کابینەی نوێ دەتوانێت لەمەوە دەستپێبکات
2019-04-04 16:02:19
كەمال چۆمانی
ئێستا هەمو هێزەکان بە پشکەکانیان رازین. چیتر کێشە لەسەر پۆستەکان نەما. لە بێچارەییشمان، قبوڵمانە کە تا ئێستا پرسی کارنامەی حکومەت، پلان و ستراتیژ جێی گرنگیپێدانی هیچ هێزێک نەبوە. دەی با بزانین کام هێز لە پارلەمان و حکومەت خەمی ٢٨٠٠ توشوی ئۆتیزم لە هەرێمی کوردستان دەخوات؟ ئایا بە راستیی شەڕی پۆست و سەرچاوەکانیان بو یان شەڕی خزمەت؟
بەڵام حکومەت نابێت پلان و ستراتیژی نەبێت. نابێت کارنامەی نەبێت.
حکومەت ئەگەر وەک ئینسانیش مامەڵە لەگەڵ وڵاتییەکان ناکات، هەندێک کەس هەن لە کۆمەڵگادا پێویستییان بە مامەڵەی ئینسانییانەتر هەیە کە پشتگوێخستنیان ئەوپەڕی نائینسانییە. لە هەمو ئەو توێژ و گروپانە ماڵوێرانتر، ئەو منداڵ و کەسانەن توشی ئۆتیزم بونە -بێگومان نەخۆشیی تریش زۆرن-. دایک و باوکیان ئازاری زۆر دەچێژن، نە حکومەت و نە کۆمەڵگاش لە خەمەکانیان ناگات.
بە پێی راپۆرتێکی ئێنئاڕتیی کە ئومێد چۆمانیی ئامادەیکردوە -ئومێد چونکە خۆی منداڵی ئۆتیستیکی هەیە بۆیە زیاتر لە ئازارەکانی ئەو منداڵانە و دایک و باوکیان تێدەگات، میدیا ئەو کەسانەی ئیهمال کردوە، بەداخەوە- زیاتر لە ٢٨٠٠ توشبو بە ئۆتئیزم هەن، ئۆتیستیک. لە تەواوی کوردستاندا، تەنها سێ سەنتەری راهێنان هەن. تەنها لە هەولێر، نزیکەی ١٠٠٠ ئۆتیستیک هەیە، کەچی سەنتەرەکە تەنها ٣٢ کەسی وەرگرتوە. سەرۆکی کۆمەڵەی ئۆتیزم دەڵێ هەرێمی کوردستان پێویستی بە ١٥٠-٢٠٠ سەنتەر هەیە. دەشڵێت ١٠٠ خێزان کوردستانیان جێهێشتوە هیوابڕاوانە بەدوای ژیانێکی تر کەوتون بۆ منداڵەکانیان، بێگومان دیارە دەزانن لە ئەوڕوپا و باکوری ئەمریکا مامەڵەی تایبەتیان لەگەڵ دەکرێت، وەک ئینسان.
پارێزگاری هەولێر نەوزاد هادی دەڵێت بە هۆی قەیرانی دارایییەوە حکومەتی هەرێم نەیتوانیوە سەنتەری پێویست و پرۆفێشناڵ دروستبکات، ئەی حکومەت لە ٢٨ ساڵی رابردو چی کردوە؟
حکومەتی هەرێم ٢٨ ساڵە نەیتوانیوە ژیانێکی شاییستە بۆ ئەو توێژە بێگوناهە فەراهەم بکات. خەڵک و میدیا و رێکخراوەکانیش ئاوڕیان لێ نەداونەتەوە. چیتر ناکرێ ئەو توێژە ئاوا ئیهمال بکرێت. پێویستە ئاوڕیان لێ بدرێت. مەلاکان و وتاربێژان پێویستە واز لەوە بێنن خەڵک کافر بکەن، بەڵکو پێویستە قسە لەسەر ئەوە بکەن ئەگەر حکومەتیش فاشیلە لە گرنگیدان بەو منداڵانە، لای کەم خەڵک رێز و خۆشەویستیی نیشانی ئەو منداڵانە و بەخێوکەرانیان بدات.
ئەگەر کابینەی نوێ توانی لای کەم نیوەی لەجیاتی ٢٠٠ سەنتەر تەنها ١٠٠ سەنتەر دروستبکا و ژیانی ئەو توێژە بگۆڕێت، دەکرێت بڵێین شتێکی کرد کە لە ٢٨ ساڵی رابردو کابینەکانی رابردو نەیانتوانی بیکەن.
سیستەمی تەندروستیی عێڕاق و هەرێمی کوردستان، سیستەمێکە کە حکومەت ئەرکی سەرەکییەتی ئەو سەنتەرانەی دروستکردبێتن. ئەوانەی لە ٢٨ ساڵی رابردو بەرپرسیار بونە لە سێکتەری تەندروستیی لەناو کابینەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەتایبەت سەرۆک حکومەت و جێگرەکەیی و وەزیری تەندروستیی، دەبێت خەجاڵەتیی بکێشن کە فاشیلترین کەس بونە کە بەڕاستی جگە لە ئازار و ناتەندروستیی شتێکیان نەکردوە لەبارەی تەندروستیی.