جیاوازی لە نێوان بێلایەنیو مراوەغەكردن
2019-04-25 18:52:53
د. زافر عانی
چەندینجار لە چاوپێكەوتنە رۆژنامەوانییەكانمدا باسم لەوەكردووە, پێویستە عێراق لە كۆتاییدا هەڵوێستی خۆی بەرامبەر بە ململانێی نێوان ئەمریكاو عێراق یەكلابكاتەوەو دەبێت بڕیاربدات كە لە پشت كام بەرەیانەوە دەبێت؟، لە ئێستاوە ئیتر نابێت بڵێت كە رێز لە پابەندبوونەكانی بەرامبەر واشنتۆن دەگرێتو لە هەمان كاتیشدا بڵێت پابەندی سزاكانی ئەمریكا بۆسەر ئێران نابێت، ئەم هەڵوێستە ناڕوونە وادەكات زیانی زۆر بەر بەرژەوەندییەكانی عێراق بكەوێت، هەتا ئەگەری ئەوەش دەبێت هەردوو لایەنەكە بەیەكەوە لەدەستبدات.
جیاوازییەكی گەورە لە نێوان بێلایەنییو موراوەغەكردندا هەیە، بێلایەنی ئەوەیە هەڵوێستی لایەنگیریت بۆ هیچ لایەنێك نەبێت لە پرسێكدا كە كاریگەری بۆسەرت نابێت و هیچ زیانێكی بۆت لێناكەوێتەوە، بەڵام ئەگەر بێلایەنی قورساییت دەخاتەسەرشان، ئەوكاتە دانایی نییە ئەو هەڵوێستەت هەبێت، چونكە لە كۆتاییدا بێ ویستی خۆت دەتكاتە لایەنێكی ململانێكە.
هیچ كەس نكوڵی لە ئاستی هەژمونی ئێران لە عێراقدا ناكات، هەتا هەژمونی ئەو گروپە چەكدارانەی كە پەیوەندییان بە وەلفی فەقیهەوە هەیەو وەلائیان بۆی هەیە!! ئەم گروپانە لە توانایاندایە كە هەڕەشە لە دەوڵەت بكەن، ئەگەر عێراق رێگایەكی نادۆستانە لەگەڵ ئێران بگرێتەبەر، هەروەك چۆن بڕیاردان لە پابەندبوون بە سزاكانی ئەمریكاوە زۆر قورس دەبێت بۆمان، بەهۆی پێویستیمان بە غازی ئێرانو بازرگانی لەگەڵیدا، بەڵام كێ دەڵێت دەوڵەتان هەندێكجار پێویستیان بە بڕیارگەلێكی قورس نیە؟ بەڵكو لە بنچینەدا سەركردە مێژووییەكان ئەوانەن كە پەنا بۆ بڕیاری زۆر قورس دەبەن كە دەزانن لە بەرژەوەندی دەوڵەتو هاوڵاتیانیاندایە.
بڕیاریدان بە پشتگیریكردنی ئێرانو رەتكردنەوەی سزاكان، بڕیارە زۆر قورسەكەیە، چونكە دەوڵەتی عێراق دەخاتە ناو بازنەی سزاكانی ئەمریكاوەو نامەوێت وردەكاریی ئەو زیانانە باسبكەم كە بەر عێراق دەكەون، چونكە ئەوە بەسە كە یەدەگی پارەو مامەڵەی نێودەوڵەتیمان هەمووی بە دۆلاری ئەمریكییەو ئابوری عێراق هەمووی پشت بە هەنارەی نەوت دەبەستێتو زۆر پاشەكشە دەكات ئەگەر سزاكان بمانگرێتەوە، جگە لەدەستدانی هەوڵە نێودەوڵەتییەكان لە بواری قەلاچۆكردنی تیرۆردا، كاتێك واشنتۆن لە پێشەوەی دەستپێشكەرانەوەیەو عێراقیش هەتائێستا لە تیرۆر رزگاری نەبووە.
بە قەناعەتی خۆم، دەتوانین بڕیاری سەربەخۆی خۆمان بدەین بە قایلبون بە سزاكانی ئەمریكا، بەڵام مەرجی ئەوە بۆ ئەمریكییەكان دابنێن كە ئەركەكانی خۆیان جێبەجێ بكەن لە قەرەبووكردنەوەی عێراق بۆ ئەو زیانانەی كە لێی دەكەون بەهۆی جێبەجێكردنی سزاكانەوە، بە تایبەتی كارەبا, هەروەها پێویستە جێگرەوەی خێراو گەرەنتیكراومان بۆ بدۆزنەوە لە سعودیە یان قەتەر یان وڵاتێكی تر, بە جۆرێك كە هاوڵاتی زیانی پێنەگات و حكومەتیش رووبەڕووی لەرزین نەبێتەوە بە قۆزتنەوەی نەهامەتیەكانی هاوڵاتیان.
چونە پاڵ ئێران، قبوڵكردنی بەردەوامی هەژمونی ئێرانە لە عێراقدا لە رێگەی میلیشیاكانییەوە، هەروەها لەدەستدانی سەربەخۆییەتی بە تەواوەتی، ئەگەر وا سەیری پرسەكە بكەین بەوەی سزاكان هەلێكن بۆ رزگاربوونمان لە هەژمونی ئێرانو پتەوتربوونی سەربەخۆیی دەوڵەت, ئەو كاتە بڕیاربەدەستان درك بەوە دەكەن قبوڵكردنی مەرجدانی سزاكانی ئەمریكا بۆسەر ئێران بڕیارە نمونەییەكەیە.