Draw Media

سیاسەت لەو دیو نائومێدییەوە

سیاسەت لەو دیو نائومێدییەوە

2019-04-16 19:30:35


د. نیاز نەجمەدین 

(هەڵە سیاسییەکانی رابردوو دووبارەمەکەرەوە)
هەرێمی کوردستان خاڵییە لە هەر پرۆژەیەکی سیاسیی، ئەگەر گۆڕانکارییەک رووبدات ئەوا بە حزبەکانی ئێستا ناکرێت. لەگەڵ ئەمەشدا، چەند هەڵەیەک هەیە هەمیشە دووبارەی دەکەینەوە. 
چەند ساڵێک لەمەوبەر کەس نەیدەوێرا رەخنە لە بزوتنەوەی گۆڕان بگرێت دەیانوت "ئێستا کاتیی نییە. لە دژی گۆڕان زمانت هەڵبێنایە، دەیانوت خۆی بە یەکێتیی و پارتیی فرۆشتووە... هتد". هەموومان ئەنجامەکەمان بینی: 
- دڵشکانی گەنجە دڵسۆزەکان 
- دەوڵەمەندکردنی چەند کەسێک لە رێی بزنس و حزب و حکومەت و پەرلەمانەوە. 
- ئیفلیجبونی تەواوی پرۆژەکە دوای مەرگی سەرۆک 
- بنەماڵەچێتیی
ئەگەر جورئەت بکەیت بەرگریی لە دادپەروەریی بکەیت، دان بەوەدا دەنێیت کە خودی نەوشیروان مستەفا پشکێک لە بەرپرسیارێتیی شکستی ئەم حزبەی دەکەوێتە ئەستۆ(من دەزانم وەک هەمیشە، لە بەرگریکردن لە هەڵەی سەرۆکەکەیدا، کۆیلە پاساوی خۆی هەیە). ئێستا تۆ مەبە بە کۆیلە: بەرامبەر بە نەوەی نوێ هەمان هەڵە دووبارە مەکەرەوە، زوو دەنگ هەڵبڕە ئەگەر دڵسۆزانە دوای کەوتویت. بیربکەرەوە: 
- شاسوار لابەرە، ئەم حزبە چیی دەمێنێتەوە؟ 
- لە بنەماڵەچێتییدا، تازەترین شت ئەوەیە کە کاک کەمال چۆمانیی (Kamal Chomanii) لە فەیسبوکەکەی خۆیدا ئاماژەی پێکردووە: لە سلێمانی شاسوار و لە لە بەغدادیش خوشکەکەی کردووە بە بەرپرس. 
- کەمترین رووبەر لە میدیای نەوەی نوێوە بۆ رەخنە لە حزبەکە خۆی کراوەتەوە. هێشتا ئاسانترە لە میدیای روداوەوە رەخنە لە پارتیی بگریت وەک لە میدیای ئێن ئار تییەوە لە شاسوار و حزبەکەی. 
- بە هەمان شێوەی بزووتنەوەی گۆڕان: هەواڵ دروست بکە تا هەست بە بونت بکەن.

باسی کۆششی فەردیی ناکەم، بۆ ئەوەی سیاسەت لە هەرێمی کوردستاندا دەست پێبکاتەوە، بۆ ئەوەی جوڵەیەکی جیاوازی دەستەجەمعیی دروست ببێتەوە و گۆڕەپانەکە هەمووی چەند سەرێک و میدیاکانیان کۆنتڕۆڵی نەکەن، دەبێت دڵت لەوەی هەیە تەواو بشکێت، پڕ ببیت لە نائومێدیی بەرامبەر بەو حزبانەی هەن. 
هەرێمی کوردستان بزووتنەوەیەکی دەوێت کە وزەی خەڵک لە دامەزراندنی چەند ئەندام پەرلەمان و وەزیرێکدا بەفیڕۆ نەبات.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand