سەركەوتنی پارتی و رێكەوتنی هەموان !
2019-04-06 13:39:12
كەمال محەمەد
ئەگەر كۆی بكەینەوە سەریەك ئەوا تەواوی دەستەی سەرۆكایەتی و جومگە هەستیارەكانی سیاسەت و بەرێوەبردنی هەرێمەكە لەلایەن پارتییەوە دەستی بەسەردا گیراوە و سیستەمی سیاسی لە دۆخێكی زۆر مەترسیدار دا ئەبینرێت بەهۆی بەخێزانی كردنی دەسەڵاتەوە لەلایەن پارتییەوە ،كە بە بروای من پێهەڵگرتنێكی سەركەوتوانەی ئەنجام داوە بەهۆی لێكترازانی هێزەكانی دیكەوە كە هۆكار بوە بۆ بونی بۆشاییەكی سیاسی لە كاتێكدا كە سیاسەت بۆشایی ناناسێت !دەشێت ئەم بۆشاییە سیاسیە بێت كە پارتی بە درێژایی مێژوو سودی لێ بینیبێت .
وەك ئاشكرایە لەپێشدا پارتی ئەو هێزە نەبوە كە بتوانێت سنوری دەسەڵاتی خۆی فراوان بكات و كۆی دەسەڵاتەكان بگەرێنێتەوە بۆ پایتەخت تا ئەو كاتەی كە رێككەوتنامەی ستراتیژی لە نێوان هێزی زۆنی زەرد و سەوزدا ئیمزا كرا ،رێكەوتنێك كە پارتی توانی لەو رۆژەوە سەركەوتنی سیاسەتی خۆی فراوانترو گشتگیرتر بكات،
یەكێكە دیكە لە هۆكارەكانی سەركەوتنی پارتی نەبونی دەستورێكی نیشتمانییە كە یاساو رێساكان بەجۆرێك بێت كەهاوسەنگی تێدا بێت بۆ سیاسەت و حكومرانی بۆیە پارتی بەمەبەستی گەیشتن بە دەسەڵاتێك لەپێناو بەرژەوەندییە بنەماڵەیی و حیزبییەكەی لەگەڵ لایەنە هاوتاكەی كە یەكێتییە هەوڵی دواخستن و لەكارخستنی دەستوری داوە ،یان ئەگەر وەكو لەرەشنوسی دەستوری پێشوتردا كە لە خولەكانی پێشودا خوێندنەوەو هەمواری بۆ كراوە دیسانەوە ئەگەری هێنانە كایەی سیستەمێكی دیكتاتۆری بەهێزی تێدا بەدی ئەكرا ،بۆیە پارتی هەمیشە نیشانی ئەوەی داوە بە هێزەكانی دیكە كە لە سەركەوتن زیاتر هیچ هەڵوێست و رێكەوتنێكی دیكەی قبوڵ نییە و هەمیشەیی بون و حكومڕانیكردنی هەرێمیان بۆ خۆیان رەوا بینیوە ،
دابەشكردن دەسەڵاتەكان بەسەر ئامۆزاكان و كۆنترۆڵكردنی پەیوەندییەكانی ناوخۆ و دەرەوەی هەرێم لەلایەن پارتی و كردنەوەی بارەگای بارزانی لە لایەن خودی بارزانی باوكەوە لە دوای ٤٤ ساڵ سەرهەڵدانەوەی بەسیفەتی مەرجەعی باڵاو گەڕانەوەی یاسا و پرسە نیشتمانیەكان و پەیوەندییەكانی ناوخۆی هەرێم و هەرێم و بەغداش بۆ ئەم بارەگایە بە واتای شەرعییەتدانی ئەم بارەگایە دێت لەسەرو یاسا و دەستور و سەرۆكایەتییەكانیشەوە ،ئەمەش پرۆسەی سیاسی ئەخاتە ژێر پرسیار و مەترسییەكی گەورەوەو هەرێمی كوردستان لە دیموكراتی و پابەند بە سیسیتەمێكی دیموكراتیانە دور ئەخاتەوە ،
یەكێكی دیكە هەنگاوەكان لە كاتێكدا دوای ئەو كۆبونەوە یەك لە دوای یەكانەی لایەنەكان بۆ پێكهێنانی حكومەت ئەنجامدراون و كراون بە رێكەوتنێك لەلایەن هێزەكانی بەشداربوی كابینەی داهاتوو شەركردنی گۆڕان و یەكێتییە بۆ پچڕاندن بەدەستهێنانی پۆستێك یان جێگرو بەرێوەبەرێك ،ئەمە لە كاتێكدا كە پارتی لە رێگەی هەڵبژاردنێكی پرساختەكارییەوە شەری بەدەستهێنانی سەرۆكایەتییەكانی مسۆگەر كردوە و لە دۆخێكی پێچەوانەدا شەری جێگری و رازیبون بە برا گەورەیی پارتی بۆ یەكێتی و پارتی بە جێهێشتوە و بەفەرمی دەستبەرداربونیان لەگەیشتن بە دەسەڵات و بەشدارییەكی راستەقینە لە سیستەمی سیاسی و حكومڕانی و پەیوەندییە دیبلۆماسییەكان و تەنانەت چەندێتی چۆنێتی لەبریاردان و پرسە نەتەوەیی و نیشتمانییەكانیشەوە .
ئەوەی مایەی هەڵوەستە لەسەركردن و رەخنەكردنە ئەو هێزە ئۆپۆزسیۆنانەیە كە بانگەشەی گۆڕینی سیستەمی سیاسی و نەكردنی بە بنەماڵەیی هەرێم ئەكرد كە قەراری دروست بونیشیان لەسەر ئەم بنەمایە بوە ،بەڵام ئێستا خودی ئەم هێزانە بەپێی چەند رێكەوتنێك لەگەڵ پارتی هەنگاو بەرەو بەخێزانێكردنی هەرێمی كوردستان ئەنێین و دوا جار رێكەوتنی نێوان ئەم هێزانە هۆكارێكی دیكەی ئەنجامگیر بونی دەسەڵات و سەركەوتنەكانی پارتییە لە كۆی پرۆسێسە سیاسی و دەسەڵاتدارێتییەكانی ئەم هەرێمەدا ،واتە بە كورتی و كوردی پارتی سەركەوتنەكانی خۆی ناكاتە قوربانی هیچ رێكەوتنێك و بەرژەوەندییەكی گشتی .