Draw Media

ئه‌و هاوكێشانه‌ی پێویسته‌ پارتی راستیان بكاته‌وه‌

ئه‌و هاوكێشانه‌ی پێویسته‌ پارتی راستیان بكاته‌وه‌

2019-04-10 19:46:50


كارزان سه‌باح هه‌ورامی

پارتی دیموكراتی كوردستان, ئه‌گه‌ری بیه‌وێت, (كوردستانێكی به‌هێز) دروست بێت كه‌ دروشمی سه‌ره‌كی هه‌ڵبژاردنه‌كانی بوو, پێویسته‌ هه‌ندێك هاوكێشه‌ له‌ سلێمانی و ناوچه‌كه‌ش راست بكاته‌وه‌, ره‌نگه‌ راستكردنه‌وه‌یان به‌ته‌نیا به‌ پارتی نه‌كرێت, به‌ڵام هه‌ندێك هه‌نگاوی ساده‌ هه‌یه‌ زۆر قورس نین, به‌تایبه‌ت ئه‌گه‌ر ئیراده‌ هه‌بێت بۆ رووبه‌رووبوونه‌وه‌یان, ئه‌وه‌ی زۆر مه‌ترسییه‌ له‌سه‌ر كوردستان هه‌بوونی گرووپی چه‌كدارن كه‌ له‌لایه‌ن هه‌ندێك كه‌سی سه‌ربازییه‌وه‌ ئیداره‌یان ده‌كرێت, ئه‌م كه‌سانه‌ جگه‌ له‌وه‌ی هیچ حسابێك بۆ دامه‌زراوه‌كانی كوردستان ناكه‌ن، به‌ڵكو زۆر جار هه‌ره‌شه‌ن بۆ سه‌ر ئاسایشی كوردستان, هه‌ندێكیان زۆر بێ باكانه‌ له‌سه‌ر شاشه‌ی تیڤیه‌كانه‌وه‌ ده‌ڵێین: "رێگا ناده‌ین حكوومه‌ت له‌م شوێنانه‌ی ئێمه‌ی لێیه‌ نه‌وت ده‌ربهێنێت!!". هه‌ندێكی دیكه‌یان هه‌ره‌شه‌ی ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ ئه‌گه‌ری دامه‌زراوه‌ی سه‌رۆكی هه‌رێمیش فه‌رمانیان پێ بكات جێبه‌جێی ناكه‌ن، وه‌ك ئه‌وه‌ی ئه‌وان خۆیان به‌گه‌وره‌تر له‌ دامه‌زراوه‌كانی حكوومه‌ت بزانن, راستییه‌ك هه‌یه‌ ده‌بێت به‌ده‌ستێكی پۆڵاین له‌مانه‌ بدرێت, یان ئه‌وه‌تا ده‌بێت دامه‌زراوه‌كانی حكوومه‌ت سه‌روه‌ر و به‌هێز بن یان مانه‌وه‌ی ئه‌م مه‌ترسییه‌ له‌سه‌ر حكوومه‌ت له‌ پێگه‌ی (كوردستانی به‌هێز) ده‌دات, ئه‌وه‌ی له‌م ماوه‌یه‌ له‌ سنووری سلێمانی رووده‌دات ناكرێت به‌ئاسایی وه‌ربگیرێت, به‌تایبه‌ت نه‌مانی كۆنترۆڵ به‌سه‌ر هێزی سه‌ربازی و هه‌بوونی گروپی سه‌ربازی جیاواز كه‌هه‌ر یه‌كه‌و له‌ژێر ناونیشانێك كاربكه‌ن.
ره‌نگ بێت له‌ماوه‌ی داهاتوو گۆڕانكاری گرنگ رووبدات, ئه‌مه‌ریكا له‌پێگه‌ی سه‌رجه‌م ئه‌و هێزانه‌ ده‌دات كه‌ نزیكن له‌ كۆماری ئیسلامی ئێرانه‌وه‌, هه‌نگاوی گرنگ هه‌یه‌ بۆ كردنه‌وه‌ی بنكه‌ی سه‌ربازی ئه‌مه‌ریكا له‌ ناوچه‌كانی (حه‌ریر-سه‌ربه‌ پارێزگاری هه‌ولێر و هه‌ڵه‌بجه‌-سه‌ربه‌پارێزگاری سلێمانی, شپرزه‌یی هێزی سه‌ربازی له‌ كوردستان ئه‌مه‌ریكاشی نیگه‌ران كردووه‌، بۆیه‌ ئاگاداری (ج)ی داوه‌ به‌ كوردستان كه‌ سه‌رجه‌م هێزه‌كان له‌یه‌ك چوار چێوه‌ كۆبكرێته‌وه‌، فه‌رمانیش له‌ حكوومه‌ت و سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم وه‌رده‌گرن, نه‌ك هێزی حزبی و شه‌خس، ره‌نگ بێت له‌ هه‌ر ئه‌گه‌رێكدا هێزی چه‌كداری له‌ كوردستان بكه‌ونه‌ به‌رده‌م نه‌خشه‌ی گۆرانكاریه‌كانی ئه‌مه‌ریكاوه‌، چونكه‌ هێشتا ئه‌مه‌ریكا دڵنیانییه‌ له‌وه‌ی له‌دوای 16ی ئۆكۆتبه‌ر ئێران چی دیكه‌ ده‌كات له‌ كوردستان؟ یه‌كێك له‌ گه‌وره‌ترین مه‌ترسیه‌كانی نه‌بوونی هێزی یه‌كگرتوو له‌ كوردستان ده‌رئه‌نجامه‌كه‌ی 16ی ئۆكتۆبه‌ر و دواتر بوو, كه‌ چۆن به‌شێك له‌هێزی پێشمه‌رگه‌ فه‌رمان له‌ كه‌سانی نادیار وه‌رگرت.
