"سێکس" وەک دەسەڵاتی شەشەم
2019-04-27 20:46:02
پەیڕەو ئەنوەر
ئەوەی ئێمە هەستی پێدەکەین و لەناویدا دەژین کۆ دەسەڵاتێکن کە فەڵسەفەی سیاسی و کۆمەڵایەتی لەمێژووی خۆیدا، لەتەمەن و رابردووی خۆیدا بەرهەمیهێناوە. دەسەڵات هەم هێزە و هەمیش مەعریفە! (فۆکۆ) زیاتر دەسەڵات وەک کارخانەیەک بۆ بەرهەمهێنانی مەعریفە وێنا دەکات. لەڕاستیدا دەسەڵات وەک دەزگا، نۆرم و رێسا و هێز هەموو کەرتە کۆمەڵایەتییەکان بەیەکەوە دەلکێنێت، هەر لە دەسەڵاتی یاسادانان و داڕشتنی یاساوە تا دەگاتە دەسەڵاتی جێبەجێکردن، دادوەری، راگەیاندن و کۆمەڵگەی مەدەنی.
ئەم جوڵە میکانیکییەی دەسەڵات و جۆرەکانی کۆ دامەزراوەیەکی رەق و خاوەن زمانی کۆمەڵایەتی و وێنەی کۆمەڵایەتی تایبەتن؛ ئەوەی جارێکی توانای بازدان و خۆ زاڵکردن و هەژموون و تێکشکاندنی رێساکانی نێو ئەو دەسەڵات و زمانی بیرۆکراتیەتی ئەم دەزگایانەی هەیە لە دونیای ئێمەدا "دەسەڵاتی سێکس"، دەسەڵاتی چێژ و بەخشینەوەی مۆدێلە جیاوازەکانی چێژی جەستەیە بە ئەکتەرەکانی نێو دەزگا و دەسەڵاتەکان.
لەڕاستیدا "سێکس" وەک سەرچاوەی چێژ لە دونیابینی ئێمە، مێنتاڵ و وێنەی رۆژانەی ئێمە، لەناو ئامێری بیرۆکراتیەت و جوڵە سیاسییەکانی ئێمەدا وەک دەزگا و کەرتێکی تایبەت و ئۆتۆنۆم دەردەکەوێت و قسەدەکات. نوێنەرایەتی دەسەڵاتێکی تەواو سەربەخۆ و زاڵ بەسەر کۆ سیسمی ئێمەدا دەکات. دوانەی دەسەڵات و سێکس دوانەیەکی تەواو بەیەکداچوو و ئاڵۆزن لە کۆمەڵگەی ئێمەدا بەڵام دەسەڵاتی سێکس هەم زاڵتر و هەمیش فشار و جوڵەکانی بەهێزتر و کاریگرترە!