Draw Media

گۆڕان یارییەكە تێكدەدات؟ 

گۆڕان یارییەكە تێكدەدات؟ 

2019-04-17 06:25:48


 رێبوار کەریم وەلی 

 (1)

ئەگەرچی رێككەوتنی سیاسیی پارتی و بزووتنەوەی گۆڕان فاكتەرێكی یەكلاكەرەوە بوو بۆ كاراكردنی پڕۆسەی سیاسی، بەڵام بە هەمان ئەندازەش گرفتی بۆ داهاتوو درووست كرد. پارتی لەو كاتەیدا كە پێویستی بە تەحەدداكردنی یەكێتی هەبوو، سەخاوەتمەندانە پۆست و بەڵێنی زۆری بە گۆڕان دا و رەنگبێ ئەوانەی ئەندازیاری رێككەوتنی گۆڕان و پارتی بوون، حیسابی ئەوەیان نەكردبوو كە ئەگەر سبەی یەكێتیش بێتە ناو حكومەتەوە (كە سەد لەسەد دەهات) چی روودەدات؟

مەسەلەی زیادكردنی جێگرێك یان یاریدەدەرێك بۆ سەرۆكی هەرێمی كوردستان، یەكەم و دوا خاڵی بەركەوتنی بەرژەوەندییەكانی گۆڕان و یەكێتی نابێت. بەهەر شێوەیەك بێت پارتی بۆ تێپەڕاندنی ئەو وەزعە و راگرتنی هاوسەنگی لە نێوان گۆڕان و یەكێتیدا، چارەسەرێكی ناوەندیی بۆ دەدۆزێتەوە، بەڵام ئیشی پارتی لە چوار ساڵی داهاتوودا، بەو وەزعە زۆر قورس دەبێ و پتر رۆڵی ناوبژیكەری دەبێ تا حوكمڕان. پارتی لەلایەك پابەندییەكی ئەخلاقیی بەرامبەر بە گۆڕان بۆ درووست بووە كە ناتوانێ وا بە ئاسانی لێی لابدات و لەلایەكی دیكەشەوە شەراكەتێكی ئیجباری لەگەڵ یەكێتیدا هەیە و ناتوانێ هیچ لایەنێك بكاتە جێگرەوەی یەكێتی. ئەگەرنا تا ئێستا دەبوو حكومەتیش پێكهاتبایە!

لەو گۆشەنیگایەوە كە كارنامەی حكومەتی داهاتوو، هەروەها ئەو رێككەوتنەی لە نێوان پارتی و گۆڕان لەلایەك و پارتی و یەكێتی لەلایەكەی دیكەوە كراون، جەخت لە چاكسازیی ریشەیی دەكەنەوە، پتر لە هەموو كاتێك ئەگەری بەركەوتن لە نێوان گۆڕان و یەكێتیدا زیاتر دەكات. ستراتیژییەتی یەكێتی بۆ چوار ساڵی داهاتوو ئاوتكردنی گۆڕان دەبێ لە حوكمڕانی و لێدوانەكانی جەعفەر شێخ مستەفا لە رۆژانی رابردوو كە جۆرێك بوون لە حیساب نەكردن بۆ دەسەڵاتەكانی گۆڕان لە حكومەتی داهاتوودا، دەرخەری ئەو راستییەن كە ئیدارەدانی ئەو پارادۆكسانە كارێكی ئاسان نابێت. بەتایبەتیش كە لەناو خودی پارتیشدا بۆچوونی جیاواز لەسەر ئاست و جۆری پەیوەندیی پارتی لەگەڵ یەكێتی و گۆڕاندا هەیە. یەكێتی لێرە بەدواوە بۆ گۆڕان لەكەمیندایە و گۆڕانیش دەبێ ئەو راستییە بزانێت كە بەشداری لە حوكمڕانیدا بۆ ئەو قۆناغەی ئێستا حوكمی ئاوی حەیاتی هەیە كە بەگەروویدا كراوە. بۆیە بۆ هەر ئیحراجییەك كە بۆ پارتیی درووست بكات و پارتی نەتوانێ لەژێر باری بێتە دەر، ئەوا ئاو دەكاتە ئاشی یەكێتییەوە.

رۆڵی سەرۆكی هەرێمی كوردستان
(2)

بە لەبەرچاوگرتنی ئەو بەریەككەوتنانەی كە لە داهاتوودا لە نێوان بەشداربووانی حكومەتدا روودەدات، رۆڵی سەرۆكی هەرێمی كوردستان وەك چەترێكی سیاسی بۆ كۆكردنەوەی هەموو لایەنەكان، جا چ ئەوانەی لە حكومەتدا بەشدارن یان بەشدار نین، زیاتر بەرجەستە دەبێت. راستە ئەمڕۆ یاسای سەرۆكایەتیی هەرێم و دەنگدان بەو یاسایە لە نێوان پارتی، یەكێتی و گۆڕاندا لەژێر نەشتەردایە، بەڵام تەنانەت ئەگەر ئەو پۆستە بە ئیستیحقاقی هەڵبژاردنیش بەركەوتەی پارتی بێت، دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم كە دامەزراوەیەكی دەستووری و نیشتمانییە، نابێ تەنها بكەوێتە بەر رەحمەتی پشكپشكێنەی ئەو حزبانەی لە حكومەتدا بەشدارن و دەبێ ئەو دامەزراوەیە موڵكی هەموو ئەو حزب و لایەنە سیاسی، نەتەوەیی و ئایینیانە بێت كە لە كوردستان هەن.

حیكمەت لە زیندووكردنەوەی ئەو دامەزراوەیە جگە لە لابردنی ئاستەنگە دەستووری و تەشریعییەكانی بەردەم پڕۆسەی سیاسی، یان رێككەوتنی ناوخۆیی حزبی و جێگۆڕكێ، زەروورەتێكی مێژووییشە بۆ ئەو قۆناغە و، حەق نییە حزبە سیاسییەكانی كوردستان تەنها وەكو پۆستێك سەیری بكەن، پێویستە بەشداربن و بەشداریشیان پێ بكرێت لە بەدامەزراوەییكردنی ئەو پێگە نیشتمانییە.

سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان لە رابردوودا لە دەستێكی ئەمیندا بووە و ئەركی مێژوویی خۆی لە گەیاندنی كاروانی سیاسی كوردستان بە ترۆپكی داخوازییە نەتەوەییەكان بەجێگەیاندووە. قەزاوەت لە بارەی ریفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستان با بۆ نەوەكانی داهاتوو بەجێبێڵین كە بە دڵنیاییەوە رووداوێكی جیهانی بوو تا ئەو شوێنەی بووە رۆژەڤی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەكگرتووەكان و وڵاتانی زلهێز. لێرەش بەدواوە ئەو دامەزراوەیە و بەتایبەتیش كەسایەتییەكی وەكو نێچیرڤان بارزانی لە پۆستی سەرۆكدا، رۆڵی بەیەك گەیاندن و درووستكردنی زەمینەی تەبایی لەسەر ئاستی ناوخۆیی و دەرەكی دەبێت و یەكەم هەنگاویش ئەگەر بانگهێشتكردنی سەرۆككۆمار دكتۆر بەرهەم ساڵح بێت بۆ هەولێر، تا راددەیەكی زۆر پردەكانی متمانە لە نێوان حزبە سیاسییەكاندا درووست دەكاتەوە.

پڕۆفایلەكەت بە چەندە؟
(3)

تەكنۆلۆژیای سەردەم شۆڕشێكی لە بەتاكەكەسیكردنی مێدیا وەكو بەكارهێنەر و گەیاندنی بە ملیۆنان كەس درووست كرد. سنوورە تەقلیدییەكانی مێدیا تێكشكان و ئامرازەكانی گەیاندن و گەیشتن بە خوێنەر، بینەر و بیسەر هێندە ئاسان بوون كە ئەمڕۆ منداڵی شیرخۆرەش ئەكاونتی بەناو كراوەتەوە. بەڵام ئەوەی جێگەی لێوردبوونەوەیە، ئەوەیە كە رەنگبێ لە كەم شوێنی دنیا، تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بەو شێوە بەرنامە بۆ داڕێژراوە و سیستەماتیك بۆ ئامانجی خراپ بەكاربهێنرێن. حزبەكان بەهەزاران ئەكاونتیان هەیە كە بووەتە سێكتەرێك، كەسانێك تەنها بۆ نووسینی كۆمێنت و جوێن پارەیان پێ دەدرێت! مووچەی مانگانە دەدرێتە ئەوانەی كە بەناوی لایەنگرانی فڵان و فیسار، دەیان ئەكاونتیان هەیە و لەشكرێك درووست كراوە بۆ سووكایەتی بە خەڵك و ناوزڕاندنیان. لە بەشێكی زۆر لە وڵاتان لە چەشنی ئەو لەشكرانەی ئێمە هەن، بەڵام بۆ هاككردن و شەڕی سایبری لە دژی وڵاتانی نەیاریان نەك بۆ جنێودان بە خوشك و دایكی هاووڵاتیانی خۆیان.
كار گەیشتووەتە ئەو ئاستەی كە كەسانێك پەیدابوونە، كارتی ئینتەرنێت بەسەر خەڵكدا بە خۆڕایی دابەش دەكەن، تەنها بۆ ئەوەی كابرا وێنەی پڕۆفایلەكەی خۆی بكات بە وێنەی ئەو بەرپرسە حزبیەی كە دەیانەوێت!

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand