Draw Media

یەكگرتنەوەی یەكەكانی حەفتاو هەشتا، بەشداری راستەقینەیە لە حكومەت 

یەكگرتنەوەی یەكەكانی حەفتاو هەشتا، بەشداری راستەقینەیە لە حكومەت 

2019-04-18 19:49:22


سەلام عەبدوڵڵا

شەراكەتی راستەقینە تەنیا بە پێدانی پلەو پایەو پۆست لە وەزارەتەكان نایەتەدی، ئەمە زۆرجار لە ماوەی ئەم (27) ساڵەدا ئەزموون كراو و ئەو شەراكەتە راستەقینەیە نەهاتەدی، چونكە لایەنێكی گرنگی حكوومەتێكی بەهێزو سەركەوتوو و راستەقینە پێویستی بە پلەی یەكەم بە یەكپارچەیی هێزە چەكدارەكانی هەرێمی كوردستانە هەم بۆ پاراستنی هەرێم و هەم بۆ ڕێگری لە دووبەرەكی و، دوو ئیدارەیی، بۆیە تا ئەو كارە نەیەتە دی ئەوا نە هەرێمەكەمان پارێزراو دەبێت و نە بەرگەی خۆڕاگری حكوومەتەكەمان بەرامبەر هەڕەشەی دەرەكی دەگرێت، چونكە هەموو لایەكمان ئەو ڕاستییەمان دی كە هۆی سەرەكی لە دەستدانی لە سەدا پەنجای هەرێمی كوردستان بەهۆی نەبوونی هێزێكی یەكگرتووی پێشمەرگە بوو كە تەنها لەلایەن وەزارەتی پێشمەرگەوە سەرپەرشتی وەرگرێت و تەنیاو تەنیا فەرمانی وەزارەتی پێشمەرگە جێبەجێ بكات نەك فەرمانی حزبی جا لە هەر لایەكەوە بێت.

بۆیە ئەم هەوڵەی ئێستا بە چڕوپڕی دەدرێ دەبێت لەلایەن پەرلەمان و حزبەكانەوە زۆر بە جدی كاری لەسەر بكرێ و هێزەكانی یەكەی حەفتاو هەشتا بەجۆرێك تێكەڵ بە یەكتری بكرێ كە هیچ پێشمەرگەیەك هەست نەكات كە ئەو چەكداری لایەكەو دەبێت فەرمان لە حزبەكەیەوە وەربگرێ و ئەم هێزە نوێیەش دەبێ بە كادری تازەو گەنجانی مەشقپێكراو بەپێی لایەنگری بۆ حزبێك لەو سوپایەدا قبوڵ نەكرێ، بەڵكو وەكو هاووڵاتییەكی هەرێم جا سەر بە هەر حزب و لایەنێك بێت ئەوا دەبێ لەو سوپا یەكگرتووەدا جێگیر بكرێت و بەهیچ شێوەیەك نەهێڵرێ لەنێو سوپادا باسی حزب و حزبایەتی بكرێ، بەڵكو تەنیا لەسەر نیشتمانپەروەری و بەرگری لە نیشتمانپەروەری بكرێ و هەست بەوە نەكات كە بۆ حزبێك و لایەنێك پەروەردە دەكرێ، بەمەش بەڕاستی سوپایەكی نیشتمانی و حكوومەتێكی راستەقینەی هاووڵاتییان دەستەبەر دەكرێت، بەهیوای ئەوەی پەرلەمان ئەم كارە پیرۆزە بكاتە سەرەكیترین كاری لەنێو پەرلەماندا.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand