بۆ یادی ئەنفال
2019-04-14 07:03:46
د. شۆڕش حاجی
سیو یەک ساڵ لەمەوپێش حکومەتی عیراق گەورەترین تاوانی بەرامبەر گەلی کورد لە کوردستانی عیراق ئەنجامداو ئەو تاوانەی ناونا ئەنفال. ئەنفال بریتی بو لە جێبەجێکردنی بەرنامەی حیزبی بەعس بەرامبەر نەتەوەی کورد. نەخشەی ئەنفال لە زنجیرەیەک ئۆپەراسیۆنی سەربازیدا بەرجەستە بو، کە لەلایەن هێزە چەکدارەکانی عیراقەوە ( سوپاو جاشو جەیشی شەعبیو ئەمنو ئیستیخبارات) کرایە سەر تێکڕای ناوچەو گوندەکانی کوردستانی عیراق بە مەبەستی لەناوبردنی گوندنشینەکان. ئەنفال بە هەشت قۆناغ تەواو کراو ١٩٧ رۆژی خایاند. لە کارەساتی ئەنفالدا دەیان هەزار ژنو منداڵو پیاو کوژرانو زیاتر لە ٣٢٠٠ گوند وێران کرانو هەمو سامانی گوندنشینەکان تاڵان کرا.
ئەنفال هەمو گوندو ناوچەکانی کوردستانی عیراقی گرتەوە. هێزەکانی عیراق پەلاماری گەرمیانو کوێستانیان دا. لە پێدەشتەکانی گەرمیانو شارەزورو شوانو ساڵەییو قەراجو کەندیناوەو بەڕانەتییەوە تا لوتکە چیاکانی هەورامانو ژیلوانو قەندیلو کارۆخو هەڵگوردو گاراو سرتو مەتین بەر شاڵاوی ئەنفال کەوتن. پلانی حیزبی بەعس لەناوبردنی گەلی کورد بو بە گشتی، بۆیە هیچ جیاوازییەکی لە نێوان چینو توێژو هۆزو تیرەو عەشیرەتو ناوچەکانی کوردستان نەکردو هەمان سیاسەتی بەرامبەر هەموان وەک یەک پەیڕەو کرد.
سۆرانو کرمانج، جوتیارو ئاغا، شێخو مسکێن، داراو نەدار لەلایەن هێزەکانی بەعسەوە قەتلوعام کران. لە کۆتایی قۆناغی هەشتی ئەنفال هیچ گوندێک بەپێوە نەماو هەمو گوندنشینەکانی کوردستانی عیراق یان کوژران یان لە زیندان بون یاخود دەربەدەر بوبون. بەڵام وێرای ئەو کارەساتە گەورەیە ئیرادەی گەلی کورد نەشکاو جوڵانەوەی رزگاریخوازی کورد کۆتایی نەهات. بە پێچەوانەوە، سەرەڕای جەورو ستەمی دەسەڵاتی بەعس هەستی کوردایەتی بەهێزتر بوو ئاڵای ناسیۆنالیزمی کوردی بە بەرزی مایەوە. دو ساڵ دوای ئەنفال گەلی کورد بە یەکگرتویی هەلێکی مێژویی قۆستەوەو توانی راپەڕین ئەنجام بداو تێکڕای کوردستانی عیراق لە دەسەڵاتی حیزبی بەعس پاک کرایەوە.
هەمو ئەو قوربانیو خوێن رژانەی ئەنفال بۆ ئەوە بو کوردستان سەربەخۆو کورد ئازاد بێ. بەڵام سیو یەک ساڵ دوای ئەو هەمو قوربانیو روبارە خوێنە هێشتا گەلی کورد لە کوردستانی عیراق بە هەمو ئامانجەکانی نەگەیشتوەو کەسوکاری قوربانیانی ئەنفال بەری رەنجو قوربانی ئازیزەکانیان نەدیوە.
هێشتا بەشێکی زۆری خاکی کوردستانی عیراق لەژێر دەسەڵاتی کوردا نیە؛ هێشتا خاوەنی هێزی پێشمەرگەی نیشتیمانیو میدیای نیشتیمانیو دادگای سەربەخۆ نین؛ هێشتا نەوەکانی ئەنفالو راپەڕین ژیانو گوزەرانێکی شایستەیان نیە؛ هێشتا رۆڵەکانمان لەسەر بیرورای جیاواز توشی لێپرسینەوەو سزا دەبنەوە؛ هێشتا مەترسی دوبارە بونەوەی ئەنفال بە شێوازی ترو لەسەر دەستی دوژمنو ناحەزانی کورد لە ئارادایە. بێگومان هەمو ئەمانەش لە ئەستۆی حیزبە دەسەڵاتدارەکانی کوردستانە.
ئێستا بەم بۆنەیەوەو لەم قۆناغە هەستیارەی گەلەکەمان پێیدا تێدەپەڕێ ئەرکی هەمو هێزە سیاسییەکانی کوردستانە، هەر یەکەو بەپێی قەبارەو کاریگەری خۆی، بەرپرسیارانە روبەڕوی ئاڵنگارییەکانی بەردەم گەلەکەمان ببنەوە. ئەمەش بەوە دەکرێ کە راستگۆ بن لەگەڵ هاوڵاتیانی کوردستان سەبارەت بەو پەیامو بەڵێنانەی بە خەڵکی کوردستانیان داوە. ئەرکو بەرپرسیاریێتی ئەوانە کە ئێستاو ئایندەیەکی گەش بۆ خەڵکی کوردستان دابین بکەن. گەر ئاوڕێک لە مێژو بدەینەوە دەبینین کە زۆربەی گەلانی دنیا بە قوربانی زۆر کەمتر لەوەی گەلی کورد داویەتی ئامانجی زۆر گەورەتریان بەدەستهێناوە.