مەریوان وریا قانع چ ئیمتیازێکی ئەوێت، وا پەلاماری ئەدەن؟!
2019-04-20 16:21:20
هادی حەمە رەشید
1
ئیریك_ڤۆگڵین:(شێتەکان سەرکەوتوون لەوەدا کە عاقڵەکان لە شێتخانە توند بکەن)
ناوی ئەو کۆمەڵە نووسەرەی کە بە(ڕەهەندیی)یەکان ناو ئەبران، مێژوویەکە لەناو ئێمەدا بەربڵاو و ناسراون، ئەکرێت جیاواز و دیدگایان جۆراوجۆر بێت بۆ چارەسەری کێشەکان، بەڵام خاڵی هاوبەشیان دوو ڕستەی پڕ بەهایە و ئەوانی کردووە بەو کائینەی کە قابیلی بەرگریی لێکردن بن;
یەك: هەموویان ئەم دەسەڵاتە بەشیاوی خەڵکی کوردستان نازانن.
دوو: داوای هیچیان بۆ خۆیان نەکردووە، بێ مەبەستی کەسیی پشتگیریی پڕۆژەی گۆڕانکارییان کردووە.
سەردەمێکە ئەوان بەڕاقییترین زمان و لۆژیکیترین و نوێترین میتۆد ڕەخنە لە سیاسەت و کایەی حیزبایەتیی و بەڕێوەبردن ئەگرن و تاکە چەکی دەسەڵاتیش بوغزاندن و تەخوین و پەلاماردانیانە.
دەیان بەرنامە و وتار و کۆڕ لە زاگرۆس و کەی تیڤی و گەلی کوردستان و ڕۆژنامەی هەولێر و گوڵان و دەزگا سێبەرەکانی پارتی و یەکێتی دژ بە سومعەی ئەم ڕووناکبیرانە ئەنجامدراوە، سەدان جوڵەی شەرمەزارانە لەدژی ئەم فیگەرە جوانانە لەهەناوی پارتی و یەکێتی و پاشکۆکانیانەوە هاتووەتە دەرەوە، تەنیا لە پەرچەکرداری ئەوەی کە ئەم سیستمەیان پێ ناشیاو بووە!
لە تابلۆی ئەم جارەی پەلاماردانی یەکێك لە سیمبۆل و کاریگەرترینیان کە بیریار و نووسەر(مەریوان وریا قانع)ـە، هەستناکەیت کە گۆڕانکاریی بەسەر لۆژیك و میتۆدی پەلاماردانەکەدا هاتبێت، بەڵکو بەداخەوە گۆڕانکاری ڕیشەیی بەسەر تایپ و هاوکێشە حیزبییەکەدا هاتووە، ئەو بزووتنەوە جەماوەرییەی کە بەشێکی گەورەی بەرهەمهاتنی لە ئەنجامی ڕەخنە کەڵەکەبووەکانی ئەوانەوە بەرهەمهاتووە، وا ئێستا هەمان ڕۆڵی حیزبەکانی پێشووتر وازی ئەکات لە پەلاماردان و بوغزاندن و تۆمەت هەڵبەستن بۆ مەریوان و ئاراس فەتاح و هاوڕێکانیان!
ئەوەی پێیئەوترێت(گۆڕانخوازان) ڕێزێکی تایبەتیان هەیە بۆ هەموو ئەو نووسەر و ڕۆشنبیر و چالاکوانانی مەدەنیی و مافی مرۆڤ و ئەکتیڤیستی ناو سۆشیالمیدیا و تاد، بەداخەوە ئەوەی کە ئێستا ئاراستەی ئەم زەینە کۆیلەکراوە ئەکات بریتییە لە (گۆڕانی گردەکە) ئەوانەی کە حەز و ئارەزووە ناشەرعییەکانیان لە پۆست و دەسەڵات هەموو ئاوەزێکی ڕامکردوون و ئامادەن منەوەر و بیریارانی ئێمە بە خائین و قەڵەمفرۆش وێنا بکەن و لەبەرامبەر ئەو بۆشاییە بە کۆمەڵێکی وەك خۆیان وابەستەی خێزان و ماڵباتە سیاسییەکان پڕبکەنەوە!
2
مەریوان و ئاراس تایبەتتر و هاوڕێکانیان بەگشتی، زۆر بەساخەوەتەوە پشتگیریی گۆڕانکاریی لەسیستمی سیاسی لەکوردستان و وردتر بڵێین سەپۆرتی پڕۆژەی(بزووتنەوەی گۆڕان)ـیان کردووە، چەندین جار لەگەڵ یادی بەخێر #کاك_نەوشیروان ـدا یەکتریان بینیوە و بەبایەخەوە گوێبیستی سەرنج و پێشنیارەکانیان بووە و لە باسی پێکهێنەر و رەگەزە بنەڕەتییەکانی گۆڕاندا ئەوانی وەك کۆڵەکە و دینگەی گرنگ لەتەنیشت تێکۆشەرانی ناڕازیی ناو حیزبەکانیتر ناساندووە.
