Draw Media

بۆچی گۆڕان بەشداری لە حکومەتدا دەکات؟

بۆچی گۆڕان بەشداری لە حکومەتدا دەکات؟

2019-04-10 15:38:23


ئاراس وەلی  
گۆڕانکارییەکانی دەوروبەرمان هەم ئاڵۆزو هەم خێران، هەردوکیان ناچارمان دەکەن لەگەڵ حیزب و رێکخراوی تردا جۆرێک لە سازان و رێککەوتننامەی سیاسی ئەنجام بدەین. بەخۆمان و ئەوان و واقیعەکەشدا بچینەوە. نەخشەی نوێ دابڕێژین بۆ ئامانجە نوێکان.

گۆڕانکاری دەوروبەرمان بەو خێراییە داوای جۆرێک لە فلێکسبلیتی (Flexibility)  نەرمەکارمان لێدەکات. بۆ ئەوەی لەئاستی جێبەجێکردنی ئەو داوایانەدا بین دەبێ بگونجێین، واقیعیبین، پەیام و بەرنامەو کارنامەمان بەجۆرێک فۆرمولە بکەین کە زۆربەی زۆری خەڵک بەرژەوەندی خۆی تێدا ببینێتەوە، بەوەش متمانەی زۆرتری خەڵک مسۆگەر دەکەین.

ئەگەر حکومەت بریتی بێت لە دامەزراوەیەکی دیاریکراو، کە باڵاترین دەسەڵات دەگرێتە دەست بۆ بەڕێوەبردنی کۆمەڵگایەکی تایبەت لە نیشتیمانێکی دیاریکراودا. ئەوا دەسەڵاتی پەرلەمان و دادوەری هەم سنوری هەریەکەیان دیاریکراوەو، هەم هاوسەنگیان لەگەڵ یەکتردا و لەگەڵ حکومەت و هاوڵاتیاندا دەستوربەند کراوە. کەواتە بەشداریکردن لە حکومەتدا بەشێوەیەک لە شێوەکان جێبەجێکردنی بەرنامەو دیدگای سیاسیانەی هەر رێکخراوێکی سیاسییە بۆ حوکمڕانی و بەڕێوەبردنی هەر کۆمەڵگایەک.

لەم روانگەیەوە بەرپرسیارێتی سەرەکی بزوتنەوەی گۆڕان بۆ بەشداری و شەراکەت لە حوکمڕانی هەرێمی کوردستاندا بریتییە لە کۆمەڵێ سەوابتی بنەڕەتی. ئەوانیش بریتین لە سەوابیتەکانی نیشتیمانی و نەتەوەیی و دینی و ئینسانی.

یەکەم: لە روانگەی سەوابتی نیشتیمانیەوە گرنگە کابینەی نۆهەم، ببێتە حکومەتی هاوڵاتیان و، چەمکی هاوڵاتیبون بکرێتە پێوەر بۆ دانیشتوانی هەرێمی کوردستان، دور لە ئینتیمای حیزبی و خێڵەکی و دینی‌و رەگەزی.

دوەم: جیۆپۆلەتیکی هەرێمی کوردستان واقیعیەتێکی هەیە کە پێویست دەکات، حکومەت بەرپرسیارێتی سەوابیتە نەتەوەییەکان بکاتە نەخشەڕێگای خۆی، بەمانایەکی تر، لەسەر حیسابی کوردانی پارچەکانی تر هیچ جۆرە مامەڵەو ڕێککەوتنێکی سیاسی و بازرگانی دژ بە بەرژەوەندیەکانی نەتەوەیی لەو بەشانەی کوردستاندا نەکات.

سێیەم: لە روانگەی سەوابتی دینییەوە، پەرلەمانی کوردستان نابێت هیچ یاسایەک دەربکات  کە ببێتە هۆکاری تێکدانی ئاسایشی کۆمەڵایەتی و دینی لەنێوان ئاینزاکانی هەرێمی کوردستاندا.

چوارەم: لەڕوانگەی سەوابیتی ئینسانییەوە، گرنگە کارنامەی حکومەت دژ بە سەوابیتە ئینسانی و پەیماننامە نێودەوڵەتیەکان نەبێت. ئازادی تاک، ئازادی رۆژنامەگەری، ئازادی ئاین و یەکسانی نێوان ژن و پیاو، مافە بنەڕەتیەکانی مناڵ، خوێندن و ... هتد، فەراهەم بکرێ.

لەم سۆنگەیەوە بزوتنەوەی گۆڕان شەراکەت و بەشداری راستەقینەی حکومەت دەکات لەگەڵ هەمو هێزە سیاسییەکانی دیکەی هەرێمی کوردستاندا.
لەسەر مەسەلەی دەستوری هەرێمیش لەگەڵ هەمو هێزە سیاسییەکان و رێکخراوەکانی NGO و دیالۆگی جددی دەکات بەمەبەستی دروستکردنی سیستمێکی حوکمڕانی دیموکراتی  پەرلەمانی.

بەشداریکردن لە حکومەتدا هەلومەرجی تایبەتی خۆی هەیە، گرنگی بەشداری بزوتنەوەی گۆڕان لە حکومەتدا ئەوەیە، کە بەرنامە سیاسییەکەی خۆی لەگەڵ سەوابتە مەبدەئیەکانی و پاشان پاکێجەکانی چاکسازی بکاتە بناغە و نەخشەڕێگای شەراکەت لە حکومەتدا.

تایبەت بە پۆستە سیاسییەکان و وەزارەتەکان، بزوتنەوەی گۆڕان لەسەر بناغەی سیستمی خاڵ ئەو پۆستانەی وەرگرتوە. واتا ئێمە بەپێی ئیستیحقاقاتی ئینتیخابی لە (12٪)ی خۆمان پشکمان وەرگرتوە. هەمو ئەو دەنگۆو هێرشە میدیاییانەی دەوترێت: "گوایە گۆڕان دو هێندەی ئیستیحقاقی ئینتیخابی خۆی پۆستی وەرگرتوە..!" دورن لەڕاستییەوە.

راستیەکە ئەوەیە: نە بزوتنەوەی گۆڕان رێژەی لە (12٪)ی بەرکەوتەی خۆی وەرگرتوەو، نە پارتی رێژەی لە (45٪)ی پۆستەکانی لایەو نە یەکیەتی لە (21٪)ی پۆستەکانی لایە. پارتی و یەکیەتی (66) کورسی پەرلەمانیان هەیە، بەڵام لە ئەرزی واقیعدا لە (75٪) زیاتر لەهەمو جومگەکانی دەسەڵاتداری و پۆستەکانی ئەم هەرێمەیان بەدەستەوەیە.

گرنگ ئەوەیە کابینەی نوێ، بتوانێ کارنامەکەی جێبەجێ بکات، خەڵک سودمەندی سەرەکی بێت لە جێبەجێکردنی کارنامەکەدا لەهەمو ئاستێکدا. هەرێم بکەوێتە قۆناغێکی ترەوە کە دەسەڵاتەکانی حکومەت و پەرلەمان و دادوەری دوربن لە کاریگەری و هەژمونی حیزب.

خاڵێکی گرنگ لە رێکەوتنی گۆڕان و پارتی بۆ پێکهێنانی کابینەی نۆهەم بریتیە لە ئیجبارکردنی لایەنە سیاسییەکان کە دژی دو ئیدارەیی بوەستنەوەو "حکومەت و هەمو لایەنە سیاسییەکان پابەندبن بە یەکپارچەیی و یەکگرتویی قەوارەی سیاسی هەرێمی کوردستان  و کاربکەن بۆ رێکخستنەوەی دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان".

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand