پۆست لە خزمەتی دەستەڵاتی شاراوە
2019-04-02 10:17:17
كەمال چۆمانی
ئەوە گرنگ نییە کێ چ پۆستێک لە چ پێگەیەکی حوکمڕانیی باڵا وەردەگرێت، ئەوە گرنگە کێ ئەو پۆست و پێگەیەی بەو کەسە بەخشیوە.
دەکرێت سەرۆکی حکومەت یان سەرۆکی پارلەمان بیت، بەڵام لە پشتی تۆوە دەستەڵاتێکی شاراوە هەبێت هەڵتبسوڕێنێت. ئەو دەستەڵاتە شاراوەیە جۆری زۆرن. روسێل لە محازەرەکەی وەرگرتنی خەڵاتی نۆبڵدا، ئەمە ناودەنێت دەستەڵاتی شاراوە. نمونەی کەسێکی ئەڵمانیی دەهێنێتەوە کە چۆن کۆنترۆڵی سیاسەتی دەرەوەی کردبو بێئەوەی دەربکەوێت.
باڕۆن هۆلشتین، سیاسەتی دەرەوەی ئیمپڕاتۆریی ئەڵمانیی لە ١٨٩٠ تا ١٩٠٦ کۆنترۆڵکردبو. ئەو لە تەویلەیەکدا دەژیا؛ هەرگیز لە کۆمەڵگەدا دەرنەدەکەوت؛ خۆی دوردەگرت لە چاوپێکەوتن لەگەڵ ئیمڕاتۆر تەنها لە یەک تاکە بۆنەدا نەبێت ئەویش بە تکا و ڕجایەکی زۆری ئیمپراتۆر؛ ئەو هەمو داوەتنامەکانی کاروباری دادگای رەتکردەوە، گوایە خاوەنی جلوبەرگێکی دادگا نەبو لەبەری بکات. ئەو ئەو نهێنییانەی لابو کە توانای ترساندنی راوێژکار و زۆر لە خۆشەویستانی قەیسەری هەبو. ئەو دەستەڵاتی ترساندنی بەکاردەهێنا، نەک بۆ بەدەستهێنانی سامان یا ناووبانگ و هیچ ئیمتیازاتێک، بەڵکو تەنها بۆ تەبەنیکردنی ئەو سیاسەتی دەرەوەیەی ئەو بە لایەوە پەسەند بو.
دەکرێت سەرۆکی حکومەت بیت بەڵام کۆمپانیایەک، بانکێکی ناودەوڵەتیی، وڵاتیکی ئیقلیمیی، یان زلهێزێک هەڵتبسوڕێنێت. دەکرێت وەزیر بیت و کوڕی بچوکی بنەماڵەی دەستەڵاتدار بە تەلەفۆنێک لەسەر پۆستەکە لات بات. هەر بۆیە، هەر پۆستێک و دەستەڵاتدارییەک کە لەڕێی پشتیوانیی گەلەوە نەبو، لەڕێی رێککەوتنی ژێر-بە-ژێر و بۆ بەرژەوەندیی کەس و حیزب و بنەماڵە و گروپ بو، پۆست و دەستەڵاتدارێتییەکە لەبری چاکەی گشتیی بەرژەوەندیی تایبەتیی حیزبیی و کەسیی دەکاتە ئامانج. کێ پۆستت پێبدات تۆ لە خزمەتی ئەودا دەبیت. ئەگەر پێتوابو گەل ئەو پۆست و دەستەڵاتەی پێتدا بو، بەرپرسیار دەبی لە بەرانبەر گەل. ئەوەی لە هەرێمی کوردستاندا رودەدات، کەس خۆی بە بەرپرسیار نازانێت لە بەرانبەر گەلدا، چونکە کەسیان گەل دەستەڵاتی پێنەبەخشیون، هەربۆیەشە هەر هێزێکی ناو حکومەت تا ئێستا هێندەی لە خزمەتی بەرژەوەندیی حیزبیی و کەسیی و ئیقلیمیی و ناودەوڵەتیی بونە، لە خزمەتی گەل نەبونە.