Draw Media

چاكسازی لەكوێوە دەستپێدەكات ؟

چاكسازی لەكوێوە دەستپێدەكات ؟

2019-04-23 20:35:44


گۆران عەلی كەریم
   عێراقی ئێستا خەریكە وێنەیەكەی رونترو و ئاشكراتری دەبێت، هەر چەندە نەخشەی سیاسییەكەی لەتابلۆیەك دەچێت، كە جێگە پەنجەو دەستی نادیاری پێوە دیارە، بەڵام بەئاسانی هەمومان دەتوانین وێنەكە بینین.
 سێ سەرۆكایەتیەكەی كە پێكهاتەیەكە لە شیعە و سونە و كورد، هەرچەندە ئەمە لەدەستوری عێراقدا ئاماژەی پێنەدراوە، بەڵام وا بۆ چوار خول دەچێت وەك عورفێكی سیاسی لێهاتوە، هەربۆیە كورد لەسەر سەرۆككۆماری، شیعە بۆ سەرۆك وەزیرانی و سوننەش بۆ سەرۆكی پەرلەمان لەناوخۆیاندا كێبەركێیانە نەك لەگەڵ یەكتر. بەڵام لەپێكهێنانی دەوڵەتدا رێكەوتنی لەسەركراوە. 
چەند هەفتەیەكە باس لە سەرهەڵدانی بەهاری عەرەبی ئەكرێت، پێشبینیەكان ئەوەیە گوایە لەمانگە گەرمەكانی هاویندا، ئەگەری سەرهەڵدانی نارەزایەتی لەشارەكانی خوارو هەیە، دیارە عێراق وڵاتیكی پركێشەیەو لێواو لێوە لە گەندەڵی، عێراقی دوای سەددام هێشتا نەیتوانیوە لەسەر پێیەكانی خۆی بوەستێت،  بونی گەندەڵی و بەهەدەردانی سامانی گشتی كەبەشێكی زۆری هێزە سیاسیەكانی لەپشتەو  هەندێكیان تۆمەتبارن بەوەی كە ئەوان رێگە خۆشكەرن بۆ ئەم دۆخە،هەمو ئەوانە وایكردوە ویستێك دروست بێت تەرو وشك پێكەوە بسوتێنێت، بەڵام بەئاسانی هەست بەو بزوێنەرەش دەكرێت، كە بەشێك لەو هێزانەی لەپشتەوەیە كە خۆیان سودمەندن لەدرێژەپێدانی ئەم دۆخی گەندەڵی. گرفتی نێوان پێكهاتەكانی عێراق، گرفتی دروستكراوە،زۆر بە ڕونی ئەوە دیارە هەمو ئەو هاندان و پیلانگیڕیەیی دەرەوەی عێراق، وایكردوە هەندێك بەویستی بەرژەوەندیەكانی خۆیان خوێندنەوە بۆ دۆخی عێراق بكەن، رەنگە بەشێكی رەخنەو گازندەكان لە سۆنگەی ئەوەوە بێت خۆیان لەم نەخشەیە بەشی كەمیان بەركەوتوە و خوێندنەوەكەیان تێكەڵ بە ئەجێندای كەسایەتی خۆیان بكەن.  
عێراق و عێراقیەكان چەندین ساڵە لەناو دۆخی خراپ و جەنگی قورسدا دەژین، حوكمی فاشی بەعسیەكان، شەڕی هەشت ساڵەی عێراق- ئێران، گەمارۆی ئابوری، جەنگی كەنداو، دواتریشیان گرفتەكانی ناوخۆ و شەری كاولكاری داعش، بەشێكە لە وەیشومەی مێژوویەكی درێژ و تا ئێستاش بەردەوامە، پرسیارەكە ئەوەیە، ئایا عێراق پێویستی بە چاكسازییەكی ریشەی و شێنەیی هەیە، یان بە بەهارێكی عەرەبی هاوشێوەی وڵاتانی تری عەرەبی؟، ئاخۆ ئەو وڵاتانەی بەهاری عەرەبی تیدا رووی داوە بەكۆێ‌ گەیشتون؟، خەڵك چەند سود مەند بوون؟، ئەمە لەكاتێكدایە کەدەسەڵات لەعێراقدا، هەر چەند ساڵێك قابیلی گۆرانكارییە و كورسی دەسەڵات وەك دەسەڵاتە شمولییەكان لەسەر هیچ كەس و لایەنێك تاپۆ نەكراوە.
 لەعێراق چەك لەدەستی چەند هێزێكی ملیشایی حزبی و مەزهەبیدا هەیە، بۆیە گرنگە بەهەستیاریەوە سەیری دۆخەكە بكرێت، بەتایبەتی لەم كاتەدا كە عێراق خەریكە دەبێتە چەقی، بەریەكەوتن و كێبەركێكان، بۆیە بۆ لایەنەكان و خەڵكیش واباشترە، لەبەرژەوەندیی تەسكی خۆیانەوە سەیری دۆخەكە نەكەن، چونكە ئێستا سەرباری ئەو تێبینیانەی هەیە، سێ‌ سەرۆكایەتیەكە، توانیویانە ئاڵۆزی هەرێم و ناوەند، شیعەو سونە، كوردو عەرەب تارادەیەكی باش خاوبكەنەوە، بەتایبەتی كە بەهەوڵی دبلۆماسی سەرۆكایەتی كۆماری عێراق رووی لەكرانەوە كردوە و پەیوەندیەكانی خۆی لەگەڵ ولاتانی دراوسێ‌ و جیهان رێكخستۆتەوە. مرۆڤی هوشیار لێرەوە سەیری دیمەنەكە دەكات، نەك لەو شوێنەوە كە خۆیی و بەرژەوەندیەكانی دەبێتە چەقی بیركردنەوە، گرنگە پرسە زاتییەكان گرفتە ئیدارییەكان، نەكرێتە بەهانە بۆ پەلاماردان و شەرعیەت دان بەپلار هاویشتن، گرنگە لەوەتێبگەین كە گۆرانكاری و چاكسازی ئەوەیە مرۆڤ لەدائیرەكەی نزیك خۆیەوە دەستپێبكات، چونكە ئەوەی دەوترێت تۆیەك بۆ دەوروپشتەكەت باش نییت، ئەو رێچكەیەیە كە دەمانباتەوە سەرمەحسوبیەت، بۆیە ئەوەی دەكەوێـتە دەرەوەی بازنەكە، هەقە لەوەتێبگات چاكسازی لەلای ئەوەوە دەستی پێكردوە

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand