Draw Media

بت و صه‌نه‌مه‌كانی ده‌سه‌ڵات

بت و صه‌نه‌مه‌كانی ده‌سه‌ڵات

2019-04-17 13:16:36


شێرزاد شێخانی

ماوه‌یه‌كه‌ حزبه‌كانی كوردستان سه‌رقاڵی دیاریكردنی به‌ربژێرو كاندیدو موڕڕه‌شه‌حی خۆیانن بۆ پۆسته‌كانی كابینه‌ی داهاتوی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان . هه‌ڵبه‌ت هه‌روه‌كو بیستو هه‌شت ساڵی رابردوو ، دیسان مه‌سه‌له‌ی مه‌حسوبیه‌تو مه‌نسوبیه‌تو خزم خزمێنه‌و كوتله‌و كوتله‌بازی و عیلاقاتی عه‌شایه‌ری و براده‌رایه‌تی و ژنو ژنخوازییش رۆڵی گه‌وره‌ ده‌بینێ له‌دیاریكردنی كاندیده‌كان ، هه‌ڵبه‌ت هه‌ڵبژاردنیشیان مه‌حكومه‌ به‌ ده‌ره‌جه‌ی قه‌ڕابه‌و ئاستی ملكه‌چی و جۆرو خه‌ستی ماستاوكردن و راده‌ی كۆیله‌بون و گوێڕایه‌لی كاندیده‌كان بۆ خاوه‌ن بریاره‌ حزبیه‌كان..

له‌خوێندنه‌وه‌ی سه‌ڕه‌تایی هه‌ندێ ناوی‌ دزه‌پێكراوه‌وه‌ ، بۆمان ده‌رئه‌كه‌وێ كه‌وا جارێكیتر ده‌موچاوه‌ ناشرینو قێزه‌ونه‌كان دووباره‌ ئه‌بنه‌وه‌و، له‌ كابینه‌ی داهاتووشدا گۆڕانكارییه‌كی ئه‌وتۆ به‌دی ناكرێ و، به‌هه‌مان تاسو حه‌مامه‌وه‌ حكومه‌تی داهاتوشمان به‌ڕیوه‌ ئه‌برێ ، وه‌كو ئه‌وه‌ی له‌و تاخمه‌ی پێشوتر كه‌سی شیاوتر نه‌بێت بۆ به‌ڕێوه‌ بردنی پۆسته‌كانی حكومه‌ت .

كه‌سی وا ناوی ئه‌هێنرێ كه‌ جگه‌ له‌وه‌ی زیاتر له‌ چل په‌نجا ساڵه‌ مه‌سئول وپله‌دارو ده‌سه‌ڵاتدار بوه‌ له‌ناو حزبدا، له‌كابینه‌كانی حكومه‌تیشدا وه‌زیرو پله‌داری به‌رز بوه‌و، رۆژانه‌ سێ ژه‌مه‌ی خواردن له‌سه‌ر شاشه‌كاندا بینیومانه‌ به‌بێ ئه‌وه‌ی هیچ به‌رهه‌مێكی هه‌بێ.

براده‌رێك باسی واقیعی حكومه‌تو پۆسته‌كانی هه‌رێمی كردو ، زۆر به‌جوانی شووبهادنی به‌ دروستكردنی‌ بینایه‌كه‌وه‌و وتی " له‌وڵاته‌ پێشكه‌وتووه‌كانی دونیادا كاتێك كه‌سێك ئه‌بێته‌ وه‌زیر ، ئه‌ركی ئه‌و كه‌سه‌ ئه‌وه‌یه‌ خشتێك بخاته‌ سه‌ر بینای وه‌زاره‌ته‌كه‌یه‌وه‌ ، ئه‌وه‌ی دوای ئه‌ویش دێ خشتێكی تری ئه‌خاته‌ سه‌ر ، ئید‌ی به‌م شێوه‌یه‌ بینای وه‌زاره‌ته‌كه‌ كابینه‌ له‌دوای كابینه به‌رزترو جوانتر ئه‌بێ . له‌لای خۆشماندا واته‌ له‌هه‌رێمه به‌دبه‌خته‌كه‌ی كوردستاندا، كاتێك وه‌زیرێك پۆسته‌كه‌ی وه‌رئه‌گرێ خشتی وه‌زیره‌كه‌ی پێشوتری خۆی فڕێ ئه‌دات و خشتی خۆی دائه‌نێ!! ئیدی به‌مشێوه‌یه‌ هه‌میشه‌ ته‌نها یه‌ك خشت‌ له‌سه‌ر بیناكه‌یه‌و هیچی زیاد ناكات". ئه‌م ته‌شبیهاته‌ زۆر جوانه‌و رێك له‌گه‌ڵ وه‌زعی كابینه‌كانی حكومه‌ته‌كانی ئێمه‌دا ده‌گونجێت ..

تۆ وه‌ره‌ پرسیار بكه‌ بزانه‌ كام له‌وه‌زیره‌كانی ئێمه‌ توانیویه‌تی یان ویستویه‌تی ببێته‌ ته‌واوكه‌ری پلانه‌كانی وه‌زیره‌ی پێشوتری خۆی ؟ .كاتێك كه‌سێك ئه‌بێته‌ وه‌زیر یه‌كه‌م ئیجرائاتی ئه‌وه‌یه‌ سكرتێرو حیمایه‌ی وه‌زاره‌ت وبگره‌ چایچیه‌كانی وه‌زاره‌تیش بگۆڕێ وه‌كو ئه‌وه‌ی ئه‌وانه‌ی پێشوتر هه‌مویان له‌عه‌هدی بائید بووبن ، یان گومان له‌دڵسۆزیان بۆ كاره‌كانیان هه‌بێ !!..

