ئابڕووت بە تەنافی بێباكییەوە هەڵواسەو بچۆ ناو حیزبێكەوە
2019-04-28 10:30:13
بورهان حاجی سلێمان
.
لەسەردەمی حوكمی بەعسی لەناوچوو، بەو ژنانەی كە لە ئۆرگانەكانی ئەو حیزبە كاریان دەكرد دەوترا (رفیقات) بەواتای خانمە هەڤاڵەكان كە دواتر سەدام حوسێن نازناوی (ماجدات)ـی پێبەخشین كە ئەمیان واتای خانمە شكۆدارەكان دێت.
ئەو دوو زاراوەیە لەسەر ئاستی گەلانی عێراق بەتەنزەوە باس دەكراو بەچاوی سووكەوە تەماشای ئەو ژنانە دەكرا، خۆ ئەگەر پیاوانی رژێم تەنها بە نۆكەرو پیاوی رژێم ناوبرابان، ئەوە بۆ ئەو (ماجدات)ـانە لەوە زیاتر دەوترا، چونكە سەرەڕای سیفەتی نۆكەری، بە داوێن پیسیش ناودەبران، خودی زاراوەكەش بۆ تەواوی مێینە بەدڕەوشتەكان بەكاردەهێنرا.
لەدوای راپەڕینەوە لە هەرێمی كوردستان و دوای پرۆسەی ئازادیش لە تەواوی عێراق، ئەو دیدە بۆ بوونی ژن لە كایەی حیزبی كاڵ بووەوە، ژنی سفورو عەباو لەچك لەسەرو تەنانەت دەمامكداریش لەناو حیزبە ئایینی و عیلمانی و شیوعی و نەتەوەییەكان بەدەركەوتن، بەتایبەتی لە كوردستان بەشداری ژنانی تێكۆشەری شاخ و خەباتگێڕی رێكخستنەكانی ناوشارو خاتونی بنەماڵەی ناسراو لە كۆمەڵگەی كوردی و خاوەن بڕوانامەی باڵا، ئەو وێنە سلبییەیان سەبارەت بە بەشداری مێینە لە كاری سیاسی و حیزبی كاڵكردەوە، بەڵام دیارە شەڕی ناشەریفانەی داڵانەكانی سیاسەت و كەلاوەكانی حیزب، ناهێڵن حاڵەتە تەندروستەكان بەردەوامییان هەبێت، لە كۆمەڵگەیەكیشدا كە هیچ ركابەرێتییەكی هزری و مەبدەئی تێدانەماوە دواجار سوتاندنی سیاسی و سكانداڵەكان دەبنەوە ئەڵتەرناتیفی هزر بۆ شكاندنەوەی بەرانبەر، هەمیشەش ژن ناسكترین و سەرنجڕاكێشترین قوربانی ئەو گەمانەن، چونكە ئێستا چەمكی دزو گەندەڵ و خائین و تۆمەتباركردنی كەسێك بەم چەمكانە، ئەوەندە رۆتین بوونە نیو ئەوەندەی وێنەیەكی رووتی مێینەیەك بەتایبەتی ناودار بێت یان گرتەیەكی ڤیدیۆیی سێكسی دەنگدانەوەی نابێت.
ئەوەی چەند رۆژی رابردوو لە ناو نەوەی نوێ روویدا یەكەمین حاڵەت نەبوو، چ لەسەر ئاستی كوردستان چ لەسەر ئاستی عێراق، چونكە پێشتر حاڵەتی لەوجۆرە زۆر بوو بەتایبەتی بۆ ئابڕووبردن و شكاندنەوەی كاندیدە مێینەكان لەكاتی بانگەشەكانی هەڵبژاردندا، بەڵام ئەوەی نەوەی نوێ پرسەكەی گەیاندە تەقینەوە كە پێویستە لەسەری رابوەستین، بەتایبەتی ناوەندێكی سیاسی كە ناوی نەوەی نوێی لەخۆی ناوەو تەمەنیشی نەگەیشتۆتە ساڵێك، كەچی دێت بە عەقڵیەتی حیزبەكانی سەدەی رابردوو و دەزگا موخابەرایەتیەكانی دەوڵەتە پۆلیسییەكان یەكەمین كاری دروستكردنی كەیسی سێكسی بێت بۆ ئەندامەكانی خۆی.
گێڕانەوەی متمانە بەناوەندی سیاسی كارێكی ئێجگار قورسە، چونكە ئیتر هەر مێینەیەك دەبێت پێشوەخت قوربانی بە هەموو شتێك بدات و بەر لەبیركردنەوە لەچوونە نێو گۆڕەپانی سیاسەت و حیزبایەتی كردن، خۆی بۆ هەر ئەگەرێك ئامادەبكات، لێرەدا لەغیابی بەهاكاندا دەبێت قانون كار بۆ گێڕانەی ئەو متمانەیە بكات و بەیاسای توند پێش بەو دیاردەیە بگیرێت، بەڵام خودی ناوەندی قانونیش لەو شێوە ئیبتزازكردنە بەدەرنەبوونەو پێشتر بوونەتە قوربانی ئەو گرتە ڤیدیۆییانەو نموونەكەشمان لەسەر تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان بینیوە! كەواتە لەمەشیان دەبێَت لە ئەی رەقیبەوە دەستپێبكەین!