Draw Media

دووبارە بوونەوەی ئایندەیەكی ترسناك 

دووبارە بوونەوەی ئایندەیەكی ترسناك 

2019-04-11 18:52:23


نەبەز گۆران 

ئەو دیمەنانەی لە وڵاتی(سودان) روودەدەن، لەرووی كردەی شۆڕشگێڕی و بەرگری و، رووبەروو بوونەوەی دەسەڵاتی خۆسەپێن، دیمەنگەلێكی جوان و رۆمانسین. ئەكرێت بۆ چەندساتێك تەماشای دیمەنەكان بكەین و، ئەو هێزە گەورەیەی لەناو جەوهەری كۆمەڵگەدا بوونی هەیە و، لە چركەساتی نادیاردا دەردەكەوێت، لەو دیمەنانەدا بیبینین. ئەمما مەرج نییە ئەنجامی دیمەنەكان بە هەمان كردەی دیمەنەكە، رۆمانسی و جوانبن و ئەشێت پێچەوانەكەی رووبدات و مێژوو لە زەمەنێكی دیكەدا دووبارە ببێتەوە.
سەرەتای بەهاری _عەرەبی_ بەهارێكی شۆڕشگێڕانەبوو، شەقامەكان بوونە شوێنی خەڵك بۆ بەرگریكردن دژ بە دەسەڵاتەكانی ئەم ناوچەیە، ئەما بەهارێكبوو، شكستی هێنا. ئەو درزەی لەنێوان خەڵك و دەسەڵاتەكاندا دروستبوو، ئیسلامی سیاسیی توندوتیژ خۆی خزاندە ناوییەوە. هاتنە ناوەوەی ئەو فۆڕمەی ئیسلامی سیاسیی بۆ ناو ئەو درزە، كۆی خەونی كۆمەڵگەكانی بەرەو شوێنێكی مەترسیداربرد. هەریەك لەو كۆمەڵگایانەی دژی دەسەڵاتە خۆسەپێنەكانی ئەم ناوچەیە هاتنە سەرشەقام، بەو خەونەوە هاتن، ئایندەیەكی روون، دیموكراسی، مافی هاوڵاتی بوون، بخەنە شوێنی سەركوتكردن و، كۆتایی هێنان بەو مۆدێلە دەسەڵاتانەی، كە بەشێكی زۆریان لەرێگای كودەتای سەربازییەوە هاتبوونە سەر كورسی دەسەڵات و كۆمەڵگەیان دەچەوساندەوە. بەڵام ئەم خەونە گۆڕانێكی گەورەی بەسەردا هاتوو، ئیسلامی سیاسیی تونندوتیژ بووییە پاییەكی بنەرەتی، بۆ دووبارە بوونەوەی مێژوو، بە دیوی دیكە و روخساری دیكەوە.
ئەشێت ئەوەی ئەمڕۆ لە _سودان_ روودەدات، هەمان ئەگەری ئەوەی لە _میسر، یان سوریا، لیبیا... هتد. روویدا دووبارە ببێتەوە. "عومەر البشیر، لە ساڵی 1989 بە كودەتایەكی سەربازی هاتە سەر كورسی دەسەڵات. بەهەمان شێوە، لە ساڵی 2019 بە كودەتایەكی سەربازی لەسەر كارلادرا.(1)" بەشێكی زۆری نارەزایەتییەكان لەسەر دەسەڵاتەكەی ئەم كارەكتەرە، پەیوەندی بە سەركوتكردن و لەناو بردنی نەیارانی خۆی و، دەستگرتنە بەسەر سامانی نیشتیمانی وڵات و كۆنترۆڵكردنی تەواوی دامەدەزگاكان. لەو چركەساتەدا نارەزایەتییەكان گەورەبوون، كە ئیدی نرخی نان تادەهات گرانتردەبوو، هەژاری بەشێوەیەكی ئاسۆیی سەرتاپای وڵاتی دەگرتەوە و، دەستەو تاقمەكەی دەسەڵاتیش لەوپەڕی خۆشگوزرانییدا دەژیان و جیاوازییەكی چینایەتی گەورە دروستبوو.
نارەزایەتییەكان تەواوی شارەكان دەگرێتەوە. بەڵام ئەوەی ئەم نارەزایەتییانە لەوانی وڵاتانی دیكەی عەرەبی جیادەكاتەوە، ئامادەیی بەرفراوانی ژنە. بەپێی چاودێری رۆژنامەنووسان، لە هیچ كام لەشارەكاندا، روونادات زۆرینەی خۆپیشاندەران ژن نەبن! "خاتوو (ئالا سەڵاح) كە تەمەنی 22 ساڵە و لە زانكۆی خەرتووم بەشی ئەندازیاری تەواوكردوە، یەكێكە لە فیگەرە بەهێزەكان و بەناوبانگەكانی خۆپیشاندەران. (2)
ئەم خاتوونە لەماوەیەكی كەمدا وەك كارەكتەرێكی شۆڕشگێر بووەتە جێی باسی میدیا جیهانییەكان. گوتاربێژێكی باشوو، زمانێكی شیعری بەهێزی هەیە، بۆ بەجۆشدانی خەڵكی. خۆی لە لێدوانێكدا بۆ كەناڵی فەرەنسا دەڵێت: " سەیر نییە لە سودان ژن سەرمەشقی شۆڕشەكان بێت، چونكە گەر ئێوە مێژووی وڵاتەكەمان بخوێننەوە، دەزانن چەندین ژن مەلیكەی ئەم وڵاتە بووە و، ئێستاش ژن دەیەوێت بگەڕێتەوە شوێنە راستەقینەكەی خۆی." 
خەونی ئێستای سوودانییەكانی سەرشەقام، خەونی گەڕانەوەی ئازادی و ماف و نەهێشتنی چینایەتیی و كۆتایی هێنانە بە كوشتن و زیندانیكردن. وشەی _شۆڕش_ لە هەموو كوچەو كۆڵانێكدا دەنگی لێوەدێت. هێزە سەبازییەكانیش كودەتاكەی خۆیان بەسەر دەسەڵاتی پێشودا نماكرد. لەم چركەساتەدا، دوو بۆچوونی دژ بەیەك دروستبووە. بۆچونێكیان دەڵێت: "شورایەكی سەربازی بۆ تێپەڕین بەسەر قۆناغەكەدا دروستبكرێت." خاوەنانی ئەم بۆچوونە ژەنەراڵە سەربازییەكانن، كە دینەمۆی كودەتاكەن بەسەر دەسەڵاتەكەی بەشیردا.
بۆچوونی دووهەم دەڵێت: " بەیاننامەكەی هێزە سەربازییەكان، دووبارەكردنەوەی هەمان ئەزموونی رابردووە." خاوەنانی ئەم بۆچوونە، ئەو خەڵكانەن لەسەر شەقامەكاندان و نایانەوێت شەقامەكان چۆڵبكەن، بۆئەوەی ژەنەراڵەكان ئەزموونی رابردوو دووبارە نەكەنەوە.
گەر لۆژیكێك نەیەتە ئاراوە ئەگەری پێكدادان لەئارادایە. ئێستا وڵات لە بۆشاییەكدایە و دوو بۆچوونەكەش چاوەروانكراوە ببێتە درێزێك و ئەو درزە وەك هەمان مۆدێلی وڵاتانی دیكە، ئیسلامی سیاسیی توندوتیژ خۆی بخزێنێتە ناوییەوە. هیچ یەك لەو چاودێرانەی چاودێری ئێستای دۆخەكە دەكەن، ناتوانن بە موتڵەقی ددان بەوەدا بنێن، ئایندەی ئەو وڵاتە بەرەو چارەنووسێكی باشتر لە چارەنووسی وڵاتانی دیكەی بەرهەمی بەهاری عەرەبی بچێت. هەمیشە گۆشەیەك دەدۆزرێتەوە بۆ ترس لەو ئایندەیە و دووبارەكردنەوەی مێژووی ئەوانی دیكە. بەهۆی بەهێزی خێڵ و بنەما نەریتییەكان لەو كۆمەڵگەیەدا، چاوەڕوانكراوە خەونی كۆمەڵگە بگۆڕێت بۆ خەونێكی دیكە، كە هەرگیز ئەو كۆمەڵگەیەی لەسەر شەقامەكانە چاوەروانی ئەو خەونە نەبووبن. هەرچۆنێك بێت، دەسەڵاتێكی سەركوتكەری بكوژ و نادادپەروەر كۆتایی هات، ئایا لە شوێنی ئەو دەسەڵاتێكی دادپەروەرو دیموكراسیی و یەكسان دێتە شوێنی، یان ئایندە ترسناكەكە چاوەڕێی ئەو كۆمەڵگەیەش دەكات؟ ئەمە ئەو پرسیارەیە لە داهاتوودا وەڵامێكی دروستدەدرێتەوە. گەر كودەتاكە هەمان مۆدێلی كودەتای میسربێت، كەوایە تەنها روخسارێك دەگۆڕێت بۆ روخسارێكی دیكە. گەر درزەكە گەورەببێت و ئیسلامی توندوتیژی سیاسیی بچێتە ناو درزەكەوە، ئەوا سوریاییەكی دیكە، یان لیبیاییەكی دیكە دووبارە دەبێتەوە. لە دەرەوەی ئەم دوو سیناریۆیە، سیناریۆی سێهەمە، كە هیچیان نەبێت و لەرێگەی هەڵبژاردنەوە حكومەتێكی نوێ‌ دروستبێت، كە ئەمەش بۆ ئەم قۆناغەی ئەو كۆمەڵگەیە كەمێك قورس دەبێت.

نەبەز گۆران

_* ئەم ناونیشانە سودبینینە لە ناونیشانی كتێبێكی(ژیژك) بەناوی، ساڵی خەونە ترسناكەكان،لەسەر بەهاری عەرەبی. 
_(1)_ بحران سودان، ارتش عمر البشیر را سرنگون كرد. بی بی سی. 
_(2)_ سودان: زنی كە خواند: بە اسم دین مارا سوزاند. كیوان حسینی، بی بی سی.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand