هەڵەی ستراتیژی سەرکردە و حزب و دەرئەنجامەکانی
2019-04-11 16:19:52
ئارام سەعید
بەشی یەکەم
گەر سەرنج بدەین زۆربەی قوربانیانی دوو سەدەی رابردوی جیهان دەرئەنجامی هەڵەی ستراتیژی سەرکردەکان بوون، ناپلیۆن هێرشی کردە سەر روسیا بەنیازی ئەوەی داگیری بکات، بەڵام خراپ دۆڕرا، ژمارەیکی زۆریش قوربانی دا. هێتلەر پێی وابوو هەمان هەڵە دوبارە ناکاتەوە و روسیا داگیر دەکات، بەهەمان شێوە تێکشکا، ژاپۆن هێرشی کردە سەر بەندەری پێرڵ هاربەر بێ ئەوەی حساب بۆ توڕەبون و توانای تەکنەلۆژی ئەمریکا بکات، دواتر ژاپۆن وێران بوو.
هەروەها پەلاماری ئەمریکا بۆ ڤێتنام، یەکێتی سۆڤیەت بۆ ئەفگانستان، دواتر و دواتر چەندین بڕیاری لەو جۆرە کە کارەساتی گەورەی لێکەوتۆتەوە روویاندا. لە وڵاتانی خۆرهەڵاتی ناوەراستیشدا نمونە زۆرن، کە هەڵەی ستراتیژی بوون، لەوانە گرتنی کوەیت لەلایەن سەدامەوە..هتد
لە کوردستان یش چەندین جۆر هەڵەی ستراتیژی لەوجۆرە کراون ئەگەر وورد بیانخوێنینەوە، شەری ناوخۆ، شەری چەندین ساڵەی نێوان حزبە کوردیەکان، رێکەوتن لەگەل رژێمە داگیرکەرەکان بۆ لەناوبردنی هێزێکی کوردی تر، دواترینیشیان ئەنجامدانی ریفراندۆم.
گەر سەرنجی ئەو نمونە مێژوییانە بدەین ئەوا بۆمان دەردەکەوێت ئەوانەی بڕیای شەڕ و ئاشتی دەدەن سەرکردە سیاسیەکان و ئەوانی بڕیاڕبەدەستن ئەنجامیان داوە، کە ئەویش لەوە سەرچاوەی گرتووە کە سەرکردەکان گوێ ناگرن لەوانەی بیرکردنەوەیان پێچەوانەی خۆیان بووە،ئەو زانیاریانەیان پێ خۆشە کە بەرگری لە بۆچونی خۆیان دەکات،بۆئەوەی ئەو بریارە بدەن کە دەیانەوێت. بۆ نمونە هێتلەر، فەرماندەی سەربازی هەبووە کە پێی وتوە شەڕی روسیا هەڵەیە نابێت بکرێت، ناپلیۆن بە هەمان شێوە، شای ئێران تەنانەت ساواک پێی وتوە کە خەڵک ناڕازیە و بارودۆخ خراپە بەڵام گوێی نەگرت.بارزانیش لە ئاستی ناوخۆ ونێودەوڵەتی پێیان ووت کە ئەنجامدانی ریفراندۆم کارەساتی لێدەکەوێتەوە، بەڵام تەنها گوێی لەوانە گرت کە لەگەڵ بۆچونیی خۆی یەکدەگرنەوە.
گرنگە ئەوە بزانیین لە پشت هەموو سەرکردەیەک کە ڕاویژ ناکات و بڕیاری هەڵە دەدات ستافی شەرمن و بێ هەڵوێست هەیە کە وادەکەن بکەوێتە هەڵەوەو ئەویش خۆی حەزی بەوجۆرە کەسانەیە کە بڕیارە هەڵەکانی پشتڕاستدەکەنەوە.
لەو سیفەتانەی ئەو سەرکردانە هەیانە ئەوەیە زانیاریەکان پشتگوێ دەخەن، پشت دەبەستن بە پێشبینی خۆیان، تواناکانی لایەنی بەرامبەر بە کەم مەزەندە دەکەن، دواترینیشیان ڕای جیاواز و دیبەیت دەخنکێنن. ئەم دیاردەیەش، هەندێ جارلایەنەکانی نەیاری دەسەڵاتیش لێی بێبەری نین و رەنگی داوەتەوەو سەرتاپای پێکهاتەی حزب و سەرکردە لە هەرێمی کوردستاندا جێی ئەوەیە لێکۆڵینەوەو شیکردنەوەی وردیان لەسەر بکرێت کە ئایا تاچەند لە بڕیارەکانیاندا رەچاوی ئەوخاڵانە دەکەن کە پێویستە بۆ ئەوەی بڕیارێکی ستراتیژی بدەن.
لە کۆتاییدا ئەو حزب و سەرکردانەی زانیاری دامەزراوەکانیان باش هەلدەسەنگێنن و قبوڵی جیاوازی بۆچونەکان دەکەن، وانەکانی مێژوو پشتگوی ناخەن، ئەو تەمومژەی لەبەردەمیاندایە تەواو روون دەبێتەوە و ئەوکاتە بڕیار دەدەن و دەگەن بەبریاری دروست، کەمتر هەلەی ستراتیژی دەکەن.
*تێبینی: بۆ ئەم نوسینە سودێکی زۆرم لە کتێبی " تەمومژ، هەڵە، جەنگ" بینیوە کە لە نوسینی هەرسێ نوسەر(داڤید سی کۆمپێرت، هانز بێندیاک، بانی لین) کە باسی ئەوەیە ئەمریکا و چین ئەتوانن چی فێربن لە وانەکانی مێژوو.
*لەبەشی داهاتوو باس لەوەدەکەین چۆن دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆن بەهەمان شیوە دەرس لە وانەکانی مێژوو وەرناگرن.