له‌ ئاستی سیاسیش دۆخی سلێمانی تادێت ئاڵۆزده‌بێت، یه‌كێك له‌ مه‌ترسییه‌كان قۆرغكاری ئه‌و شاره‌یه‌, خه‌ریكه‌ ژیانی سیاسی و پێكه‌وه‌ ژیانی سیاسی له‌وێ نامێنێت, زۆربه‌ی كاره‌كته‌ره‌سیاسیه‌كان ئه‌وشاره‌ به‌جێده‌هێڵن, هه‌رجاره‌ و له‌رێگای به‌كارهێنانی هێز هه‌ره‌شه‌ له‌ گروپه‌ سیاسییه‌كان ده‌كرێت, ره‌نگ بێت یه‌كێك له‌ هۆكاره‌كانی ئه‌و قۆرغ كاریه‌ ده‌ست و پێ به‌ستنی پارتی بێت كه‌ به‌پێی حه‌ق و مافه‌كانی نه‌دراوه‌تێ له‌و شاره‌, ئه‌م جاره‌ گرنگه‌ پارتی له‌ ئیداره‌ی سلێمانی به‌شداری بكات، گرنگه‌ جێگری پارێزگاری ئه‌و شاره‌ یان قائیمقامی ئه‌و شاره‌ و پۆستی ئیداره‌ی ببات, خه‌ریكه‌ كاری حزبایه‌تی له‌ سلێمانی هێزه‌كانی دیكه‌ی ده‌ره‌وه‌ی یه‌ك هێزی ده‌سه‌ڵات ده‌بێته‌ نامۆبوون, ژیانی سیاسی جگه‌ له‌ قۆرغكاری هیچ ده‌رفه‌تێكی له‌و شاره‌ نه‌هێشتوه‌ته‌وه‌, له‌كۆی سه‌رجه‌م دامه‌زراوه‌كانی سنووری پارێزگای سلێمانی، ته‌نیا یه‌ك به‌رێوه‌به‌ری قوتابخانه‌یه‌ك پارتی نییه‌, به‌بێ یه‌كێتی حكوومه‌ت بۆی نییه‌ یه‌ك پۆلیس دابمه‌زرێنێت, ره‌نگ بێت ئه‌م شێوه‌ كاركردنه‌ به‌رده‌وام ده‌رفه‌تی ئه‌وه‌ بره‌خسێنێت بۆ هێزێكی سیاسی كه‌ له‌رێگای نه‌فوزی سیاسی خۆیه‌وه‌ ته‌حه‌دای دیموكراتی و هه‌ڵبژاردن و دامه‌زراوه‌كانی حكوومه‌ت بكات, ئه‌م شێوه‌ ئیداره‌دانه‌ نه‌ك پرۆژه‌ی پارتی پێش ناخات كه‌ (كوردستانێكی به‌هێزه‌) به‌ڵكو له‌مپه‌رێكی گه‌وره‌یه‌ له‌وه‌ی كوردستان له‌ چوار چێوه‌ی دوو ئیداره‌یی بهێڵێته‌وه‌.
پێشووتر ئاراسته‌یه‌كی به‌هێز له‌ سلێمانییه‌وه‌ هه‌بوو له‌دژی (ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان) سه‌رۆك كۆماری توركیا, به‌وه‌ی كه‌سێكی دیكتاتۆره‌, ئه‌گه‌ر ئه‌م قسه‌یه‌ به‌شێكی بۆ خودی سه‌رۆك كۆماری توركیا بێت، هه‌ڵبه‌ته‌ به‌شێكی په‌رچه‌كردار بوو له‌دژی پارتی, (گوایه‌ پارتی هاوپه‌یمانی ئه‌ردۆغانه‌) ئێستا بێ ده‌نگییه‌, گوتار له‌دژی ئه‌ردۆغان نییه‌!! بۆچی؟ چونكه‌ (ئه‌ردۆغان) له‌ هه‌ڵبژاردنی شاره‌وانییه‌كانی توركیا (ئه‌سته‌مبوڵ) و (ئه‌نقه‌ره‌ و ئیزمیر)ی دۆراند كه‌ به‌هێزترین شاره‌كانی توركیان، دوای هه‌ڵبژاردن (ئه‌ردۆغان) شاره‌كانی راده‌ستی لایه‌نی ئۆپۆزسیۆن كرد، ئه‌ی پرسیار ئه‌وه‌یه‌ ئه‌وه‌ی ئه‌ردۆغان له‌ توركیا كردی له‌ سلێمانی جێبه‌جێ ده‌بێت؟ له‌كاتێكدا ته‌نیا له‌ ماوه‌ی 24 كاتژمێردا به‌ربژێری (جه‌هه‌په‌) بۆ پارێزگاری هه‌رسێ شار، پیرۆزبایان له‌ خه‌ڵك كرد و وه‌ك پارێزگاری ئه‌و شارانه‌ هه‌ڵبژێردران.
ئه‌ی پرسیار ئه‌وه‌یه‌ 26 ساڵه‌ له‌ سلێمانی جگه‌ له‌ ده‌سه‌ڵاتی یه‌ك حزب هیچ حزبێكی دیكه‌ مافی ئه‌وه‌ی پێدراوه‌ ئه‌و شاره‌ به‌رێوه‌ببات؟, بێ ده‌نگ بوونی ئێستای ئه‌و حزبانه‌ له‌دژی (ئه‌ردۆغان) له‌و روانگه‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌وه‌ی ئه‌وان پێیان وابوو دیكتاتۆریه‌ته‌, باشتر له‌ ئه‌زمونی ئه‌وان مامه‌ڵه‌ی كرد.

ده‌بێت دووباره‌ دارشتنه‌وه‌ بۆ ته‌واوی ناوچه‌كه‌ بكرێت, هه‌ڵه‌به‌ته‌ ئه‌مه‌ قۆناغ به‌ندی ده‌وێت، به‌ڵام له‌ هه‌مووی گرنگتر ئه‌مه‌ریكا سیاسه‌تی (هاوكێشه‌ سفر) به‌رانبه‌ر ئه‌و هێزانه‌ ده‌كات كه‌ نزیكن له‌ ئێرانه‌وه‌ به‌ئامانج گرتنی حه‌شد و میلیشیاكانی عێراق درێژه‌ ده‌كێشێت بۆ هێزی دیكه‌ش، ره‌نگ بێت یه‌كێك له‌بریاره‌كانی ئه‌مه‌ریكا بۆ تیرۆرست ناساندنی سوپای پاسداران، بۆ ئه‌وه‌بێت كه‌ ئه‌و هێزانه‌ی (كه‌ین و به‌ین و سه‌وداو مامه‌ڵه‌یان) له‌گه‌ڵ ئه‌و سوپایه‌ هه‌یه‌، له‌په‌لوپۆ بخرێن، ئه‌مه‌ش گۆرانكاری گرنگ له‌ كه‌ركووك و دووزخوورماتوو و خانه‌قین ده‌هێنێته‌ ئاراوه‌، ره‌نگ بێت دۆخی سیاسی ناوچه‌كه‌ش له‌گه‌ڵ گۆرانكاری سه‌ربازی دروست ببێت، ناكرێت به‌هه‌ر ئاراسته‌یه‌ك بێت، ناوچه‌كه‌ ببێته‌ ته‌راتێنی دژه‌ خواسته‌كانی ئه‌مه‌ریكا و كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand