حكومەتی زۆر كابان
2019-04-08 11:45:59
سەرتیپ جەوهەر
جارێكی دیكە حكومەتێكی بنكەفراوان دروستدەكرێت. ژمارەیەك لایەن هەریەكە هەگبەیەكی پڕ ئەجێندای خۆیەوە دێتە پەرلەمان و حكومەت، هەیانە زنجیریەك مەرجی پێشوەختەی خستۆتە رێككەوتنی دوقۆڵی، هەیشیانە بەدوای هاوسەنگكردنەوەی دۆخی حوكمڕانیدا دەگەڕێت، هەیشە دەیەوێت لایەنەكان بەكاربێنێت بۆ بەردەوامیدان بەو بارە لاسەنگەی حوكمڕانی كوردستان.
حكومەتی بنكە فراوان هەمیشە حكومەتی لەرزۆك بووە، كورد وتەنی شیوی زۆر كابان یان سوێرە یان كەم خوێیە، ئیدی هەریەكە دەیەوێت دەنگ و ئاوازی ئەو بەرزبێت. سەرەنجام ئەو بنكە فراوانییە لەبری قایمكردنی بناغەی حكومەت، گرفت دروستدەكات.
بەدڵنیاییەوە پارتی پلانی هەیە بەمشێوەیەی ئێستای كە هەژمونی گەورەی بەسەر حوكمڕانیدا هەیە بەردەوام بێت و (میركوڕ) خۆیان بن، ئەوان خاوەنی بڕیاربن و هەر خۆیان پێشوازی لە وەفدان بكەن و هەر خۆیشیان رووی (واجیهەی) حكومەت بن، بۆیە وەزارەتی سامانە سروشتییەكان و ناوخۆو پەیوەندییەكانیان نەدایە هیچ لایەنێك! كورد وتەنی هەروەكو پێشو لێ بخوڕن.
یەكێتی نیشتیمانی كوردستان دەیەوێت ئەو دۆخە لاسەنگەی كەلەحوكمڕانیدا دروست بووە بەهۆی هەڵەو چاوپۆشین و دۆخی خراپی ناوخۆی حزب و سلێمانی، راستی بكاتەوەو وەك شەریكی حوكمڕانی دوبارە بگەڕێتەوە گۆڕەپان، بۆیە لەگفتوگۆی پێكهێنانی حكومەتدا هەوڵیدا لەهەموو جومگەكان بونی هەبێت و داوای شۆڕكردنەوەی دەسەڵاتیشی كرد بۆ سلێمانی و هەڵەبجەو گەرمیان.
بزوتنەوەی گۆڕانیش هیچ هێزو تونای لەبەرنەماوە، بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو زۆر ماندوو دەبێت. دەیەوێت وەك ساڵان بەپرۆژەی بەناو چاكسازییەوە بێتە حكومەت و دواتر بیكاتە دەستكەوت و لەپاشەڕۆژ بیفرۆشێتەوە، لەپەنای داواكردنی پۆست و ئیمتیاز لەكابینەی نوێ، بەدروشمی قەبەو دروشمی باشتركردنی حوكمڕانی چاوبەستمان بكات.
بۆ یەكێتی نیشتیمانی كوردستان كارێكی زۆرباش دەكات هەوڵدات ئەم لاسەنگییە راست بكاتەوە كە بەهۆی هەژمونی پارتی بەسەر حوكمڕانییەوە دروستبوە، بەڵام راستكردنەوەی لاسەنگی بەتەنها وەرگرتنی پۆست و بەشداریكردن لەجومگەكانی حوكمڕانیدا نابێت، بەڵكو بەبونی پلان و دانانی كەسانی شیاو و دڕ بۆ ئەو شوێنانە بەشێكی دەگەڕێتەوە. پێشتر یەكێتی لەزۆربەی جومگەكاندا بەشێوەیەك لەشێوەكان بەشداری هەبووە، بەڵام لاوازی كەسەكان یەكێك بووە لەهۆكارە هەرە سەرەكییەكانی دروستبونی هەژمونی لایەنی بەرامبەر.
بۆ بزوتنەوەی گۆڕان، ئەمجارەیان وەك ئەمساڵ سەرباری بارانی زۆر، بەڵام لەوەناچێت بەرهەمیان گەلەك بێت! ئەوان بەناوی بونی پلانی چاكسازیی و مەرجی پێشوەختەوە بانگەشە دەكەن، كەچی پلانەكانیان لەئێستاوە بەشێكی پوچەڵكراوەتەوە!
ئەوان وتیان بەمەرجی چاككردنی موچەی خەڵك دێینە حكومەت، كەچی هێشتا حكومەتی نوێ ناوی لێنەهێنراوە موچەی تەواو گەڕایەوە بۆ فەرمانبەران! ئەمجارە وتیان پرۆژەی چاكسازیی موچەی خەڵكمان كردۆتە مەرجی بەشداریكردن، كەچی نازانن ئەو مەرجەی ئەوان لەبنەڕەتدا پوچەڵە، چونكە پرۆژەی چاككردنی موچەی فەرمانبەرو خانەنشینان لەخولی پێشوی پەرلەمان لەلایەن پارتی و یەكێتیەوە پێشكەشی پەرلەمانكراوەو ئەم خولە بەرلە گۆڕان دەیخەنەوە بەرنامەی كار، كەوایە گۆڕان شتێكی بۆ نامێنێتەوە! مەگەر شتێكی نوێ بخەنە روو.