نا بۆ حزب و حوكمڕانی بنەماڵە!
2019-04-20 12:26:36
رابون مەعروف
بە درێژایی ئەو ماوەیەی لە پەرلەمانی کوردستان بوم، ھەمیشە و بەردەوام، تا کۆتایی لەبەردەم خوای گەورە، لەگەڵ خەڵك ڕاستگۆ و راشکاو بوم و راستی و روداوەکانی پشتی پەردەم گەیاندە خەڵك. لە پێناوی پەیامەکەمدا، دەیان جار ژیانی خۆم خستە مەترسیەوە، بەڵام رۆژێك سڵم نەکردەوە و بەردەوام بوم.
ئێستا لە پەرلەمانی عێراق، کە خوای گەورە، لەگەڵ ھاوڕێکانم، ئەرك و ئەمانەتێکی تری خستوینەتە سەر شان، یان دەبێت ئێمەش خەریکی دابینکردنی ژیان و ئایندەی شەخسی خۆمان و خێزانەکانمان بین و لە ئاستی بێدادی و ناحەقی تۆڕەکانی مافیای سیاسەت و بازرگانە چاوچنۆکەکان بێدەنگ بین و بەشداری بکەین لە چەواشە کردنی رایگشتی و دەست بە کڵاوی خۆمانەوە بگرین با نەیبات، ئەمەش ناڕەوایە و وەك وتراوە: الساكت عن الحق شیطان أخرس و الناطق بالباطل شیطان ناطق: بێدەنگ لە راستی شەیتانێکی لاڵە و بوێژی درۆ و ناڕەوا شەیتانێکی قسەکەرە! یان دەبێت وەك بەڵێنمان بە خوا و خەڵك داوە راشکاوانە راستییەکان بە خەڵك بڵێین و روناکی بخەینە سەر روداوی ژوورە تاریکەکان.
ئێمە، لەگەڵ ھاوڕێکانم، بڕیارمان داوە لەگەڵ خەڵك راستگۆ بین و لە وتنی راستی نەسڵەمینەوە. ھەرچەندە ئەوە کارێکی سەخت و گرانە و رێگەیەکی پڕ لە دڕك و داڵە. چونکە بە درێژایی ژیانی سیاسیمان، دڵسۆز بوین و دژی بێدادی بوین، وەك جوتحیزبی حوکمڕان و حیزبە تەقلیدیەکان و باندە سیاسیە تازەکان، تۆڕی فراوانی میدیامان نییە: تەلەفیزیۆن و رادیۆمان نیە، رۆژنامە و گۆڤارمان نیە، سەدان پەیج و گروپی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانمان نیە! بەڵام زۆر گرنگە دەنگ و دیدی ئێمە بگات بە رایگشتی و خەڵك بزانن ئێمە چی دەڵێین و خەریکی چین!
ئێمە لە پێناوی ئایندەی خەڵك و ڵاتەکەمان، رێگە سەختەکەمان ھەڵبژاردوە و چاوەڕێی پشتیوانی فراوانی خەڵکین! پێکەوە دەتوانین بەسەر شکست و نائومێدیدا زاڵ بین و دادپەروەری ئاراستەی خۆی وەربگرێت و ئایندەیەکی باشتر بنیات بنێین. پێکەوە دەتوانین سنور بۆ بنەماڵە حوکمڕان و سیاسیە چاوچنۆکەکان دابنێین و کارێك بکەین ببین بە شانازی بۆ گەلەکەمان و نەوەکانی ئاییندە.