Draw Media

پارتایەتییە یان پەرلەمانیی؟!

پارتایەتییە یان پەرلەمانیی؟!

2019-04-03 11:38:40


پشكۆ حمەفەرەج

قانونی هەڵپەساردنی دەسەڵاتەكانی سەرۆكی هەرێم كە نەخشەی ژمارە سێی پارتی بو لەبنەڕەتدا، بەڵام بەبەڵی كردن یان ڕاستر بڵێین بە ڕەدوكەوتنی هەندێ كەس‌و لایەنی لەخشتەبراو لەخۆڕاو لەپێناو بەرژەوەندی ژێربەژێر یان نەزانی‌و كاڵفامی سیاسییان، ئەو نەخشەیەی پارتیان لەوە باشتر جێبەجێكرد كە پارتی دەیویست‌و دڵخوازی پارتی‌و ماڵباتی بارزانی بوو! نەخشەی ژمارە یەكی پارتی‌و هەر هێزێكی دیكەی سیاسی ئەوەیە بەتەنها بتوانێت پۆستە سیادی‌و گرنگەكان بۆخۆی مسۆگەر بكات لەڕێگەی بەدەستهێنانی متمانەی هاوڵاتیان‌و بردنەوەی هەڵبژاردنەوە مافی دەسەڵاتدارێتی بۆخۆی بەدەست بێنێت، بەڵام پارتی بەخوێندنەوەی دۆخی پارتەكەیان لەناو خەڵكداو ئاستی ناڕەزایی خەڵك لەسیاسەتی چەند ساڵی رابردوی ئەوان لەم خەیاڵە دەستی هەڵگرت‌و نەخشەی ژمارە دوی هێنایەپێشەوەو زۆر پراگماتیانە بەدوای هاوپەیمانێكدا دەگەڕاو دەگەڕێ كە  پارتی بێت بەناو و لۆگۆی جیاوازەوە! لەم سەردەمەشدا پارتی كە مام جەلالیان بەدەستەوە نەمابو، شارەو شارو بارەگا بە بارەگای یەكێتی تەژی بكات لەوێنەی كاندیدی بارزانی بۆ سەرۆكی هەرێم، خۆیان لەبەردەم دەرگایەكی داخراودا بینیەوە بۆ چونە ژورەوە بۆ ناو بەشێكی زۆر لەخەڵكی ناڕازی لە سیاسەتی پارتی‌و خەونی بنەماڵەگەرایی ماڵی بارزانی، لەم دۆخەدا پارتییەكان لەوە دڵنیابون كە ئەگەر هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم ببەنەوە ناو خەڵك بەڕێژەیەكی زۆر لەئەگەری بونی كاندیدێكی بەهێزدا نەك كاندیدەكەیان بەدەنگی زۆر دەرنەئەچو، بەڵكو ئەگەری دۆڕاندنیشی ئەگەرێكی زۆر نزیك‌و واقیعی بو! ئەنجامی هەڵبژاردنەكان‌و رێژەی زۆر بایكۆت كە لەسەرو نیوەی خەڵكی كوردستان دژ بە شكستی حوكمڕانی هەرێم نەفرەتیان لەبەشداری هەڵبژاردن كرد، سەرئەنجام ئەنجامەكانی هەڵبژاردن‌و بایكۆت رادەی واقیعی  بونی ترسەكەی پارتییەكانیان باشتر بەرجەستە كرد!
نەخشەی ژمارە سێی پارتی مسۆگركردنی زۆرینەی پەرلەمانی بو، نیوە زائید یەك بە بەدەستهێنانی ٤٥ كورسی پارتی ١ كورسی سۆسیالیست ١١ كورسی كۆتاكان ئەو خەونەی پارتی بەدیهێنا كە لەڕێگەی زۆرینەی پارتی‌و دۆستە پلە یەكەكانییەوە لە پەرلەمان چیان بوێت ئەنجامی دەدەن‌و پێویستیان بەهێزی خاوەن نفوزو بەرژەوەندی‌و خواستی تاڕادەیەك جیاواز نەما وەك شەریكی راستەقینەو هاوپەیمانی حوكمڕانی قبوڵی بكەن، هەر ئەمەش بوو وای كرد پارتی بەئاشكرا كۆتایی سەردەمی پەنجا بەپەنجاو دابەشكردنی نیوە بەنیوەی حوكمڕانی هەرێمی ڕاگەیاندو بەدوای وردە شەریك‌و پاشكۆدا گەڕاو لە هەنگاوی یەكەمدا سەركەوتوبو!
تاڕادەیەكی زۆر لەم چوارساڵەدا لەڕێگەی پەرلەمانەوە هەرچی بوێت دەیكات‌و لایەنەكانی دیكەش جگە لە تەماشاكەرێكی بێ رۆڵ، یان ڕەدوكەوتنێكی هەرزان بۆ سیاسەتە چەوتەكانی پارتی، شتێكیان لەدەست نایەت كە مرۆڤی ناڕازی بەو دۆخەی هەرێم دڵی پێی خۆشببێت! رەنگە هەندی فەریكە سیاسی دەرەوەی پارتی كە درۆ، كردونی بە سیاسی یان هەندی كەسی ناسیاسی كە بەزۆر خۆیان بەسیاسەتدا هەڵواسیوە، ئاوەزیان پێی نەشكێت یان لەژێرەوە خۆیان بەخەڵكی ترەوە گرێدابێت! بێن‌و ڕوقایمانە باسی سیستەمی پەرلەمانی بكەن‌و خۆیان سورو شێن بكەنەوە كە ئەوان سیستەمیان گۆڕیوەو سەرۆك لە پەرلەمانەوە هەڵدەبژێرن، بەڵام ڕاستییەكە ئەوەیە، سیستەمی ئێستای هەرێم بۆ چوار ساڵی داهاتوی هەرێم، پارتایەتییە بەئیمتیاز، نەك پەرلەمانیی! مرۆڤ نازانێت ئەوانەی باسی سیستەمی پەرلەمانی دەكەن مەبەستیان چ جۆرە سیستەمێكی پەرلەمانییە، ئەكرێت ئەو پێڕە پاشكۆیەی سیاسەتەكانی پارتی یەك خاڵ یان یەك دەقی قانونی پیشانبدەن كە سەرۆك لەبەردەم پەرلەماندا بەرپرسیارەو لەئەگەری لادانی یان كەمتەرخەمیدا پەرلەمان مافی لێپێچینەوەو لادانی هەیە لە پۆستەكەی! رەنگە برادەران لەم وشەگەلە بتۆقن‌و بە كوفری بزانن وەها دەقێك بەرامبەر بە سەرۆكە پەرلەمانییەكەیان! مەترسییە هەر گەورەكە ئەو دەستورەیە كە پارتی بەدڵی خۆی پڕبەبەری ماڵی بارزانی ئەیدورێت، بێگومان ئەم كورتە نوسینە جێگای باسكردنی ئەو مەترسیە گەورانە نیە كە لەساڵانی داهاتودا روبەڕوی هەرێم‌و خەڵكە بەش مەینەتەكەی دەكرێتەوە، بێگومان ئێمەمانان لەبەرەی خەڵكی ناڕازیی هەرێمدا هەر ئەمێنینەوەو هەمو ئەو كەس‌و لایەنانە شەرمەزارو ریسوا ئەكەین كە بەرەی خەڵكی ناڕازی بەسودی دەسەڵاتی ستەمكارو شكستخواردو لاواز دەكەن! چوار ساڵی داهاتو ئەوەندە مێژویەكی دور نیە تا چاوەڕێ بكەین بۆئەوەی روی زەردی ئەم هەموو قازە سیاسییە دەربكەوێت كە بێشەرمانە نەرابردوی خۆیان بیرماوە نەئاوەزیان بەوەش دەشكێت پێشبیبنی سبەینێ بكەن! پەرلەمانێك توانای لێپرسینەوەی لەسەرۆك وەزیران‌و وەزیرەكانی نەبێت بڵێیت بتوانێت لێپرسینەوە لەو سۆپەر سەرۆك هەرێمە بكات كە لەسەردەمی سەرۆك وەزیرانی ئەم سەرۆكە پەرلەمانییەدا دەرگای پەرلەمان داخراو سەرۆكی پەرلەمان‌و دەست‌و پێوەندەكەی وەك مەلی بێ لانە رەوانەی ئەو دیو سنوری دەسەڵاتی زەرد كرایەوەو تەنانەت سەرۆكی پەرلەمان لەكاتی دەركردنیدا لەهەولێر بەقەرزو قۆڵەی برادەرانی خۆی نوسینگە مردوەكەی بەڕێوەدەبرد! پەرلەمان لەسایەی دەسەڵاتی ئەو پێڕە سیاسییەدا بەجۆرێك ئەتك‌و سوك كرا ئەستەمە لەداهاتوی نزیكدا لەزیهنی خەڵكدا ئەم داو دەزگا كارتۆنییە وێنە راستەقینەكەی بۆ دروست ببێتەوە! مرۆڤ توشی شۆك ئەبێت كاتێك هەندێ مرۆڤی هەرزە سیاسی‌و پۆپۆلیستی دەرەوەی پارتی ئەبینێت كە بەهاری تائەژنۆ هێناوەو باس لەسیستەمی پەرلەمانی دەكات لەسایەی عەقڵیەتی خۆسەپێنی خێڵ‌و دیوەخاندا!  لەم كورتە نوسینەدا دورو نزیك بەلای هەڵوێستی لاوازو شەرمهێنەرانەی یەكێتیدا نەچوم، لەبەرئەوەی یەكێتی‌و پارتی پێكەوە دو دیوی ناشیرینی دراوی حوكمڕانی هەرێمن! رێك بكەون پێكەوە یان دژی یەك بن دواجار ئەوە دەكەن كە لەسودی كۆی گشتی خەڵكی كوردستان نیە! نەشەڕكردنیان دژی یەك، نەدەست لەملان‌و زەواجی سیاسیان، دورو نزیك پەیوەندی بەخزمەتی خەڵكی كوردستانەوە نیە! وەك چۆن ڕەنگ كردنی هێلكە بەڕەنگی جیاواز هیچ لە ڕاستی و ناوەڕۆكی هێلكەكە ناگۆڕێت‌و خەسڵەتە بنەڕەتیەكانی لەدەست نادات، ئەم قاوقیژو هات‌و هاوارەش بۆ سیستەمی پەرلەمانیی هەرێم هیچ لەو راستییە دورمان ناخاتەوە كە سیستەمی هەرێم پارتایەتییە نەك پەرلەمانیی!

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand