Draw Media

هەڵبژاردنەكان رێگەی توركیایەكی دیموكراتی نیشاندا

هەڵبژاردنەكان رێگەی توركیایەكی دیموكراتی نیشاندا

2019-04-20 17:33:57


سەلاحەدین دەمیرتاش- واشنتۆن پۆست     
وەرگێڕانی: فازل حەمەڕەفعەت     

هەڵبژاردنە خۆجێییەكانی ئەمدواییە كە 31ی مارس بەڕێوەچوو، چەند پەیامێكی گرنگی دا دەستەبژێری دەسەڵاتداری وڵات- بەر لە هەموانیش بە رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆكی وڵات. ئەردۆغان كە بەوپەڕی مكورییەوە هەڵبژاردنەكانی وەكو راپرسی لەسەر دەسەڵاتەكەی لێكدەدایەوە، دوچاری شكستێكی داماوانە بوو. پارتەكەی دەسەڵاتی بەسەر پێنج گەورە شاری وڵاتدا لەدەستدا، لەناویاندا شارەكەی خۆی، ئیستانبوڵ، كە ژیانی سیاسی خۆی لەو شارەوە دەستپێكرد.
لەم ساڵانەی دوایدا، پارتی دادو گەشەپێدانی دەسەڵاتدار كە ئەردۆغان سەرۆكایەتی دەكات، تەنیا لە دیموكراتیەت دورنەكەوتوەتەوە، بەڵكو لە بەها‌و ئەكارە راستەقینەكانی ئیسلامیش دوركەوتووەتەوە، سەرۆك رەخنەكانی لەبارەی گەندەڵی‌و ستەم‌و زۆرداری پشتگوێ خستووە كە بوون بە بابەتی پەیوەندیدار بە پارتەكەیەوە، ئەو ئێستا بەهۆی لوتبەرزییەوە روبەڕووی باجێكی سیاسی گەورە دەبێتەوە.
هەزاران كەس لە ئەندامانی پارتی دیموكراتی گەلان (HDP) كە دەبوو ئێستا بەشداربونایە لە سیاسەتدا- لەنێویاندا من- بەهۆكاری سیاسی لەناو زینداندا سەركوتكراون، هێزە ئەمنییەكان بەردەوامن لەسەر فشارو دروستكردنی كۆسپ بۆ ئەو ئەندامانەی پارتەكەمان كە تائێستا دەستگیرنەكراون. زۆرێك لە ئێمە لەلایەن بەرپرسانی حكومەتەوە وەكو "تیرۆریست" تاوانباركراوین، لەگەڵ ئەوەشدا، پارتەكەم، كە بۆ ماوەی چەند ساڵێك سەرۆكایەتیم كرد، لەم هەڵبژاردنەی دوایدا توانای خۆی دەرخست.
سەركەوتنی هەڵبژاردن بۆ پارتی دیموكراتی گەلان، سەرباری هەموو ئەو بەربەستانەی كە روبەڕووی بووەوە، سەركەوتنێكی جوان بوو. ئەوە نیشانەی ئەوەیە پارتی دیموكراتی گەلان‌و زۆرێك لە لایەنگرە كوردەكانی هێشتا ملكەچی رێوشوێنە سەركوتكارییەكانی دەوڵەت نەبوون. جارێكی تر، دەنگدەران گوزارشتیان لە ئامادەگی خۆیان كرد بۆ پێكەوەژیان لە توركیایەكی ئازاد‌و یەكسان‌و دیموكرات‌و ئاشتیخوازانەدا.
پەرەسەندنەكانی ئێستای خۆرهەڵاتی ناوەڕاست (بەدیاریكراوی سوریا) بەڕوونی ئەو ئاڕاستەیە دەردەخەن كە دەبێت توركیا بیگرێتەبەر: دەبێت كۆشش بكەین بۆ بەدیهێنانی یەكێتی‌و پێكەوەیی كۆمەڵایەتی. ناتوانین ئەم ئامانجە بەدی بهێنین جگە لە كۆبونەوە لەدەوری بنەماكانی ئاشتی‌و دیموكراتی.
تاكە رێگە بۆ خۆبەدورگرتن لە قەیرانی ئابوری كە ئاسۆكەی دەركەوتووە- بەدیاریكراوی لە بەرزبونەوەی ئاستی بێكاری‌و بەرزبونەوەی هەڵاوسان- خۆی دەبینێتەوە لە جێبەجێكردنێكی خێرای چاكسازی سیاسی دیموكراتی. تۆماری پێشووی دامەزراوەی سیاسی كە جەختی لەسەر "ئەردۆغان" كردووە، ئاماژە بەوەدەكات ئەو، ئیرادە‌و تواناو ئازایەتی نییە ئەو كارە بكات.
سیاسەتەكانی "ئەردۆغان" بۆ پەرتكردنی ئۆپۆزسیۆن، بەتایبەتیش گەلی كورد، زیاتر كۆمەڵگە پەرتدەكات، زۆرینەی هەرە زۆری كورد لە توركیا دەیانەوێت بەشێوەیەكی ئاشتیانە لەگەڵ برا هاوڵاتییەكانی تریاندا بژین؛ بەشی پێویست توندوتیژی‌و جەنگیان بینیوە، بەڵێ، راستە كورد كۆمەڵێك داواكاری سیاسی‌و كۆمەڵایەتی‌و كلتورییان هەیە، هەموو ئەوانە پێویستیان بە دیموكراتییەتی زیاتر هەیە، ئێمە لە ئۆپۆزسیۆن بەڵێنماندا كاربكەین لەپێناو بەدیهێنانی ئەو ئامانجانە. لەگەڵ ئەوەشدا، بەرپرسیارێتیی بنەڕەتیی شكستهێنانی پابەندبوون بەو بەڵێنانە، دەكەوێتە ئەستۆی سەرۆك‌و پارتەكەی.
زۆرێك لە چالاكوانان، لە ناو زیندان‌و دەرەوە (لەناویاندا لەیلا گۆڤەن، یەكێك لە ئەندامانی پارتەكەمان لە پەرلەمان) مانیان لە خواردن گرتووە. تاكە داواكاری ئەوان كۆتایهێنانە بە گۆشەگیری تەواوەتی لەسەر رێبەر عەبدوڵا ئۆجەلان. ماوەی 20 ساڵە "ئۆجەلان" لە بارودۆخێكی زۆر سەختدا لە گرتوخانەیەكدا لە دورگەی "ئیمرالی" دەستبەسەرە، تەنانەت رێگەنادرێت پارێزەرەكان‌و ئەندامانی خێزانەكەشی سەردانی بكەن. مانگرتووەكان دەزانن "ئۆجەلان" رۆڵی یەكلاكەرەوە دەگێڕێت لە چارەسەری ئاشتیانە‌و دیموكراتی دۆزی كورددا لە توركیا.
ئاشكرایە "ئۆجەلان" كاریگەری گەورەی هەیە لەناو كوردەكانی توركیا‌و سوریاشدا. ئەوەش زانراوە كە لەسەر ئاستێكی فراوان، لە هەر پرۆسەیەكی ئاشتی چاوەڕوانكراودا، پارتی كرێكارانی كوردستان (PKK) جگە لە "ئۆجەلان" گوێ بۆ كەس ناگرێت، وا باشترە بڵێین ناكرێت هیچ پرۆسەیەكی ئاشتی لە كۆتایدا سەركەوتوو بێت بەبێ بەشداری "ئۆجەلان"، لەبەر ئەم هۆكارە، بەر لە چەند ساڵێك "ئەردۆغان" خۆشی بژاردەكانی ئاشتی لەگەڵ رێبەری پارتی كرێكارانی كوردستان بۆ دەركەوت. بەشێكی زۆری گەلی كورد "ئۆجەلان" بە میحورێكی زیندوی كارای دۆزەكە دەزانن.
سەرباری ئەوەش، ئەنجامەكانی هەڵبژاردن جەخت لەسەر ئەوە دەكەن كە هەموو گەلی توركیا، نەك تەنیا لایەنگرانی پارتەكەمان، پێكەوەژیانی ئاشتی‌و دیموكراتییان دەوێت. ئەوان دژی ستەمكاری‌و حوكمی تاكەكەسین. ئومێدەوارین "ئەردۆغان" لەمە تێبگات. ئەگەر وانەكات، رەنگە لە هەڵبژاردنەكانی داهاتوودا روبەڕووی گورزێكی تر ببێتەوە.
هەموو ئەندامانی پارتەكەمان – بەوانەشەوە ئێستا لە زینداندان- بەردەوام دەبن لەسەر كاركردن بەبێ ئەوەی باوەڕی خۆیان بە بەرخودانی دیموكراتی‌و ئاشتیخوازانە لەدەستبدەن. ئێمە باوەڕمان بە ئایندەیەكی رۆشن‌و دیموكراتی هەیە بۆ توركیا. لەوباوەڕەداین ئەم هەڵبژاردنە رێگەی بۆ پێشەوە نیشاندا. لەگەڵ ئەوەشدا، ئەگەر حكومەت بەردەوامیدا بە كاروانی ستەمكاری، من دەترسم قەیرانی سیاسی‌و ئابوری قوڵتر لەرێگادا بێت.
داوا لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەكەین توركیا هانبدات رێگەی دیموكراتی‌و ئاشتی هەڵبژێرێت، دەبێت وا بین، ئێمە گەلی توركیا دەتوانین ئەوە دەربخەین كە دەتوانین لەڕێگەی دیالۆگەوە كێشەكانمان چارەسەر بكەین، سەرباری جیاوازییە زۆرەكانمان. مێژووی ئەناد‌وڵ‌و وڵاتی نێوان دوو روبارەكە نمونەی زۆری یەكێتیمان لەناو فرەیدا نیشان دەدەن.
ئەندامانی پارتی دیموكراتی گەلان‌و كوردی توركیا هەمیشە ئامادە دەبن بۆ ئاشتی، لەوبڕوایەداین ئێمە سەردەكەوین. وڵاتێك دروستدەكەین كە خاوەنی دیموكراتی‌و ئابورییەكی بەهێز بێت، ئەمەش لەرێگەی كۆكردنەوەی هەموو لایەنەكانی كۆمەڵگاكەمانەوە، هەڵبژاردنەكانی 31ی مارس رێگە راستەكەی نیشانداین.
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand