Draw Media

مەسڕوڕ بارزانیی و قوباد تاڵەبانی پلانیان بۆ روبەڕوبونەوەی بێکاریی چییە؟

مەسڕوڕ بارزانیی و قوباد تاڵەبانی پلانیان بۆ روبەڕوبونەوەی بێکاریی چییە؟

2019-04-23 19:55:21


كەمال چۆمانی     

لە بانگەشەی هەڵبژاردندا، زۆربەی هێزەکان باسی دروستکردنی دەرفەتی کاریان دەکرد. قوباد تاڵەبانی لە هەمویان زیاتر. لە هەرێمی کوردستاندا، کێشەیەکی گەورە بێکارییە کە مەحاڵە حکومەت چارەسەری بکات. هیچ ئامارێکی فەرمیی و بڕواپێکراو نییە کە رێژەی بێکارییمان پێبڵێت، بەڵام بەدڵنیایی رێژەی بێکاریی، بەتایبەتتریش لەناو گەنجان، مەترسیدارە.
کێشەیەکی بێکاریی هەر ئەوە نییە کار نییە، بەڵکو لە دونیای ئەمڕۆدا، هەندێک پسپۆڕیی و لێزانیی هەن چیتر لە بازاڕی کاردا شوێنیان نابێتەوە، پیشەیەک نییە بیکەن. واتا کێشەکە هەر نەبونی کار نییە، بە نمونە دکتۆرێک دەکرێت ئەمڕؤ کاری نەبێت، بەڵام سبەی کاری دەستدەکەوێت، بەڵکو کێشەکە قوڵترە لەوە چونکە هەندێک پسپۆڕیی هەن لە ئێستدا لە بازاڕدا ناتوانرێت بخرێنە سەر کار. بە پێشکەوتنی ئابوریی هەرێمی کوردستانیش، بەتایبەتتریش بە پێشکەوتنە دیجیتاڵ و ئەلکترۆنییەکان، بازاڕی کار کێشەی زیاتری تێدەکەوێت. بۆ نمونە، ئەگەر لە هەرێمی کوردستاندا گواستنەوەی گشتیی پێشبکەوێت، پاس و ترام لەناو شارەکاندا جوڵە بکەن، ئەوا شۆفێرانی تەکسیی دەکەونە قەیرانێکی زۆر گەورە کە تەکسیی پیشەیەکی بەهێزە لە کوردستاندا.
کەم شوێن هەن لە دونیادا هێندەی زانکۆکانی هەرێمی کوردستان ساڵانە بڕوانامە ببەخشنە خوێندکاران، بەڵام ئەو خوێندکارانە ئامادە ناکرێن بۆ هیچ کارێک، ژمارەیەکی کەمیان نەبێت. هەندێک پسپۆڕییش هەن لە بازاڕی کاردا شوێنێکیان نییە کاری تێدا بکەن. لە شارێکی وەکو هەولێری پایتەختدا، دو دەزگای هونەریی نادۆزیتەوە بۆ نمونە کە دەرچوانی هونەرە جوانەکان بتوانن کاری تێدا بکەن. وەزارەتی رۆشنبیرییش هیچ پڕؤژەیەکی ئەوتۆی نییە بۆ دەرچوان، تەنانەت فەندێکی بچوکیش نییە بۆ هونەرمەندێک ئەگەر بیەوێت داهێنانێک بکات. دەرچوانی مێژو لە کوێ کاربکەن؟ ئەی ئەوانەی جیۆگرافیا و کۆمەڵناسیی و زمانی کوردیی؟ 
ئەمڕۆ لە دونیادا، زۆر باس لەو مەترسییە گەورەیە دەکرێت کە لە داهاتودا ئامێرەکان لە ئینسان زیرەکتر دەبن، تەنانەت دەکرێت ئەپڵیکێیشنێک باشتر لە دکتۆرێک چارەسەریی نەخۆشییەکانت بۆ بنوسێت. دەکرێت سەیارەی زیرەک جێی ئەو سەیارانە بگرێتەوە. ئەمە مەترسیی گەورەن، بەڵام دونیا باسیان دەکات و بەدوای چارەسەریین. لە هەرێمی کوردستاندا، قەیرانەکان زۆر قوڵن، کەچی پۆپیولیستانە بەرپرسانی حکومەت و حیزبەکان زۆر بەسادەیی باس لە دۆزینەوەی کار و دروستکردنی دەرفەتەکان دەکەن. دەبێت ئەوە بزانن کە بێکاریی ناو گەنجان هەڕەشەیەکی هەرە گەورەیە کە لە داهاتوی زۆر نزیکدا روبەڕوی حکومەت و حیزبەکان دەبێتەوە. بێکاران ناتوانن دە ساڵی تر چاوەڕێبکەن بۆ ئەوەی کاریان دەستبکەوێت، یان خۆیان هەڵوێست وەردەگرن یان زۆر ئاسانە لەلایەن گروپی جیاجیاوە بێهیوایی و دەردەسەرییان بقۆزرێتەوە.
مەسڕوڕ بارزانیی دەبێتە سەرۆکی حکومەت و قوباد تاڵەبانییش دەبێتە جێگری. ئەوان هیچیان پسپۆڕیی ئابورییان نییە. لە دەوروبەریشیان کەسانی ئابوریناس نین. دەزگاکانیش لەو بوارە کارناکەن. هیچیشیان ناتوانن کۆتایی بە گەندەڵیی بهێنن. هەردوکیشیان تا ئێستا قسەیەکی جدییان لەسەر بێکاریی نییە، ئەوەی هەیە تەنها قسەی سەر شاشەیە. هەمو تەرکیزیشیان لەسەر حکومەتە. حیزبایەتیی و خزم-خزمێنەش بازاڕی کاری قۆرخکردوە. کەرتی تایبەت ناڕێکخراوە. هەرچەندە زۆر دەڵێن پێویستە کەرتی تایبەت پێشبخرێت و کار دروستبکات، بەڵام ئەو کارانەی کەرتی تایبەت بۆ نمونە لە ئێستا لە بازاڕدا فەراهەمی کردون، بە زۆربەی ئەو کەسانە ناکرێت کە لە زانکۆکان دەرچون. 
ئەگەر بارزانیی و تاڵەبانیی بەجدیی بیر لە چارەسەرکردنی قەیرانی بێکاریی نەکەنەوە، ئەوا ئەو کابینەیە، بە پێچەوانەی کابینەکانی تر کە ئۆپۆزسیۆن و فەرمانبەران دژی راپەڕین، بێکارانی گەنج دژی رادەپەڕن.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand