سودان بەرەو کوێ؟
2019-04-11 17:48:49
د. كەنعان حەمەغەریب دەسەڵاتی عومەر بەشیر بەشێكی گرنگ لە مێژووی نوێی سودان پێك دەهێنێت، كۆتایی هێنا بە درێژترین شەڕی ناوخۆ و جیابوونەوەی باشوری سودان وەك دەوڵەتێكی سەربەخۆ.
لە ناوڕاستی نەوەتەكانەوە كۆمەڵێك گۆڕانكاری بەرچاو دەستیپێكرد لە بواری تەكنۆلۆجیای پەیوەندی و بوژانەوەی ئابوری، لە ساڵی ٢٠٠٤ ەوە قەیرانی دارفور دەستیپێكرد و سەرەتاكانی توندتیژی هاتە ئارایەوە، لە بورای گەشەسەندن و بوژانەوە گۆڕانكاری زۆر بەدیهات، رێژەیەكی زۆری بەڕیوەبەرانی دەزگاكانی حكومەت دەرچووی زانكۆكانی ئەمریكاو بەریتانیا بوون بەتایبەت كۆمەڵێكی زۆری ئەوانە دكتۆرایان بەدەست هێنابوو لە كۆتایی هەفتاكان و سەرەتای هەشتاكان، لەم دەساڵی دوایدا " عومەر بەشیر " زۆرێك لەوانەی دورخستەوەو جەنەراڵەكانی سوپای هێنایە پێشەوە.
بەردەوام سیمای گشتی دەسەڵاتی بەشیر بەرەو سنورداركرنی ئازادیەكان هەنگاوی دەنا، كە تێیدا تێورسێنی كودەتای ١٩٨٩ و سەرەتاكانی حوكمی ( حەسەن تورابی ) راپێچی زیندان كرا، خاڵی جەوهەری جیاوازی نێوان تورابی و باڵی عومەر بەشیر ئەوە بوو تورابی باسی لەوەدەكرد دەبێت مەوداكانی ئازادی فراون بكرێت و ئازادی رۆژنامەگەری دەستەبەر بكرێت و هەڵبژاردنی ئازادانە بكرێت و حوكمی لامەركزی حەقیقی بەرپا بكرێت ،دەسەڵاتەكانی سەرۆك كەمبكرێتەوەو دەسەڵاتی تەشریعی بەهێزتر بێت لە دەسەڵاتی تنفیزی.
بەڵام ئەو كاتە " علی عوسمان تەها" كە ئەمڕۆ دەست بەسەر كراوە بە توندی دژی تورابی وەستایەوەو تورابی راپێچی زیندان كراو پەرلەمان هەڵوەشایەوە.
لەم چەند ساڵەی دوایدا زۆرێك لە نوسەرو كەسایەتیە سەرەكیەكانی دەسەڵات ئامۆژگاری " عومەر بەشیر" یان كرد واز لە دەسەڵات بهێنێت، بەڵام ئەو هەر پێداگیری دەكردو لە ئەنجامدا سەدان نوسەر و خاوەن فكر دوركەوتنەوە لە دۆخەكە یاخود هەڵبژاردنی بێدەنگی و وازهێنان لە سیاسەت.
ئێستا كێ خاوەن هێزە لە سەر شەقام؟ حزبە تقلیدیەكان وەك حزبی ئومەی صادق مهدی و حزبی ئیتیحادی دیموكراتی دورن لە رۆحی سەردەمی نوێ، بەشیكی زۆری گەنجانی سەر شەقام بێ سەركردەو ئایدیان و تەنها خوازیاری ژیانێكی شایستەو دادپەروەرخوازانەن. ئەو كەمینەیەی ئێستا شەقام دەجوڵێنێت و هیزێكی رێكخراون، دوو هێزن، حزبی بەعسی سودانی و چەپەكان كە تا رادەیەك لە رووی میژووییەوە ئەزمونی توندوتیژیان هەیە، لە لایەكی ترەوە هێزە لیبرالەكان لە سودان زۆر لاوازن و بەشێكی گرنگی ئەم دۆخە نین.
ئاییندە بەرەو كوێ دەڕوات؟ زۆر ناروونە چونكە هەموو دام و دەزگاكانی سوپا و هێزە ئەمنییەكان پەروەردەی سەردەمی حوكمی ئینقازن، كە ئەوانە مومكین نییە بونیادنەری حوكمێكی دیموكراتی بن ئەو كەسانەی ئێستا لە مەشهەدەكەن هە لە "عەوز بن عەوف" و جەنرال " حمیدتی" و " صلاح قۆش" پاسەوانی سەردەمی حوكمی ئینقاز بوون.