تورکیا و هەرێم؛ دوانەیەکی لێکدانەبڕاو
2019-04-28 21:09:03
پەیڕەو ئەنوەر
ئەمڕۆ وەزیری دەرەوەی تورکیا سەردانی هەرێمی کوردستانی کرد. دیارە هەرێم و تورکیا کایەی ئابوری و بازرگانی بەقوڵی بەیەکەوەیان دەبەستێتەوە! بەیەکەوەیان گرێدەدات. تورکیا لەناوچەکەدا بەدوای کۆمەڵێک بەها و وێنەدا دەگەڕێت، بەهای بوون بە هێزێکی ناوچەیی، گەڕانەوە بۆ سەردەمی عوسمانیزم، گەڕانەوە بۆ دوێنێ و سنوورەکانی سەدەی نۆزدەهەم، گەڕان بەدوای بازاڕ، گەڕان و هەوڵدان بۆ خۆتازەکردنەوەی سەربازی و سیستمی ئاسایش.
مۆدێڵی ئاک پارتی مۆدێڵێکە لیبڕاڵیزمی ئیسلامی دەیجوڵێنێت و پایەکانی بۆ دادەرێژێت. لیبڕاڵیزمی ئیسلامی بەمانای ئەوەی لەلایەک خاوەن بازاڕ و بەرهەمێکی گەورەی و لەلایەکی ترەوەش بەدوای بازاڕی تر و ناوەندی تری بۆ فرۆشتنی کاڵا. لەلیبڕاڵیزمدا زمانی بازاڕ و ریساکانی بازاڕ سەنتەرە و؛ زیاتر لە هەموو کەرتەکانی تر قسەدەکات. لەڕاستیدا بازاڕ کڵێشەیەکی یەکجار گەورەیە و زۆرینەی ئەکتەرەکانی تر لە جەستەی خۆیدا هەڵدەگرێت.
تورکیا، هەرێمی کوردستان و کەنداو وەک بازاڕێکی گەورە دەبینێت! لەڕووی جیۆپۆلەتیکەوە نزیکە، گواستنەوە و گەیاندن ئاسانترە، زمانی گفتۆگۆ و سیاسی نەرمترە، سەرمایەی ئاینی و مێژوویی تورکیا زاڵترە، هێزی نەرمی تورکی باشتر لێی دەجوڵێت و گەشەدەکات. لەڕاستیدا تورکیا دەیەوێت تەمەنی ئامادەبوونی خۆی لەناوچەکەدا درێژبکاتەوە! هیچ سوپەر مارکێت و مۆڵ و ناوەندێکی ئابووری ئێمە نییە کاڵا و بەرهەمێکی تورکی لێ نەبێت! لە زنجیرە دراما و فیلم و سینەماوە تا دەگاتە زەیتی زێڕ و هەویری تەماتەی زێڕ و ئاڵتونسا و خواردن و مەیک ئەپ و لەچک و مۆدەی تورکی! تورکیا نایەوێت ئەم مۆدێڵە لە پەیوەندیی، یەکترتەواوکردن، یەکتر تازەکردنەوەیە بپچڕێت! تورکیا هەم بەدوای ئاسایش و هەمیش بەدوای بازاڕەوەیە.
ئەم دۆخە بۆ هەرێم شتێکی ترە. پێدەچێت پەیوەندی هەرێم لەبەرامبەر تورکیادا ناچاری بێت! دیارە هەرێم لاندلۆك و بێ دەروازەیە، بێ دەرگایە. هێزە ئابوورییە ناوەکییەکەی دیپێندنسی و وابەستەیە. توانای جوڵە و گەیشتن بە بازاڕ و بەندەرە گەورەکانی دونیای کەمە. هەرێم کەمتر دەتوانێت بچێتە قۆناغی (هەرێمی کوردستان بەبێ تورکیا!) ئەم دوانەیە دەبێت بەیەکەوەبن تاکوو ئەم دۆخە جیۆپۆلەتیکییەی ئێستا ئامادەبێت، تاکوو سنووری ناوچەکە دەرفەتی گۆڕانی تێدا دروستنەبێت. سەرباری ئەم زاڵێتیی و باڵاییەی تورکیا هێشتا رووبەرێکیشە بۆ پەیوەندیکردنی هەرێم بە دونیاوە. هەرێم مادام دوورە لە ئاو و دەریا و بەندەر، دەبێت لەڕێگەی تورکیاوە خۆی بلکێنێت بە بازاڕی لیبڕاڵی دونیاوە، ئەگینا دەخنکێت