Draw Media

نەوشیروان مستەفا چی گوت ؟!

نەوشیروان مستەفا چی گوت ؟!

2019-04-03 12:31:03


عەلی كەریمی
دوای زیاتر لە شەش مانگ‌و پێكنەهاتن لەسەر حكومەتێكی هەرێمیی‌و لۆكاڵی لەناو دەوڵەتێكی وەك عێراق، دەمهەوێت چەند قسەیەك لەسەر ئەم بابەتە بكەم كە چەند رۆژێكە هەموو كۆمەڵانی خەڵك سەرقاڵ كردووە.
مافیای دەسەڵات لە هەرێم، هەركات ویستیان بە جۆرەها حیلەی شەرعی‌و ناشەرعی، هێنانەپێشی خەڵكی ناشیا‌و و پڕكەرەوەی پۆستی سەرۆك‌و جێگرانی سەرۆكی پەرلەمان، زۆر بەپەلە‌و بزۆزانە، خوێندنەوەی یەكەم‌و دووەم‌و سێهەم‌و.. هتد لەماوەیەكی كورتدا دێننە كایەوە، بەبێ ئەوەی بیر لە بەرژ    ەوەندی باڵای خەڵك‌و رازیبوون‌و ناڕازیبوونی لایەن‌و گروپەكانی دیكە بكەنەوە، بەتایبەتیش لە پرسی سەرۆكی هەرێمدا.
وەرگرتنی ئەم پۆستە بەم حاڵە زەلیل‌و پاڕانەوە‌و بەبێ لایەكی گەورەی كوردستان، وەك سلێمانی، هەڵەبجە، گەرمیان‌و قەڵادزێ‌و تەنانەت كەركوك، دەتوانێت چ ئەرزیش‌و بایەخێكی سیاسی‌و مەشروعییەتیی هەبێ. 
هیوادارم كەسایەتی وەك نێچیروان، كە گوایا تاقە كاندیدی ئەم پۆستەیە لەلایەن پارتی دیموكراتی كوردستان، وە لایەكیشی لە بنەماڵەیەكی ناسراو و كۆنی وەكو (حەمەی ئەوڕەحمان ئاغا)یە، هەرگیز بەم هەموو سوكییەی كە تائێستا لەلایەن زۆربەی خەڵك‌و بەتایبەتی بزوتنەوەی گۆڕان‌و ئۆپۆزسیۆنی جاران‌و خودی شەخسی كاك نەوشیروان بەم پۆست‌و ئۆرگانەكراوە، رازی نەبێ‌و، قەبوڵی ئەوە نەكات بەم نرخە ببێت بە سەرۆكی هەرێم، تەنیا بۆ رازیكردنی ژنبراكەی كە چاوەڕێیە بێسەبرانە بكرێتە سەرۆكی حكومەت‌و خەزوریشی بكرێتە مەرجەع بەناوی "بارەگای بارزانی".
چەند مانگ پێش، دوای ئیعلانی نەتائیجی ئینتیخابات، بەئاشكرا ئەم سیناریۆیەم كە ئەمڕۆ شاهیدین‌و دەگوزەرێ، باسكرد، ئەوەی ئەمڕۆ مەسعود بارزانی لە كردنەوەی پێشەنگای كتێب لە هەولێر گوتی، ئەم هەڵچونەم، رێك وەك هەڵچونەكەی سەردەمی ریفراندۆم هاتەپێش چاو، زیاتر لێم وەڕاست گەڕا، كە بەراست ئەم پیاوە زۆر سیاسی نییە‌و لەسەر ئینفیعال‌و هەستی دەمدەمی زۆرتر سیاسەت دەكات، تاوەكو مرۆڤێكی پڕ لە هەڵگری بەرپرسیارێتیی‌و كامڵ‌و سەرۆكی وڵاتێك، بۆیە حەقە بڵێین، بەڕاستی ئیتر بەسە‌و چیتر بەم لێدوان‌و ئیحساسات‌و تەحریك بوونە كاتییانە، تۆ ناتوانیت سیاسەت بكەیت‌و چارەنوسی گەلێكی هەژار‌و بێدەرەتانی وەك كورد، لە دەستی نائەمینی وەك ئێوەدا بێت.
حەقە بە گۆڕان بگوترێت، نەچێتە ژێر باری ئەو موئامەرە ناشەریفە‌و بیر لە دەنگدەرو داهاتووی زۆر زووی خۆی بكاتەوە، لە تۆڵەسەندنەوە‌و جەماوەری نیو میلیۆنی خۆیان بترسن، بێتو دەست لە سیاسەتی ئەمڕۆی خۆیان هەڵنەگرن! بەدڵنیایی پێیان دەڵێم، دەكەونە بەر غەزەبی جەماوەری دڵسۆزی خۆیان، چیتر نەچنە ژێر باری فشاری چەند كەسێكی بەرژەوەندی تەڵەب، وە چاو لە كێكی دەسەڵات ببڕن، من بەدڵنیایی پێیان دەڵێم، كاك نەوشیروان نەیگوت ئاوا تەسلیمی هەموو دەسەڵاتەكانی سەرۆكی هەرێم بن، بەڵكو ئەو باسی لە پۆستی تەشریفاتی سەرۆكی هەرێم دەكرد‌و تەنانەت ئەم پۆستەی زۆر پێ زیاد‌و بە مەركەزی گەندەڵی دەزانی، بەڵگە بۆ ئەمە قسەكانی كاك نەوشیروانە دوای چونی سەرۆكی پەرلەمانی ئەوكات بۆ ماڵەكەی، كە لە دانیشتنێكی تایبەتدا بۆ هەڵسوڕاوانی باسكرد‌و جەخت كردەوە لەسەر تەشریفاتبوونی ئەو پۆستە.
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand