Draw Media

ئیتیفاق یا شیقاق

ئیتیفاق یا شیقاق

2019-04-03 19:57:43


عەدنان عوسمان
 
- زۆرجار کە باس لە توراسی کاک نەوشیروان ئەکرێت، هەندێک ئەوە لەبیری خۆیان ئەبەنەوە کە نەوشیروان مستەفا سەرکردەیەکی سیاسیی بو، قسەو رەفتار و کردارەکانی زادەی واقعێکی سیاسی دیاریکراون. بە گۆڕینی ئەو واقعانە، بیر و سیاسەت و تەکتیکی ئەویش گۆڕانکاری بەسەردا هاتوە.
- خۆ گەر ناچاربین باس لەو توراسە بکەین ئەبێ بزانین کۆکراوەی کرداری سیاسی ئەو، هەوڵدانە بۆ ئیتیفاق نەک دوبەرەکی و ئاڵۆزی. تەنانەت لەسەردەمی ئۆپۆزسیۆنبونی گۆڕانیشدا، هەوڵدرا لەگەڵ لایەنەکانی تری دەرەوەی فەلەکی پارتی و یەکێتی هەماهەنگی و هاوکاری هەبێت و پێکەوە پرۆژەکان گەڵاڵە بکەین. دواتریش هەر لەسایەی رێبەرایەتی ئەو، رێکەوتنی هەمەلایەنە لەگەڵ یەکێتی و پارتی کرا.
- ئەگەر ناچاریش بکرێین لە یەک دێڕدا باس لە شێوازی سیاسی نەوشیروان مستەفاو گۆڕانی سەردەمی ئەو بکەین ئەوە دەبێ بڵێین: ئۆپۆزسیۆن بونی ئازایانەو راشکاوانەو کورد گوتەنی تاسەرئێسقان، وەیا هاوپەیمانێتی راستگۆیانەو جدییانەو خەمخۆرانەو بێ هیچ دڵەراوکێ و سڵەمینەوەیەک.
- قسەکردن لەسەر سیستەمی حوکمڕانی هەرێم تەنها لە گۆڕانەوە دەست پێئەکات. پێشتریش تەنها کاک نەوشیروان لە ٢٠٠٥ نیگەرانیەکانی خۆی لەسەر یاسای سەرۆکایەتی هەرێم خستە روو. تا ئەم ساتەوەختە، هیچ هۆکارێک نیە کە گۆڕان ناچار بکات پاشگەز بێتەوە لەو رەخنانەی خۆی. هەڵبژاردنی سەرۆکی هەرێم لە ناو پەرلەمانەوەو سنوردارکردنی دەسەڵاتەکانی، نە لە پێگەکەی کەم ئەکاتەوەو نە بێنرخی ئەکات. بەپێچەوانەوە دەکرێ رۆڵێکی گرنگی هەبێت بەتایبەت لەنێوان بەغداو هەرێمدا.
- کاک ئەرسەلان بایز ئەڵێ کە کاک نەوشێروان پێی وتم تەنها مەرجی ئەو هەڵبژاردنی سەرۆکە لە نێو پەرلەماندا. لەوانەیە کەس بە قوڵی لەسەر ئەم ویستەی کاک نەوشیروان قسەی نەکردبێت. ئەبێ ئەو پێداگریە لەچیەوە هاتبێت؟ سەرباری قەناعەتی تەواوی کاک نەوشیروان بە سیستەمی پەرلەمانی و خۆی گوتەنی هاوتاکردنی ئێرە بەوەی بەغدا، بەڵام ئەو ئەیویست پۆستی سەرۆکی هەرێمیش بخرێتە نێو ململانێ ودابەشکاریە سیاسیەکان، بۆ ئەوەی لەو رێگەیەوە هیچ پۆستێک نەمێنێت بەشێک نەبێت لەرێکەوتنی لایەنەکان.
- گۆڕان بزوتنەوەیەکی ئیسڵاحییە، کۆمپانیا نیە. گەورەترین کێشە کە روبەروی گۆڕان بێتەوە راوبۆچونی جیاواز نیە، بەڵکو زاڵبونی عەقڵییەتی بەکۆمپانیا تەماشاکردنی گۆڕانە. خەمی گۆڕان ریفۆرمە لە دەسەڵاتەکان و دژایەتیکردنی گەندەڵییە، ئیش دۆزینەوە نیە بۆ ئەم و ئەو. گۆڕان لە پێناوی هەڵوێست و پرەنسیپەکانی، پۆستەکانی کردە قوربانی، ئەبێ وریابین قەزیە سیاسیەکەمان نەکەینە قوربانیی پۆست.
- گۆڕان نابێ لە میحوەری پارتی و ناشبێ لە میحوەری یەکێتی بێت. گۆڕان ئەبێ لە میحوەری خۆیدابێت و، لە کابینەی تازەو پەرلەمان، کار لەسەر ئەجینداو ئامانجی خۆی بکات بە هەماهەنگی لەگەڵ لایەنەکانی تردا. هەر حزبێک کە لەئەوی تری کرد: لە سیاسەت و پەیکەرەی حزبی و شێوازی بەرێوەبردن و رابەرایەتیدا، ئەوا ئیتر هۆکارەکانی بونی خۆی دەمرێنێت و هێڵەکانی جیاوازی کاڵئەکاتەوە تا ئاستی هاوتابون لەگەڵ ئەوی تردا، ئەمەش مەترسیەکی گەورەیە لە پێشیدا.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand