نەزاهەو گەندەڵیەكەی مەلا بەختیار
2019-04-19 06:28:55
عەدنان عەلی
دەستەی نەزاهەی كوردستان دەڵێت: لە ساڵی رابردوودا 275 ملیار دینار گەندەڵی لە هەرێم هەبووە, كە دەكاتە 230 ملیۆن دۆلار, بەڵام مەلا بەختیار ئاشكرایدەكات: لە ساڵی رابردوودا لە هەرێمی كوردستان 800 ملیۆن دۆلار گەندەڵی هەبووە, ئەو گەندەڵییەی مەلا بەختیار باسی دەكات سێ ئەوەندەو نیوی ئەو بڕەیە كە دەستەی نەزاهە رایگەیاندووە!
هەموان دەزانین گەندەڵی لە هەموو سوچ و كەلەبەرێكی ئەم وڵاتەدا هەیەو هەرێمی كوردستانیش وەك بەشێك لە عێراق لە تۆپی ئەو وڵاتانەدایە كە گەندەڵی دایڕزاندووە, گەندەڵی چەند پرسێكی دووبارە بێت میدیا و هاونیشتمانیان بڕستییان زیاتر دەبێت بۆ ژماردن و ئاشكراكردنی.
پرسیار ئەوەیە ئایا ئەو بڕەی كە دەستەی نەزاهە رایگەیاندوە راستە یان ئەوەی مەلابەختیار؟! گومان لەوەدا نیە لە وڵاتێكدا كە دەسەڵاتداران بە بۆری و تانكەر شەو و رۆژ نەوت دەدزن و هەموو بازرگانیەكی ناشەرعی ئەكەن, ئاستی گەندەڵی ئەو بڕە بێت كە دەستەی نەزاهە ئاماژەی بۆ دەكات! باشە ئەی ئەو بڕەی مەلا بەختیار باسی دەكات ئەوە راستە؟ بێگومان ئەگەر وردبونەوەی زیاتر و جەمع و تەرحی ئەو داهاتەی دەڕژێتە ئەم وڵاتەوە بكرێت گومان لەو زانیارییانەی ئەو بەرپرسە باڵایەی یەكێتیش دەكرێت, بەڵام بەو دیوەیدا گەندەڵیەكە لە 800 ملیۆن دۆلار زیاتر بێت نەك كەمتر.
دەسەڵاتدارانی هەرێم هیچ كات خۆشیان بەدەزگاكانی چاودێری نایەت بەڵام بۆ جوانكردنی دیكۆری حكومدارێتیەكەیان دروستیان كردون و لە بارێكی تریشدا بۆ چەواشەكردنی رای گشتی و تەنفیزكردنی ناڕەزایەتیەكان بەكاریان دەهێنن, ئەگەر وانیە بە عەقڵی كێدا دەچێت بەپرسی یەكێك لە حزبە دەسەڵاتدارەكان كە ئەم ماوەیەش لە ماڵی خۆی دانیشتووە زانیارییەكانی لەسەر گەندەڵی زۆر زیاتر بێت لە دامەزراوەیەك كە بەناو بۆ بەدواداچون و ئاشكراكردنی گەندەڵی دروستكراوە!
پرسیار و گومان زۆرە لەسەر بون و ماهیەتی دەستەی نەزاهەی هەرێم و كۆی دەزگاكانی چاودێری و كارەكان و ئەو زانیارییانەی رادەگەیەنن, بەڵام نامەوێ درێژ دادڕی بكەم و لێرەدا كۆتایی پێ ئەهێنم.
ئاشكرایە مەلا بەختیار كاتێك ئەم قسانە دەكات نیەگەرانەو لە ماڵی خۆی دانیشتووە, بێگومان ئەگەر نیگەران نەبوایە لە جیاتی باسكردنی گەندەڵی جارێكی تر حیكایەتی " سەركەوتنی حكومڕانی هەرێم"ی دەگێڕایەوە, جا بۆ بیرهێنانەوەتان ساڵی 2013 كە سەرەتای سەرهەڵدانی قەیرانی دارایی و دواكەوتنی موچە لە هەرێمی كوردستان دەركەوت, مەلا بەختیار بە وتارێكی درێژ باسی دەرهێنانی پارەی ژێرزەمینەكانی كرد, ئێمەش ئەو كات لە KNN بڵاومانكردووەو كردمانە ماڵ بەسەر دەسەڵاتەوەو دواتریش بوبە كەرەستەیەكی باشی بانگەشەی هەڵبژاردنی لیستی گۆڕان, بۆیە دەكرێت ئەم زانیارییانەشی لێوەربگیرێت و میدیا فۆكەسی بخاتەسەر و دەزگاكانی چاودێری و داواكاری گشتی ئەگەر راستەكەن با بەدواداچوون بۆ ئەم زانیارییانەی بەرپرسە باڵاكەی یەكێتی بكەن, ئەگەر راستیش ناكات رایكێشنە دادگا.