کەچی ئێستا لە پێش هەموو بێ تفاقەکانی گردەکەوە، گەنج و قات لەبەرەکانیان، لێرەولەوێ لە مەجلیسی چا خواردنەوە و چوونە دەرەوەکانیان بەخراپترین شێوە ڕۆڵیان ئەشێوێنن و کەسێتییان تەشویهـ ئەکەن، بۆ خۆیان لەناو ماشێنی بەرز و گرانبەها و باڵەخانە و ڤێللای پۆشتە و پەرداخ کە کرێی عارەقە و خوێنی گۆڕانخوازانە وەریان گرتووە، بە بینینەوەی خۆیان لەناو دنیای نووسینگە و ژووری تایبەت و سکرتێر و پاسەوان و پشکی بازرگانیی، تێر نابن ئیرەیی بە گەورەیی ڕۆشنبیرانی قازانج نەویستیش ئەبەن و ڕۆژانە لەو مەجلیسانە و شەوانەش لەڕێگای چەند ئەدمینێکی کڕاو و فەیسبووکەوانانەوە پەلاماری تەلاری پڕ لە زانست و فیکر و ویقاری نووسەرانی پابەند بە بەهای ئەخلاقییەوە ئەدەن!
لەبەرامبەردا تەمجیدی گوتارێکی ساختەکارانە ئەکەن کە بۆ زیاتر دەستەمۆکردنی گۆڕانی گردەکە موغازەلەی سیاسەتی ئێستایان ئەکەن!
دەستاو دەستکردن و ناردنی وتارەکانی (عارف قوربانیی و ڕێبوار کەریم وەلی) لەم سۆنگەیەوەیە، ئەم گۆڕانکارییە دراماتیکییە ناکرێت چاوی لێ داخرێت، ئەو گۆڕانخوازە پاك و بێ تەماحەی کە تا ئێستاش پشتگیریی لەو دەستەبژێرە گەندەڵەی گردەکە ئەکەن، بیانەوێت یان نا، کەوتوونەتە ژێر چەواشەکاریی لێکدانەوە و پاساوە پڕ لە پارادۆکس(دژیەك، ناتەبا) بە بۆچوونەکانی پێشوویان، ئاخر ئەگەر لە تەنگەتاوییدا نەبن پشت بە وتاری ئەو دوو زاتە ئەبەستن کە دیزاینەر و داڕێژەری گوتار و سیاسەتی باڵە توندەکەی پارتین دژ بە ئازادیخوازان؟!
مەریوان و ئاراس وا نزیك بە چل ساڵە ئەنووسن، زیاد لە چارەکە سەدەیەکە ڕەخنە لەم سیستمە داڕزیوە ئەگرن، بە ئەرك نەبێت کێ ئەتوانێت بچووکترین داواکاریی ماددییان لە هیچ هێزێك بخاتەڕوو؟!
ئایا وەك (قات لەبەر و شیکپۆشەکانیتر) پاڵێوراون یان هیچ پاڵێوراوێکیان هەبووە لە هیچ کابینەیەکدا بۆ وەزارەت و پلە و پۆستەکان؟!
3
ڕۆژانە گوێبیستی وازهێنانی چەند ئەندامێکی سەرکردایەتی، م.س، جڤات، ئەنجوومەنی بەڕێوەبردن و تاد حیزبەکانین، سەیرم لێ دێت هاوڕێکانیان زەق زەق لەو دیمەنە ئەڕوانن و شۆك نابن، تا سەرە دێتە سەر خۆیان و ئەبنە خۆراکی سەقەتی میتۆدی سیاسەت لەم هەرێمەدا!
پارتی ساڵانێکە یەکلایە بۆ خێزانێك، سەرزەمینێك لە خەڵکی بێدەنگ و پابەند بە سیاسەتی خۆیەوە دروست کردووە، هەڤاڵانی ئەو حیزبە جگە لەوەی کە هەمیشە کڵێشەی عەریزەیەکیان لە گیرفاندایە بۆ داواکردنی ئیمتیازاتی مادیی، ئیتر سەرئێشەی نەماوە بۆ پارتی!
پارتی دەرزەنێك حیزبی لەسەر خۆی کۆپی پێست کردووە، و دۆخی کۆی حیزبەکان تا دێت وێرانتر ئەبن، لە ئیسلامی و عەلمانییانەوە سەرگوزەشتەی سەیر ئەبیستین!
نوێترین و ساختەترینیان #نەوەی_نوێ ـیەکەی شاسوار بوو کە هەواڵی زۆر عەنتیکە(بەڵام چاوەڕوانکراو) لەڕیزەکانی ئەو جوڵانەوەیەوە بەرگوێمان ئەکەوێت!
لەدۆخێکی وادا ئەتانەوێت مەریوان و ئاراس خوایە وەتەن ئاواکەییتان بۆ بڵێن؟! ستایشتان بکەن و حیکمەتی هەنگاوە بێ حیکمەتەکانتان بۆ خەڵك شی بکەنەوە؟!!