شەڕی دەستی دوو لە خێزاندا
2019-04-13 08:24:34
هێمن عەبدولقادر
کوڕەکە هاوسەرگیری کردووە ڕێزی خێزان و مناڵەکانی خۆی ئەگرێت هەرچییەک کە پێویستی ژیانە بۆیان دابین ئەکات ، تەبعەن (شەرع و یاسا و ویژدان )یش هەر ئەمە داوادەکات ،
کەچی کۆمەڵگا لە بری ئەوەی ستایشی ئەو پیاوە بکات ، هەموویان بەچاوی گومانەوە تەماشای دەکەن و لێی ئەکەونە تەقە و یەکێک پێێ ئەڵێ (هۆمەر) یەکێک پێێ ئەڵێ (مل پان) یەکێک پێێ ئەڵێ (ژنانی) ، یەکەم کەسیش کە بەم کارە هەڵئەستێ خێزانەکەی خۆیەتی ، ئەوان پێیان وایە کە کوڕەکەیان زوڵمی لێدەکرێت کاتێک ئەو هەموو پێداویستیانە لە (ڕێز ، سۆز ، خۆشەویستی) بۆ منداڵەکانی دابین دەکات ، بۆەیە خێزان بەهۆکاری ئەم کارە ڕاستەوخۆ یان ناراستەوخۆ دەست ئەکەن بە تەداخول کردن و هاندان تێکدانی ژیانی.
.........................
دانەیەک هاتبوو بۆ لام ئاماژەی بە لەپی دەستی ئەکرد زوزو ئەی ووت مامۆستا بە خوا (کوڕەکەم ئائەمەنەی ماوەتەوە )
ووتم بۆ کوڕەکەت ڕێجیم ئەکات ؟ ئەی ووت (نا) ڕۆژتا ئێوارە بۆ ئەو ژن و مناڵانەی ڕادەکات ،
دەی دایکی من پەنگوین دوومانگی ڕێک بەناو زەریا و دەریاکاندا بە بەردەم سەدان دڕندە دا بێچوەکانی بەجێ دەهێڵێت تا پاروویەک نانیان بۆ بهێنێتەوە ، کوڕە دائەنیشێت و ئیش ناکات ، پێی ئەڵێن (بێ کار و دەست و پێ سپیە) کار ئەکات و ئەیەوێت لەسەر پێی خۆی بوەستێێت پێی ئەڵێن کوشتوویانە ،
.....................................................................
بۆ کچەکەش هەمان دۆخە ،کوڕێکی باش و بێ کێشەی بە نسیب بووە ، لەبری ئەوەی ئەو پەیوەندیە بە زیندووێتی بهێڵێتەوە ، پێێ بزانێت ، ڕێز بۆ ئەو هەموو ماندوونە بنوێنێت کەس و کاری هاوسەرەکەی بە کەس و کاری خۆی بزانێت . کەچی هەمیشە ئامۆژگاری ئەکەن (زۆر مەیە بەدەم هاوسەرەکەتەوە) هەوڵ بدە ڕکێفی هاوسەر و منداڵ و هاتوچۆ لە دەست تۆدابێت ،
....................................
ئێ ... لەنێوان فشاری کلتور و کۆمەڵگا و خێزان و ئیدیۆمدا ئەوەی دەبێتە قوربانی هەر کوڕ و کچەکە خۆیانن ، دواتر هەموو ئەوانی تر دەچنەوە بەلای ژیانی رۆژانەی خۆیانەوە و بەدبەختیەکە بۆ منداڵەکانیان دەهێڵنەوە
چونکە کۆمەڵگا ، خێزان ، کلتور ، دەست بەردارت نابێت هەتا نەتکات بەبەشێک لەخۆی
...................................................
لە ڕاستیدا خۆش بەخت دەبیت خەڵکی لێت ناگەڕێت هەتا ژیانت تێک دەدەن ، بەد بەخت دەبیت کەس دەستت ناگرێت هەتا ئەتکەن بەبەشێک لەخۆیان
.........................
لەژیانی منداڵەکانتان وەرنە دەرەوە با بکەون ، با کێشەیان هەبێت ، با ماندوو بن ، وەک ئەو بێچوانەی کە پەڕو باڵیان دەرکرد و ئیتر دەفڕن ، بەڵام تەداخولات و چاودێری زۆر ناهێڵێت منداڵەکانتان فێری ئەزموونی چارەسەری کێشەکان بن ، ئەوان ئەوکات بۆ هەموو شتێک هانا بۆ خەڵکی تر دەبەن ،
......................................................................
بە بوکەکانتان مەڵێن (ئارد دەبێژیتەوە بۆ خۆت دەلەنگێنیت) بیانوویان پێمەگرن ، توانج و تانەیان لێمەدەن ، چۆنایەتی ژیانیان ئیتر تۆ بەرپرس نیت لێی ، خۆیان دەکەون و فێر دەبن ، وەک ئەو منداڵەی هەتا فێری ڕۆشتن ئەبێت سەدان جار دەکەوێت ، لە باوەش کردن باشە بەڵام پێ گرتن دوا دەخات ،
...........................................
ڕێزی زاواکانتان بگرن ، ئەگەر کچەکانتان خۆش ئەوێت،
ژیانی کچەکانتان تێک مەدەن ،ئەگەر بەختەوەریتان دەوێت ، بۆ هەموو شوێنێک و بۆ هەموو کارێک ئەوەندە بانگهێشتیان مەکەن ، کچەکانتان بەرپرسیارێتی مێرد و منداڵی خۆیان لە ئەستۆدایە، کە وەک جاران نایانپەرژێتە سەر تۆ ، مانای فەرامۆشکردنی تۆ نیە ،
(نالی) ووتەنی :-
(گەر ئاب و تابی جەننەتیی و دۆزەخیت دەوێ
بنواڕە نێو چەوانی بەشوش و برۆی عەبووس)
ئەتانەوێت منداڵەکانتان بەردەوام بەشوش و دڵخۆش بن یان دڵتەنگ و حەبووس ،
ئەگەر ئارامی و بەهەشت و پێکەنینتان بۆ منداڵەکانتان دەوێت کەمێک لە ژیانیان وەرنە دەرەوە ، سەیرێکی منداڵەکانتان بکەن ، هەم خۆتان هەست بە ئاسودەیی دەکەن ، هەم بوار بەوانیش دەدەن لەسەر پێی خۆیان بوەستن