کەنیسەی نۆتەردام و وانەیەک بۆ ئێمە!
2019-04-18 10:28:32
صلاح رەشید
پارێزگاری شاری پاریس، خانم ئەنا هیدالۆگۆ، وتی پێویستە چاککردنەوەی کەنیسەی نۆتەردام، پێش یاری ئۆلۆپی ساڵی ٢٠٢٤ لە پاریس کۆتایی هاتبێت، بۆئەوەی لەکاتی ئەو یاریانەدا ئامادەبێت کە گەشتیاران بیبینن، ئەمە چەندی تێدەچیت و کێ پارەکەی ئەدا؟
کەنیسەی نۆتەردام، ئێوارەی رۆژی دوشەمەی رێکەوتی ١٥ نیسانی ئەمساڵ ئاگری گرت و لە ماویەکی زۆر کەمدا، زۆر شوێنی سوتان، بەتایبەتی هەردو منارەکەی، کەنیسەی نۆتەردام بە بەناوبانگترین شوێنی پاریس دەژمێرێت کە تەمەنی نزیکی ٨٥٠ ساڵ دەبێت و ساڵانە زیاتر لە ١٢ ملیۆن گەشتیار سەردانیان دەکرد..
نزیکی ٤٠٠ ئاگرکوژێنو زیاتر لە ٩ سەعاتیان پێچو تا توانیان ئاگرەکە خامۆش بکەن.
٣ خێزانی دەوڵەمەندی فەرەنسا، بریاریان دا نیو ملیارد ئۆیرۆ ببەخشن بۆ چاککردنی نۆتەردام، یەکەم خێزان کە خاوەنی چەندەها مارکەی جیهانین وەک گوجی و ساینت لاورێنتە، ئەوان ١٠٠ ملیۆن ئۆیرۆیان بەخشی، هەروەها بێرنارد ئەرناولت، کە خاوەنی LVMH ئەویش ٢٠٠ ملیۆن ئۆیرۆی بەخشیوە، هەروەها کومپانیای نەوتی تۆتاڵ ١٠٠ ملیۆنی بەخشیوە. هەروەها مارک لادرایت ١٠ تا ٢٠ ملیۆن ئۆیرۆی بەخشیوە.
چەندەها تاکە کەس و خێزانی دەوڵەمەندو کەسایەتی دیاری فەرەنسی و ئەوروپی و جیهانی هاوکاریەکی بەرچاویان بەخشیوە بۆ نوێکردنەوەی نۆتەردام. هەندێ لەوانەی هاوکاریان کردوە، بڵاویان کردۆتەوە کە نایانەوێت ئەو پارەیەی بەخشیویانە لە تاکس دایشکێنن، چونکە لە یاسای فەرەنسادا هەیە، ئەو کەسەی هاوکاری شوێنە رۆشنبيریە نەتەوەیەکان بکات ئەتوانێت تا ٦٦٪ لە تاکس دایشکێنێت.
شتیفان بێرن، لێپرسراوی بەشی رۆشنبیری لە پاریس وتی، ئێمە کێشەی پارەمان نابێت، جگە لە ملیاردێرەکان، هەمو هاوڵاتیەک ئامادەی هاوکاریە لە دەوڵەماندەوە بۆ هەژار، هەریەکە بەپێی بارودۆخی ئابوری خۆی، لە کارگە گەورەکانەوە وەک ئەپڵ تا نانەوخانەیەکی بچوک، هەر هەمو فەرەنساو دنیا بەشدارن لەم کارەداو پارێزگای شاری پاریسش بەڵێنی ٥٠ ملیۆن ئۆیرۆیان داوە.
تاکو ئێستا نازانرێت، چاککردنەوەی نۆتەردام چەندی تێدەچێت و بە چەند ساڵ تەواو دەبێت، هەرچەندە سەرۆک ماکرۆن بڵاوی کردەوە کە هەوڵ ئەدەن لە ماوەی ٥ ساڵدا تەواوی بکەن.
سەرۆکی یەکە ئیداریەکانی شارو شارۆچەکە و دیهاتەکان، هەمو بەڵێنیان داوە، کە هەریەکە بە پێی دانیشتوانی شوێنەکەیان، هەرکەسە ١٠ ئۆیرۆ ببەخشیت بۆ ئەو کارە نەتەوەییە.
ئەم کارە نمونەیەکی بەرزو هەستێکی نەتەوەیی و نیشتیمانی گەورەیە کە نیشانی ئەدات کە هاوڵاتیان چەند شوێنە گشتی و نەتەوەیەکانی خۆیان خۆش دەوێت و چەند ئامادەی ئەوەن کە بیپارێزن..
خۆزگەو سەد خۆزگە، هاوڵاتیان کوردستان بەگشتی و دەوڵەمەنداکانیان بەتایبەتی کەمێ لەو ئامادەییەی فەرەنسیەکان و هاوڵاتیانی وڵاتانی تر، فێردەبوین..
سەرچاوە: سود لە شپیگل ئۆنلاینی ١٨ نیسان وەرگیراوە