، ئه‌ویش له‌ڕێگه‌ی به‌كارهێنانی ئامرازی به‌رهه‌مهێنانی پێشكه‌وتوو له‌ڕووی ته‌كنیكییه‌وه له‌لای پیشه‌گه‌ره‌كان و پشتبه‌ستن به هێزو وزه‌ی نوێ وه‌ك هێزی هه‌ڵم و ئه‌له‌كتریك. له‌م رووه‌شه‌وه ئینگلته‌را پێشه‌نگی وڵاتانی دیكه بوو.
بۆ یه‌كه‌مین جار له‌سه‌ده‌ی شازده‌هه‌مدا چالاكیی كانزاكاریی له‌كشتوكاڵ جیا ده‌بێته‌وه، هه‌روه‌ها له‌ئاكامی دۆزینه‌وه جیۆگرافییهكان و دۆزینه‌وه‌ی رێگاكانی بازرگانی و به‌ستنه‌وه‌ی راسته‌وخۆی ئه‌وروپا به رۆژهه‌لاتی دوور‌و دۆزینه‌وه‌ی ئهمریكاو گه‌یشتنه ئۆقیانووسی هیندی و گه‌شه‌كردنی په‌یوه‌ندییه بازرگانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌دا، سه‌روه‌ت و سامانێكی زۆر له سامان و زێڕو زیو رژان به‌سه‌ر ده‌وڵه‌ته ئه‌وروپییه‌كاندا، ئه‌وه‌ش هاوكارێكی گه‌وره‌ی كه‌ڵه‌كه‌بوونی سامان و دامه‌زراندنی شاره بازرگانییه گه‌وره‌كانی دا‌و سه‌رمایه‌داره بازرگانییه‌كان ده‌ركه‌وتن، پیشه‌سازیش هه‌نگاوی به‌ره‌وپێش هاویشت و ده‌ستی به به‌رهه‌مهێنانی كاڵایی كرد به‌راده‌یه‌كی زۆر، به‌تایبه‌ت، پاش وه‌رچه‌رخاندنی به‌رهه‌مێنان له مانیفاكتۆره بچوكه‌كانه‌وه بۆ به‌رهه‌مهێنانی میكانیكی و ماشێنیی له كارگه‌كاندا. ئه‌وه‌ش بووه هۆی په‌ره‌گرتنی په‌یوه‌ندییه‌كانی مامه‌ڵه به‌كاڵا و دراو و شاره پیشه‌سازییه‌كان ده‌ركه‌وتن و رۆڵی ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تییان زیادییكرد.
به‌م جۆره، ده‌ركه‌وتن و گه‌شه‌كردنی سیستمی سه‌رمایه‌داریی بووه‌هۆی داڕوخانی په‌یوه‌ندییه ده‌ره‌به‌گایه‌تییه‌كان لهئهوروپاو مه‌سه‌له‌كانی كۆیلایه‌تیی زه‌وی (سێرف) و بێگاركاریی له وڵاتانی وه‌ك ئنگیلتهراو پاشتر فه‌ره‌نساو ئیتالیا هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌و هه‌ڵگیران. له‌م قۆناغه‌دا، سیستمی سه‌رمایه‌داریی له‌هه‌ناوی فیوداڵیزمدا رسكاو سه‌رمایه‌ی سه‌ره‌تایی كهڵهكهیكرد.
له‌لایه‌كی دیكه‌وه، ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی زه‌وی جووتیاران و وه‌لاخستنی به‌رهه‌مهێنه‌ری سه‌ره‌كیی له‌زه‌وییه‌كه‌ی كه وه‌رزێره، رۆڵی له كه‌ڵه‌كه‌بوونی سه‌رمایه‌دا گێڕا، ئه‌ویش پاش كۆكردنه‌وه‌ی زه‌وی له‌ده‌ستی ژماره‌یه‌كی كه‌م و ده‌ركردنی جووتیاران له زه‌وییه‌كانیان، ئه‌وانه‌ی له ژێر زه‌بری سته‌م و چه‌وساندنه‌وه‌ی گونده‌كان و گه‌ڕان به‌دوای ژیانێكی تر ، ناچاربوون روو له شاره‌كان بكه‌ن و گونده‌كانیان چۆڵ بكه‌ن. لێره‌شه‌وه، ئه‌وانه بوون به سه‌رچاوه‌یه‌كی مه‌زنی هێزی كار بۆ سه‌رمایه‌دارانی شاره‌كان و گه‌شه‌كردنی پرۆژه پیشهسازییهكانیان، به‌تایبه‌ت پاش روودانی شۆڕشی پیشه‌سازیی.
له راستییدا، سه‌رمایه كه له بنه‌ڕه‌تدا بریتییه له سامان و پاره، له‌گه‌ڵ ئامێر‌و هۆكاره‌كانی كاركردندا، به خستنه‌گه‌ڕو له‌ڕێگه‌ی كڕین و به‌كاربردنی هێزی كاری كرێكار، كاڵا‌و قازانج و (زێده‌بایی) به‌رهه‌مدێنێ، سه‌رمایه‌ش چه‌ند جۆرێكه له‌وانه: پیشه‌سازیی و بازرگانیی و سه‌رمایه‌داریی بانكیی و پشكداریی كۆمپانیاكان.
شایه‌نی وتنه، ده‌ركه‌وتن و گه‌شه‌كردنی سه‌رمایه‌داریی، هه‌روه‌ك شێوازه‌كانی دیكه‌ی به‌رهه‌مهێنان، له‌تێكڕای ناوچه‌و وڵاتانی جیهان هاوته‌ریب نییه، ته‌نانه‌ت له‌ئه‌وروپاش كه لانكی سه‌رمایه‌دارییه، پاش پشكوتنی بۆرجوازیی له‌نێوان سه‌ده‌ی چوارده‌یه‌م و شازده‌یه‌م، سه‌رمایه‌داریی پیشه‌سازیی رسكاو به‌خێرایی پهریگرت و له 1800 كانه‌وه له ئینگلته‌را ده‌ستیپێكرد، له ئه‌ڵمانیا له‌ساڵی 1870و لهژاپۆنیش له‌پێش یه‌كه‌مین جه‌نگی جیهانییدا.
سه‌رمایه‌داریی زاده‌ی هه‌لومه‌رجێكی مێژوویی و ئابوورییه و ماوه‌یه‌كی پێویسته بۆ پێگه‌یشتن و خه‌مڵاندنی، ئه‌وه‌ی كه سه‌ره‌تا به شێوه هاوچه‌رخه‌كه‌ی ده‌رنه‌كه‌وتووه‌و سه‌ره‌تا له ئاكامی په‌ره‌سه‌ندنی بازرگانی، سه‌رمایه‌داریی بازرگانی گه‌شه‌یكرد، ئنجا پاش ده‌ركه‌وتنی پیشه‌سازیی و شۆڕشی پیشه‌سازیی و په‌ره‌سه‌ندنی ته‌كنیك و ئامێر‌و ئامرازه‌كانی كار‌و به‌رهه‌مهێنان، سه‌رمایه‌داریی پیشه‌سازیی ركابه‌ر ده‌ركه‌وت و كارگه سه‌ره‌تا له‌لایه‌ن تاكه سه‌رمایه‌دارێكه‌وه خاوه‌ندارێتیی ده‌كرا كه له‌گه‌ل هاوپێگه خاوه‌ن كارگه‌كانی دیكه‌دا لهركابهرییدابوو ، پاشان سه‌رمایه‌داران پێكه‌وه له كۆمپانیا هاوبه‌شه‌كاندا خۆیان رێكخست و پیشهسازییهكانیان قۆرخكرد و سه‌رمایه‌داریی قۆرخكاریی ده‌ركه‌وت. ئه‌و كۆمپانییانه‌ی كه ده‌توانن پرۆژه‌ی پیشه‌سازیی و سه‌رمایه‌دارانه‌ی مه‌زن بگرنهئهستۆو به‌رهه‌م و بازاڕیش به‌گوێره‌ی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كان و ویستی خۆیان كۆنترۆل بكه‌ن.
لێره‌به‌دوا، سه‌رمایه‌داریی شێوه‌یه‌كی جیهانیی به‌خۆوه‌گرت وپاره‌ی وه‌ك رێگایه‌ك بۆ سوودو قازانجی گه‌وره به‌گه‌ڕخست، ئه‌ویش له‌ڕێگه‌ی بانكه‌كان و كۆنترۆڵكردنی بازاره‌كانی دراو‌و پشكه‌كان و قهرزبهخشین به سوودو قازانجێكی زۆر، ئه‌وه جگه له‌كۆمپانیا زه‌به‌لاحه‌كانی نه‌وت و ململانێ‌یان له‌بازاڕی نه‌وتدا له‌سه‌رده‌می هاوچه‌رخ.
ماركسییه‌كان خاوه‌نی ئه‌و بۆچوونه‌ن كه جووڵانه‌وه‌ی ئیستیعماریی جگه له‌قۆناغێكی باڵای گه‌شه‌كردنی سه‌رمایه‌داریی شتێكی دیكه نییه، ململانێی ده‌وڵه‌ته سه‌رمایه‌دارییه‌كان له‌پێناو به‌ده‌ستهێنانی بازاڕ‌و كانگاكان و سه‌رچاوه‌كانی كه‌ره‌سه‌ی خاو، هه‌ربۆیه جه‌نگه جیهانییه‌كانی یه‌كه‌م و دووه‌م به زاده‌ی هه‌وڵدانی وڵاتانی زلهێزی جیهانی سه‌رمایه‌داریی بۆ سه‌رله‌نوێ دابهشهكردنهوهی بازاڕه‌كان ده‌زانن. ته‌واوی شۆڕشه نهتهوایهتییهكانی و دروستبوونی ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یی، شۆڕشی ئاینیی و بانگه‌شه‌كردنی بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی كاریگه‌ریی كڵێسا‌و ده‌سه‌ڵاتی پاپا، هه‌روه‌ها شۆڕشه مه‌زنه‌كانی هاوشیوه‌ی شؤڕشی فه‌ره‌نسا، زاده‌ی په‌ره‌سه‌ندنی شێوازی به‌رهه‌مهینانی سه‌رمایه‌داریین.
ده‌وڵه‌ته دواكه‌وتووه كۆڵۆنییكراوهكانیش به‌ده‌ست لاوازیی سه‌رمایه‌داریی نیشتیمانییه‌وه ده‌ناڵێنن، به‌جۆرێك كه ململانێی و ئاڵنگاریی سه‌رمایه‌داریی بێگانه‌ی پێناكرێ، هه‌روه‌ها به‌وهۆیه‌ی كه‌ره‌سه‌و ئامراز‌و شاره‌زایی و هونه‌ری ته‌واویان نییه لهرووبهرووبوونهوهدا فریان بكه‌وێ، هه‌ربۆیه ئه‌نجامدانی شۆڕشی پیشه‌سازیی له‌و وڵاتانه كارێكی مه‌حاڵه، چونكه رووبه‌رووی تالانكاریی سامان و به‌ستنه‌وه‌یان به‌قه‌رزی گران و پشتشكێن ده‌بنه‌وه.
ئه‌وه‌ی زانراوه له سه‌رمایه‌دارییدا، مه‌سه‌له‌ی (ئازادی كاركردن) به‌ته‌نیا مانای ئه‌وه نییه كه تاك ئازادیی ره‌های هه‌بێت كه هه‌ركارێكی ده‌یه‌وێت ئه‌وه بكات، چی دروستده‌كات یان بازرگانیی به چییه‌وه ده‌كات، به‌ڵكو ده‌توانی چ به‌رهه‌مێكی ده‌وێت ره‌نێوی بهێنێت و ئه‌و نرخه‌شی بخاته‌سه‌ر كه خوازیارێتی، بێئه‌وه‌ی پابه‌ندی رێژه‌یه‌كی تایبه‌ت و سنورداری قازانج بیت. ته‌نانه‌ت ده‌توانێت چ كاڵایه‌ك داواكاریی له‌سه‌ره قۆرخی بكات و نرخی چه‌ند به‌رابه‌ری بخاته‌سه‌ر، جا ئیتر ئه‌و كاڵایه خۆراك و شیری منداڵ و ده‌رمانیش بێت جیاوازیی نییه و چاره‌نووسی خه‌ڵك ده‌كه‌وێته ده‌ست قۆرخكارانی بازاڕ‌و كارگه‌و سه‌رمایه‌داران و نوێنه‌ره‌كانیان.
جگه‌له‌وه‌ی بوونی ئازادیی و ململانێ و پێشبڕكێ له‌م سیستمه ئه‌وه ده‌گه‌یه‌نێت كه تاك هه‌موو رێگاكانی له‌به‌رده‌مدا واڵایه كه بكه‌وێته وێزه‌ی ململانێكهرانی به‌مه‌به‌ستی زاڵبوون به‌سه‌ریانداو ده‌ركردنیان له‌بازاڕ، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر له‌و پێناوه‌شدا نرخی كرێی رۆژانه‌ی كرێكاره‌كانیشی كه‌م بكاته‌وه، یان گزیی له جۆری به‌رهه‌مهێنانی كاڵاكهیدا بكات، تاوه‌كو به‌نرخێكی هه‌رزانتر بیفرۆشێته‌وه‌و به‌وه‌ش قازانجێكی زیاتر بكات و بۆڕی به‌رامبه‌ره‌كه‌شی بدات.
به زاڵبونی پره‌نسیپی ململانێی ئازاد له‌نێو كۆمه‌ڵدا، ده‌وڵه‌تیش په‌یوه‌ست ده‌بێت به‌هه‌مان بنهماوهو ئه‌ركی سه‌ره‌كیی حكومه‌ت پاریزگارییكردنه له موڵكایه‌تیی تایبه‌ت و رۆڵی چاو‌دێر ده‌بینێت نه‌ك ده‌ستێوه‌رده‌ر له پرۆسه‌ی په‌ره‌سه‌ندنی ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تیی سه‌رمایه‌داریی و له‌ژێر كاریگه‌ریی چینی سه‌رمایه‌داراندا وه‌ك لایه‌نگرو ئامرازیكی ئه‌و چینه و به‌دیهێنه‌ری به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانیان بڕیارده‌دات و به‌رایه‌ڵه‌ی جۆراوجۆره‌وه به‌سه‌رمایه‌داران ده‌به‌سترێته‌وه، ئه‌ویش له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌ته سه‌رمایه‌داره‌كاندا له‌ده‌ره‌وه ده‌كه‌وێته ململانێ و پێشبڕكێ له‌پێناو به‌ده‌ستهێنانی كه‌ره‌سه‌ی خاوی به‌رهه‌مهێنان و دۆزینه‌وه‌ی بازاڕ بۆ ساغكردنه‌وه‌ی كاڵاكانیان، جگه له‌ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی سه‌رچاوه‌كانی سه‌رمایه و نه‌وت و كان و كانزاكان، ئه‌و ململانێیه‌ی كه ئاكامه‌كه‌ی به پرۆسه‌ی داگیركاریی و جه‌نگه وێرانكارییه‌كان له‌ژێر دروشمی بریقه‌داردا كۆتاییان دێت.
به‌م جۆره، ئازادیی ململانی ده‌بێته چاوگێكی سه‌ره‌كیی خراپه‌كاریی و چه‌وسانه‌وه‌و سته‌می كۆمه‌ڵایه‌تیی و چاندنی تۆوی دڵه‌ڕاوكێ و نائارامیی له‌كۆمه‌ڵگادا. به‌جۆرێك كه سه‌رمایه پیرۆز ده‌بێت و شوینێك بۆ هه‌سته مرۆڤایه‌تییه‌كان نامینێته‌وه و خه‌لك به‌ره‌و پاره‌په‌رستیی و چێژگهراییهكی بێسنور‌و چاوبرسێتیی و گه‌نده‌ڵیی و خۆپه‌رستیی رووت و دیكتاتۆرییه‌تی دراو ده‌ڕوات، ئه‌و جۆره ژیانه‌ی كه نووسه‌ری گه‌وره‌ی بریتانی (H.G Wellz)به‌ژیانێكی پڕ فێل و بێهوده ناوده‌با.
له‌راستییدا، ده‌وڵه‌مه‌ندبوونی بێسنوورو هه‌ڵتۆقینی چینێكی كه‌می كۆمه‌ڵگا بێ چاودێریی، مانای ڕووتانه‌وه‌و چه‌وساندنه‌وه‌ی زۆرینه‌ی كۆمه‌ڵگا ده‌گرێته‌وه. ده‌ستكه‌وتی بی ماندووبوون و ماندووبوونی بێ ده‌ستكه‌وت، كه‌ڵه‌كه‌كردنی سامان و قۆرخكردنی ده‌بێته‌هۆی به‌رهه‌مهێنانی كۆمه‌ڵگایه‌كی پڕتوندوتیژیی كه چینیك لهتێرییدا دادڕزێت و چینێكیش له‌برسێتیدا ده‌مرێت، ئه‌وه‌ش ئاشتیی كۆمه‌ڵایه‌تیی و هاوسه‌نگییه‌كه‌ی ده‌خاته مه‌ترسییه‌وه‌و چه‌ندین لایه‌نی نه‌رێیی لێده‌كه‌وێته‌وه:
- له‌رووی سایكۆلۆژییه‌وه، ترس و دڵه‌ڕاوكێ له‌لای خه‌ڵك دروستدهكاتو هه‌میشه له‌خه‌می ئاینده‌یاندا راكهراكیان ده‌بێ و له‌ژێر هه‌ڕه‌شه‌ی ده‌وڵه‌مه‌نداندا ده‌بن.
- له‌لایه‌نی ره‌وشت و مۆراڵه‌وه، له‌سایه‌ی سه‌رمایه‌داریی رێز‌و پیرۆزیی بۆ سامان و سه‌رمایه‌دارانه‌و ته‌نانه‌ت ئه‌وانه‌شی بێ ماندووبوون به‌سه‌ر ساماندا كهوتوونو شایسته‌ییان تیدا نییه، ئه‌رك و ملكه‌چیش بۆ زۆرینه‌ی هه‌ژاران و زه‌حمه‌تكێشانه، لێره‌شه‌وه پاره‌و سه‌رمایه ده‌بێته سه‌نگی به‌هاو پێگه‌و شانازیی مرۆڤ نه‌ك جهوههرو كه‌سایه‌تییه‌كه‌ی.
- له‌رووی ده‌رونییه‌وه، سه‌رمایه‌داریی رایه‌ڵه‌ی كۆمه‌لگا لاواز ده‌كات و له‌بری هه‌ماهه‌نگیی و هاوسۆزیی و بۆیهكبوون، دژایه‌تیی و رك و بێزاریی لێكتر په‌ره‌ده‌سێنێ، به‌تایبه‌ت له‌نێوان چینه ناكۆكه‌كاندا.
- له‌رووی ئابوورییه‌وه، پاره‌و سامان ده‌بێته سه‌رمایه‌و ئه‌ویش زیده‌بایی زیاتر‌و سه‌رمایه‌ی زیاتر راده‌كێشێت و خاوه‌ندارێتیی سامانی بهرههمهاتووو شێوازی به‌گه‌ڕخستنه‌وه‌ی له‌پرۆسه‌ی سه‌رمایه‌گوزارییدا به‌چینی سه‌رمایه‌دارانه‌وه په‌یوه‌سته، به‌رده‌وام هه‌وڵی كه‌مكردنه‌وه‌ی كه‌رتی گشتیی و هاندان و په‌ره‌پێدانی كه‌رتی تایبه‌ت ده‌درێت، جگه‌له‌وه‌ی له‌سایه‌ی سه‌رمایه‌دارییدا ناتوانرێت هه‌مووان وه‌ك یه‌ك سوود له‌داهات و سامانی وڵات بكه‌ن و دادپه‌روه‌ریی و یه‌كسانیی ده‌كه‌وێته مه‌ترسییه‌كی گه‌وره‌وه، جگه له‌وه‌ی له‌سه‌رمایه‌دارییدا، كه ئامانج لێی قازانج و كه‌له‌كه‌بوونی سه‌رمایه‌یه، قه‌یرانه ئابوورییه دهورییهكان، بێكاریی، برسێتیی و هه‌ژاریی و گرانیی و به‌كارهێنانی سامان بۆ هاندان و ناچاركردنی خه‌ڵكی بۆ كاری تاوانكاریی: بانده‌كانی تلیاك و دزیی و تیرۆر و سێكسفرۆشیی و بازرگانیی به ئه‌ندامه‌كانی جه‌سته‌ی مرۆڤ..هتد، سه‌رهه‌ڵده‌ده‌ن، كه دیارده‌ی سه‌ره‌كیی جیهانی سه‌رمایه‌داریی و بازرگانیین له‌و وڵاتانه.
هه‌ربۆیه له‌كۆمه‌ڵگای سه‌رمایه‌داریی ره‌هادا، ئازادیی مرۆڤ مانایه‌كی راستیینه‌ی نابێت و هه‌میشه له‌ژێر هه‌ڕه‌شه‌ی بێكاریی و برسێتیی و هه‌ژارییدا له‌ماناكه‌ی به‌تاڵده‌كرێته‌وه، بۆ زۆربه‌ی چینه زه‌حمه‌تكێشه‌كان، ئازادیی سیاسیی، بریتییه له ئازادیی برسییبوون، چه‌مكه‌كانی دیكه‌ی یه‌كسانیی و دادپه‌روه‌ریی و هاوڵاتییبوون و ..هتد له‌سایه‌ی بوونی كۆمه‌ڵگایه‌كی پڕ ناكۆكیی و جیاوازیی و هه‌ڵاواردنی چینایه‌تیی، مانایه‌كی نامێنێ، به وته‌ی نووسه‌ری ئینگلیزیی به‌رنادشۆ:
" له‌گه‌ڕه‌كێكی شاردا، سفره‌و خوانێكی رازاوه هه‌یه و ئاماده‌بووان له تێرییدا دڵیان نایبا، له‌گه‌ڕه‌كه‌كانی دیكه‌ش، خه‌ڵكێكی برسیی زۆر هه‌ن، بێئه‌وه‌ی خوانیكیان هه‌بێ نانی له‌سه‌ر بخۆن".
شایه‌نی باسه، سه‌رمایه‌داریی له‌درێژه‌ی پرۆسه‌ی په‌ره‌سه‌ندنی مێژوویی خۆیداو له‌ژێر فشاری قه‌یرانه جۆراوجۆره‌كاندا، به‌تایبه‌تی : ده‌ركه‌وتنی جووڵانه‌وه كرێكارییه‌كان و بۆ رێگرتن له بڵاوبوونه‌وه‌ی كۆمۆنیزم، هه‌روه‌ها بۆ راكێشانی كۆمه‌ڵانی كرێكاران و به‌ده‌ستهینانی ده‌نگیان له هه‌ڵبژاردنه‌كان، جگه له سه‌رهه‌لدانی بزووتنه‌وه‌و لیژنه‌كانی مافی مرۆڤ، ناچاربوو ریفۆرم له‌هه‌ندی بواره‌كاندا بكات و لێره‌وه ده‌وڵه‌ت رۆڵێكی زیاتر بینی له بواری په‌روه‌رده‌و ته‌ندروستیی و پێشكه‌شكردنی خزمه‌تگوزارییه‌كانی هاتوچۆو هه‌ولدان بۆ دابینكردنی مافه‌كانی بێكاریی و بایه‌خپێدانی ته‌ندروستیی و بیمه‌ی پیرێتیی و خانه‌نشینیی و زه‌مانه‌تی كۆمه‌ڵایه‌تیی و چاككردنی خزمه‌تگوزاریی و به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاستی گوزه‌ران و كه‌مكردنه‌وه‌ی كاتی كاركردن و بیمه‌ی منداڵبوون و نه‌خۆشیی و دابینكردنی مافی مانگرتن و خۆپێشاندان و ..هتد، كه تاراده‌یه‌ك هه‌م ته‌مه‌نی ئه‌و رژێمه‌ی درێژكردۆته‌وه‌و هه‌م رووخساریشی، نه‌ك ناوه‌رۆكه‌كه‌ی، پێ گۆڕیوه.