وه‌زیری واشمان هه‌یه‌ وه‌كو ئه‌بولهۆلی په‌یكه‌ره‌ به‌ردینه‌كه‌ی وڵاتی میسری لێهاتوه‌، هیچ هێزێك نیه‌ له‌شوێنی خۆی بیجۆڵێنێ ، وه‌كو ئه‌وه‌ی ئه‌وانه‌ ئه‌نیشتاین وئه‌دیسون و فۆكۆیاما بن ، میلله‌ت به‌بێ ئه‌وان سه‌رگه‌ردان بنو وڵاتیش به‌بێ ئه‌وان‌ به‌ڕێوه‌ نه‌چێت !! وه‌زیری واشیان تێدایه‌ له‌چوار ساڵی وه‌زاره‌ته‌كه‌یدا گه‌وره‌ترین شكستی هێناوه‌و هیچ ده‌سكه‌وتێكی ئه‌وتۆی بۆ میلله‌ته‌كه‌ی و ته‌نانه‌ت حزبه‌كه‌شی نه‌بوه‌، به‌ڵام له‌به‌ر مه‌حسوبیه‌ت ومه‌نسوبیه‌ت وكوتله‌بازی چوار ساڵی تری بۆ درێژكراوه‌ته‌وه‌!! .

كه‌سایه‌تی حیزبی وا هه‌یه‌ ده‌ دوانزه‌ مه‌سئولیاتی بینیوه‌، هه‌ر له‌ئه‌ندام په‌رله‌مانیه‌وه‌ بۆ وه‌زیری ، له‌سه‌ركردایه‌تییه‌وه‌ بۆ مه‌كته‌بی سیاسی ، له‌هه‌ر وه‌زیفه‌یه‌كیشی مووچه‌یه‌كی خانه‌نشینی زه‌به‌لاحی بۆ بڕاوه‌ته‌وه، كه‌چی له‌هه‌ر كابینه‌یه‌كی نوێشدا كێبڕكێی پۆستی تازه‌ش ئه‌كات .‌  ئه‌مه‌ش هه‌م ناعه‌داله‌تییه‌كی گه‌وره‌یه‌ و كاڕێكی زۆر بێ ماناشه‌ له‌ناو حزبه‌ گه‌وره‌كاندا ته‌نها چه‌ند ده‌موچاوێكی كه‌م دووباره‌و ده‌باره‌ مه‌سئولیات وه‌ربگرنه‌وه‌، هه‌م رێگریشه‌ له‌گۆڕانكاری  له‌ناو حزبو ده‌سه‌ڵات و‌ هاتنه‌ پێشه‌وه‌ی گه‌نجان و خه‌ڵكانی خاوه‌ن كه‌فائه‌ت وشاره‌زا له‌بواره‌ جیا جیاكانی‌ ئیداره‌ی ده‌وڵه‌تدا .

حاڵی خراپی ئه‌م هه‌رێمه‌ی ئێمه‌ له‌وه‌دایه‌ كه‌ چه‌ند ده‌موچاوێكی ناشرین و كه‌سانی بووده‌ڵه‌و بێ ئیمكانیه‌ت پۆستو پله‌كانی حكومه‌ت به‌ده‌سته‌وه‌ ئه‌گرن و رێگه‌ ناده‌ن نه‌وه‌یه‌كی نوێ بێته‌ سه‌ر ده‌سه‌ڵات بۆ ئه‌وه‌ی شتێكی تازه‌ پێشكه‌ش به‌ ئه‌زمونه‌كه‌مان بكه‌ن .

ئه‌مه‌ ته‌نها له‌سه‌ر ئاستی كاری حكومه‌ت و كابینه‌كانیدا دووباره‌ نابنه‌وه‌، ته‌نانه‌ت له‌سه‌ر ئاستی حزبه‌كانیش ئه‌م دیارده‌یه‌ ره‌واجی هه‌یه‌و ، بۆته‌ هۆكاری سه‌ره‌كی شكستی زۆربه‌ی حزبه‌كان له‌ هه‌ڵبژاردنه‌ گشتیه‌كاندا .. ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسیو سه‌ركردایه‌تی وا هه‌یه‌ ، چل په‌نجا ساڵه‌ له‌شوێنی خۆی نه‌جوڵاوه‌ . حزبی واش هه‌یه‌ پانزه‌ ساڵی جارێكیش كۆنگره‌ نابه‌ستێ ، چونكه‌ سه‌ركرده‌كانی ئه‌ترسن پۆسته‌كانیان له‌ده‌ست ده‌ربچێ !!

به‌كورتی وبه‌كوردی ئه‌و ده‌موچاوانه‌ی چه‌ندین ساڵه‌ له‌سه‌ر پۆسته‌كان دانیشتوون ئه‌وانه‌ هۆكاری سه‌ره‌كی شكستی ئه‌زمونی حكومه‌ت و حزبه‌كانمانن‌، بۆیه‌ ئه‌گه‌ر بمانه‌وێ گۆڕانكاری گه‌وره‌ له‌ئیداره‌ی حكومه‌تو حزبه‌كانیشدا بكه‌ین، ئه‌بێ ئه‌م ده‌موچاوانه‌ دوور بخرێنه‌وه‌و نه‌وه‌یه‌كی نوێ بێنینه‌ پێشه‌وه‌ ، به‌ مه‌رجێك كوڕو نه‌وه‌و وه‌چه‌ی هه‌مان ئه‌و كه‌سه‌ شكستخواردووانه‌ نه‌بن ، چونكه وه‌كو مه‌سه‌له‌كه‌ ئه‌ڵێ " سێبه‌ری دار راست نابێته‌وه‌ ئه‌گه‌ر داره‌كه‌ خۆی له‌ئه‌سڵدا خواروخێچ بێت ".

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand