Draw Media

 كێ سەرۆك وەزیرانی داهاتووی عێراقە؟

 كێ سەرۆك وەزیرانی داهاتووی عێراقە؟

2018-04-12 13:38:40


د. زافر عانی
لەم ماوەیەدا پرسیاری زۆر دەكرێت دەربارەی ئەوەی سەرۆك وەزیرانی داهاتووی عێراق كێیە؟ ئەم پرسیارە هاوكاتە لەگەڵ نزیكبوونەوەی هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجومەنی نوێنەران و پاشان پێكهێنانی حكومەتێكی نوێ.
بەشێكی زۆر گرەو لەسەر ویلایەتی دووەمی حەیدەر عەبادی دەكەن و چەند ناوێكی تریش خراونەتە بەرباس كە هەندێك بڕوای وایە شیاون بۆ پۆستی سەرك وەزیران لەوانە تارق نەجم، محەمەد شیاع، هادی عامری، عەبدولحسێن عەبتان، قاسم ئەعرەجی و قوسەی سوهێل و ... هتد، هەروەها هەندێكیش ناوی مالیكی دووبارە دەكەنەوە.
كەواتە لەنێوان ئەو ناوانە و كەسانی تریشدا كێ‌ سەرۆك وەزیرانی داهاتووە؟
گومانی تێدا نیە ئەم بیركردنەوەیە لە خستەڕووی ئەم ناوانە لە چیرۆكی " قات و قۆپچەكە" دەچێت، دەگێڕنەوە پیاوكێك قۆپچەیەكی هەبووەو ویستویەت قاتێك لە هەمان رەنگ و قەبارەی قۆپچەكە بكڕێت، بە واتایەكی تر كەسێكمان هەیە و تایبەتمەندی دیاریكراوی تێدایە و لەسەرمان پێویستە حكومەت و نیشتمانەكەمان لەسەر پێوانەی ئەو كاندیدە دروستبكەین.
ئەی بنچینەی ئەمە چۆنە؟!
لە بنەڕەتدا دەبێت ئێمە سەرەتا كارە لە پێشینەكانی قۆناغی داهاتوو دیاریبكەین، و ئەو پرۆگرامەی هەڵبژاردن كامەیە كە ئەو پێدوایستییانە دابیندەكات؟
بە واتای ئەوەی كارە لە پێشینەكانمان لە داهاتوودا ئەمنییە، یان ئابووری یان گەشەپێدان، یان ئیداری ، یان كارگێڕی یان فێركردنە یان هی ترە؟ ئایا كاری لە پێشینەمان رێكخستنەوەی ماڵی ناوخۆ و پەرەپێدانی پێكەوەژیانی ئاشتیانەیە یان باشتركردنی پەیوەندییە دەرەكییەكانی عێراقە؟ رێگای كرانەوە بە رووی جیهاندا  هەڵدەبژێرین یان گۆشەگیری؟ ئایا گرنگترین دۆسیە چارەسەركردنی گەندەڵی و كەمكردنەوەی هەژارییە یان نەهێشتنی تیرۆر یان باشكردنی دۆخی كشتوكاڵ و پیشەسازی عێراقە؟
پاشان دێین و پرۆگرامی حكومەت دادەنێن كە ئەو كارە لەپێشینانە لەسەر بنەمای پێویستییە هەنوكەییەكانمان دابینبكات و پاشان رێوشوێن بۆ جێبەجێكردنی ئەو پرۆگرامە دادەنێن لە ماوەیەكدا كە چوار ساڵ تێپەڕنەكات، و رێككەوتنێكیش هەبێت بۆ چاودێریكردنی رۆڵ  و گەرەنتیكردنی جێبەجێكردنی پرۆگرامی حكومەت، دوای ئەوە لەبەر رۆشنایی دەستور و ئەنجامی هەڵبژژاردنەكان و شارەزایی ناوخۆ و نوێنەرایەتی نیشتمانی گفتوگۆی سیاسی بكرێت بۆ هەڵبژاردنی سەرۆك وەزیرانێكی لێهاتوو و شیاو.
لە جاری داهاتوودا دید و بۆچونی هاوپەیمانێتی قەراری عێراقیتان بۆ دەخەمەڕوو دەربارەی نمونەیترین پرۆگرامی حكومەت لە قۆناغی داهاتوودا لەگەڵ رێوشوێنەكانی هەڵبژاردنی سەرۆك وەزیران و ئەو كەسەشی كە بڕوامان وایە باشترین بۆ ئەو رۆڵە.
گرنگ ئەوەیە ئێمە لە هاوپەیمانی قەرار باوەڕمان بە تیۆری " قات و قۆپچە" نییە و دەمانەوێت هەموو هاوبەشە سیاسییەكان ئەمجارە بە راستی دابنێن.
وەرگێڕانی: نامیق رەسوڵ 
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand