خستنی ئۆپۆزسیۆن مەترسیدارە
2019-04-26 16:15:12
هەندرێن شێخ ڕاغب
ئەگەر پەرلەمان ئۆپۆزسیۆنی تێدا نەبێت، دایبخەن و ناوێکی دیکە لەم بینایە بنێن. سیستەمی حوکمڕانی پەرلەمانی و دامەزراوەیی بێ ئۆپۆزسیۆن نابێت. لەم خولەی پەرلەمانی کوردستان ھێزە ئۆپۆزسیۆنەکان خاوەن کورسی کەم و پاڵپشتی کەمن، یەکێک لە گرنگترین رەگەزەکانی ئۆپۆزسیۆن لە کوردستان کە بزوتنەوەی گۆڕان بوو، ئێستا بەشداری حوکمڕانی دەکات. تەنھا جوڵانەوەی نەوەی نوێ و یەکگرتوی ئیسلامییە کە خاوەنی ١٣ کورسین دەیانەوێت بلۆکی ئۆپۆزسیۆنی ناو پەرلەمان بن. بەڵام نەوەی نوێ گوتارێکی زۆر راشکاوانە و رون و بەر جەستەی ھەیە کە رێک و رەوان خۆی بە بەدیلی دەسەڵات دەزانێت و دەزانێت چی دەوێت و چی دەڵێت. ئەم پۆلە گەنجە توانیان دەنگی بەرچاو بێنن و دوو فراکسیۆنی پەرلەمانیان ھەیە. من مافی ئەوەم نیە بەھیچ شێوەیەک باس لەدیوی ناوەوەی جوڵانەوەکە بکەم، چونکە نە کادیرو نە ئەندامی ئەم جوڵانەوەیەم. بەڵام وەک ھاونیشتمانیەک سەد دەر سەد مافی قسەکردنم لەسەر وڵاتەکەم و دەسەڵات و حوکمڕانیەکەم ھەیە کە راستەوخۆ پەیوەستە بە ژیانی منەوە.
ئەوەی ئێستا بەرامبەر نەوەی نوێ دەکرێت، بۆ خستن و کەوتن و لاوازکردنیەتی. پرۆسەیەکە پلان بۆ داڕێژراوە. ئەم گەنجە خوێندەوار و پاک و خاوەن ئیرادانە، کەوتونەتە ناو تەڵەیەکی ناشیرینی سیاسیەوە، کە دەیانەوێت بە دژایەتی کردنی سەرۆکی جوڵانەوەکە سەری جوڵانەوەکە ببڕن.
کردەی ئۆپۆزسیۆنی سیاسی لەھەرێمی کوردستان کێشەی گەورەی تێکەوتووە، کە یەکێک لە کێشەکانی پەرتەوازەیی و خراپی پەیوەندییانە، من ئێستاش لەم سیحرە تێناگەم بۆچی بزوتنەوەی گۆڕان و نەوەی نوێ ناکۆکن. بۆچی گۆڕان ھێندە بۆچونی خراپە لەسەر نەوەی نوێ؟ ئایا جوڵانەوەکە بۆ بەئامانج گرتنی پێگەو دەنگی ئەوانە؟ گونجاو نیە ئەو ھێزانەی دەرەوەی دەسەڵات پەیوەندیان ھێندە خراپ بێت، رای جیاوازو بۆچونی جیاواز شتێکەو دوژمنایەتی شتێکی دیکەیە؟
حزبە دەسەڵاتدارەکانی کوردستان دەبێت بەگرنگیەوە سەیری ھێزە ئۆپۆزسیۆنەکان بکەن، چونکە پارسەنگی مانەوەو بەھێزبوونی حوکمڕانی، یەکێک لە کۆڵەکە سەرەکیەکانی ھەبونی ئۆپۆزسیۆنە. ئەگەر پێتان وایە نەوەی نوێ کردەی ئۆپۆزسیۆن نازانێت مومارەسە بکات، ئەوا دەرھاویشتەی دەسەڵاتداریەتی خۆتانە، کە ھەر ئەوەی لێ بەرھەم دێت.
کادیرانو دەنگدەرانی نەوەی نوێ دەبێت بزانن لەدوای روداوەکەی سماقوڵی، جوڵانەوەکەیان فشاری دروست کردووە، جاددەو رێگاوبانەکان وێران و رێگای مەرگ و چاڵ و چۆڵ بوون. کەس بەلایان دا نەدەھات، دوای ئەوەی شاسوار گوتی چاکی دەکەم، بە ملیار دینار تەرخان کرا بۆ چاککردنەوەی رێگاوبانەکان و ھەرزووش سماقوڵیان چاک کرد؟ کەواتە مانای وایە جوڵانەوەکە توانیویەتی ھێزی فشار بێت بۆ سەر دەسەڵات. بۆیە ناشێ بەدەستی خۆتان سەری جوڵانەوەکەی خۆتان ببڕن.
بۆچونم وایە کێشەکانی ناو جوڵانەوەی نەوەی نوێ زۆر گەورە نین، کێشەی کەرکوک و ریفراندۆم و کەپکی حەمەد ئاغاو گومرگ و موچە و پێکھێنانی حکومەت نیە، تاوەکو ھەڵوێستی بەمجۆرە توندە لە سەرۆک و بزوتنەوەکە ھەڵبگرن. ئاسایە حزبە دەسەڵاتدارەکان کێشەیان ھەبێت، چونکە گیرۆدەی ململانێی مێژوویی و حوکمڕانی و داھات و شێوەی دەسەڵاتداریەتین. بەڵام سروشتی نیە نەوەی نوێ خاوەنی کێشەی گەورە بێت، بەڵام دەتوانێت خاوەنی دەستکەوتی گەورە بێت، ئەگەر یەکگرتوو، خاوەن ئیرادەو براو تەبا بن.
ئەو تۆمەتانەی لەبارەی گرتەی سێکسی و دەنگ و رەنگ تۆمار کردن بڵاوکرایەوە، دەخوازێت نەوەی نوێ زۆر توند لەسەر ئەم بابەتە بێتە مەیدان، بەداخەوە بەرامبەر ھەمومان خەریکی گەمەی قێزەونی لەم جۆرەن، کەم ھێزو لایەن و کەسایەتی ماوە سەدان بوختانو سیناریۆی قێزەونی لەمجۆرەی بۆ دروست نەکرابێت. دەبێت کردەوەی لەم جۆرە لە کوردستان بنەبڕ بکرێتو ئەوانەی سیناریۆی وا دەدارێژن کوڕی ئەم کۆمەڵگایە نینو دوژمنی ھەرە سەرسەختی کوردو کوردستانن.
بەڵێ بۆ ھەبونی ئۆپۆزسیۆن..بەڵێ بۆ ئاشتی نیشتمانیو کۆتایی ھێنان بە سیناریۆی قێزەون.