بۆرییەکەی پەرلەمانی بەریتانیا و چاڵەکەی بەنداوی دوکان لەیەک دەچن ؟!!
2019-04-05 14:22:04
تەیب كەسنەزانی
پەرلەمانی بەریتانیا لە گەرمەی موناقەشەکانی هاتنە دەرەوە لەیەکێتی ئەوروپا ( بریکست ) دوێنێ هۆڵی دانیشتنەکانی دڵۆپەی ئاویکردوو بە ناچاری بەهۆی کون بوونی بۆرییەکانیەوە دانیشتنەکانیان هەڵپەسارد، ئەم ڕوداوەش وایکرد کە ئەمڕۆ گفتوگۆی زۆر بە دوای خۆیدا بهێنێت ...هەندێک لە شیکەرەوەکان دەڵێن بە ئەنقەست ئەو کارە کراوە چونکە سەرۆک وەزیران تریزە مەی دەبوایە ئەمڕۆ بەرنامەی کاری بدایەتە پەرلەمان و پێشکەش بکردایە بۆ ئەوەی ڕۆژی دووشەممە موناقەشەی بکرێت لە پەرلەمان تاوەکو بزانن چەند کات داوا بکەن لە پەرلەمانی ئەوروپا بۆ دوا خستنی پرۆسەکە . چونکە ڕۆژی چوارشەممە ۱٠ ی ئەپرێڵ کۆبووەوەی نائاسایی سەرکردەکانی یەکێتی ئەوروپایە بۆ بڕیاردان لەسەر پرسی دواخستنی (بریکست). بەمەش تریزە مەی پەرلەمان ناچار دەکات کە تەنیا ۳ شەممەیان لەبەردەست بێت بۆ موناقەشەکردن و بەپەلە دۆخەکە تێپەڕێنێت چونکە کات لەبەرژەوەندی ئەو نیە. هەڵبەتە بەرنامەی کاری پەرلەمان دەبێت ۲٤ کاتژمێری کارکردن پێشوەختە پێشکەش بکرێت . هەندێکی تر بە تەنزەوە بۆچونیان وایە کە ئەم کونە لەم کاتەدا لەپەرلەمان ڕوویداوە بۆ ئەوەیە پیشانی بدەن کە ئەوەتا بۆری چاککەرەوەکان ( پڵەمەر ) کە زۆربەیان خەڵکی ئەوروپای شەرقین لەم ووڵاتەدا ئەوتا ئێستا نەماون و ئێرەیان بەجێهێشتوە بەهۆی بریکستەوەو پەرلەمان ناتوانێت بۆرییەکانی خۆی چاک بکاتەوە بۆیە پەرلەمان نایەوێت بەریتانیا لە یەکێتی ئەوروپا دەرچێت بۆ ئەوەی بتوانن بۆرییەکانی خۆیان چاک بکەنەوە.
ئەوەی کەهەیە سەبارەت بە ' چاڵەکەی' بەنداوی دوکانیش ، زۆر کەس پێی وایە کە ئەم بابەتە لەڕادە بەدەر گرنگی پێدراوە بۆ ئەوەیە کە سیاسیەکان و حیزبی دەسەڵات لەبیری خەڵکی کوردستانی بەرنەوە کە خەریکن یاسای سەرۆکایەتی زیندوو بکەنەوەو بەپەلە تێپەڕێنن لە بەرژەوەندی خۆیان و هەروەها ئەو ڕێکەوتنە سیاسیانەی کە لەنێوان لایەنە ڕکابەرەکان کراوە ڕای گشتی بەلاڕێدا بەرن ، چونکە بە بۆچونی ئەو سەرکردە سیاسیانە لە ئێستا دا خەمی ' چاڵەکەی ' دوکان مەترسیدارترە وەک لە ' چاڵە' سیاسیە گەورەکەی هەرێمی کوردستان کە بووە بە سێگۆشەی بەرمۆداو کە چارەنوسی خەڵکی کوردستانیان لە نادیارەوە بۆ نادیارتر بردوە ....
پرسیارەکە ئەوەیە ، ئایە بۆرییەکەی پەرلەمانی بەریتانیا و چاڵەکەی بەنداوی دووکان لەیەک دەچن ؟ وەڵامەکەی بۆ بەڕێزتان بەجێدێڵم ....