Draw Media

ئەنفال و مۆڕاڵ

ئەنفال و مۆڕاڵ

2019-04-14 07:20:15


 ئاریان فەرەج 
 
حەفتا ساڵ لەمەوبەر (ئیرنیست یانینگ) وەزیری دادی سەردەمی حوكمی نازی لە داداگای نۆرمبۆرگ و لەبەردەم تاوانی هۆلۆكۆستی جووەكاندا گووتی: ئەگەر عەدالەت هەبوایە، دەبوا هاوشانی ئێمەی نازی، حكومەتەكانی ئەمریكا و ئینگلیز و تەواوی رۆژئاواش لە قەفەسدا بوونایە، چونكە ئەوان بوون لەسەرەتاوە لە مەترسییەكانی نازیزم و بەرنامەی خەتەرناكی هیتلەر بۆ سەر بەشەریەت چاویان پۆشی و دەنگییان نەكرد تەنها لەبەر ئەوەی هیتلەر دژی كۆمۆنیزم بوو، پڕچەك و بەهێزیان كرد ورێگەیاندا پەل بهاوێ، هەر ئەو چاوپۆشین وهەلپەرستییە دواجار گەیشت بە هۆلۆكۆست وجینۆسایدی شەش ملیۆن ئینسان، خۆ ئەگەر هیتلەر پەلاماری خۆیانی نەدایە، هەرگیز لەسەر هۆلۆكۆست بەرەنگاری نەدەبوونەوە. 
چل ساڵ لەمەوبەر، هاوشێوەی نازیزم، بەعسیزم هەراش بوو، هەر خودی ئەو دەوڵەتانە لە مەترسیی بەعسیزم و سەرەتای تاوانەكانی، چاویان پۆشی و بۆیان پۆشی و بەهێز و پرچەكیان كرد تەنها لەبەر ئەوەی دەروازەی رۆژهەڵاتی لە مەترسیی تەشەنەی ئینقلابی ئێران بۆ دەپاراستن، هەر ئەو چاوپۆشین و بۆپۆشینە دواجار گەیشتە ئەنفال و جینۆساید، خۆ ئەگەر بەعس پەلاماری كوەیتی نەدابا و بەرژەوەندییەكانی ئەوانی نەخستبایە خەتەر، رەنگە هەرگیز لەسەر جینۆساید بەرەنگاری نەبونایەتەوە. 
ئەنفال بۆنەیەك نییە بۆ كڕوزانەوە و راكێشانی سۆزو بەزەیی جیهان بۆ مەرگەساتی كورد، جیهان بەرژەوەندی بەڕێوەی دەبات نەك بەها و مۆڕاڵ وبەزەیی. هیچ میللەتێك بە پشتی بەهاكانی مرۆڤایەتی و ئیدیعاكانی مافی مرۆڤ ناتوانێ خۆی بپارێزێ، ئەوانەی بە درەنگەوە سەدامیان بە بەهانەی جینۆساید و ئەنفال لەناوبرد، هەر خۆیان لە ریفراندۆمدا ئیرادە و دەنگیان ئەنفال كردین. جووەكان دوای هۆلۆكۆست هەموو توانایان یەكنەخستبایە و نەبونایەتە خاوەن دەوڵەت و سەروەری و چەك و ئابوریی بەهێز، دەمێك بوو جارێكی دیكە فڕێدرابوونە دەریاوە. گەلی بێ دەوڵەت پارێزراو نییە و نابێ. 
ئەنفال و یادی ئەنفال بۆنەیەكە بۆ بیركردنەوەی قووڵ لە خۆپاراستن و بەدەستهێنانی تەدارەكی خودپارێزی، بۆنەیەكە بۆ پێداگیری لەسەر ئەو حەقیقەتەی كە تا نەبینە دەوڵەت، مەلۆتكەیەكی روتەڵەی بەردەم رەشەبای ژەهراوی سەحرایەكی بێ ئامانین. نەپارێزراوین و لە مەترسیداین.
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand