Draw Media

هەموارەکەی (10) ساڵ پێش ئێستا 

هەموارەکەی (10) ساڵ پێش ئێستا 

2019-04-01 19:32:02


ئەرکان رەئوف  
ئەو یاسایەی کە دەساڵ پێش ئێستا یەکێتی و پارتی هەمواریانکردەوە و بو بەهۆی ناکۆکییەکی سیاسی گەورە لەنێوان گۆران و پارتی، دواجار گۆڕان و پارتی بەوشێوەیە هەمواری دەکەنەوە کە گۆڕان لە دە ساڵی رابردو کاری بۆ کردوە.

راستە هەمواری یاساکە تەواوی خواستەکانی بزوتنەوەی گۆڕانی تێدانیە، بەڵام جەوهەری ئامانجە سەرەکییەکەی گۆڕانی پاراستوە، کە ئەویش ملکەچ بونی سەرۆکایەتی هەرێمە لە چاودێریکردن و لێپرسینەوەکانی پەرلەمانی کوردستان.

دەساڵ پێش ئێستا ئەوکات کە بزوتنەوەی گۆڕان دروست نەبو بو، فراکسیۆنی یەکێتی و پارتی هەمواری یاسایی سەرۆکایەتی هەرێمیان کردو شێوازی هەڵبژاردنی سەرۆکی هەرێمیان لە دەنگدانی پەرلەمانتارانەوە گۆری بۆ هەڵبژاردنی راستەوخۆی لەلایەن خەڵکەوە. ئەمەش بوبەهۆی دروستکردنی ناهەوسەنگی لە سیستەمی بەڕێوەبردن و بەدەرکردنی یەکێک لەدەسەڵاتە تەنفیزیەکان لە چاودێریکردن و لێپرسینەوەی پەرلەمان. لەگەڵ دروستبونی بزوتنەوەی گۆران وەک بنەمایەک بۆ رێکخستنەوەی سیستەمی سیاسی بەهێزکردنی دەسەڵاتەکانی پەرلەمان لەچاودێریکردن، لێپرسینەوەی لە سەرجەم دەسەڵاتە باڵاکان، کاریکرد بۆهەمواری یاسایی سەرۆکایەتی هەرێم، هەرئەمەش بو بەهۆی ناکۆکییەکی سەرەکی لە نێوان بزوتنەوەی گۆڕان لەلایەک و یەکێتی و پارتی لەلایەکی تر، ناکۆکییەکە تەنها لە ئاستی پرۆسە دیموکراسەکە نەمایەوە بەڵکو بوبەهۆی سەرهەڵدانێکی قەیرانێکی سیاسی دورمەودا، کە هەندێک جار بۆ دژایەتی کردنی ئەو مەبدەئەی گۆڕان، یەکێتی و پارتی دەستیان بۆ جوڵاندنی هێز دەبرد، بەڵام بزوتنەوەی گۆران ئامادەنەبو سازشی لێ بکات. کۆتایەکەشی گەشتە ئەوەی رێگری لەسەرۆکی پەرلەمان بکرێت و کاری وەزیرەکانی گۆڕانیش بوەستێنرێت.

دوای ئەو هەمو ناکۆکیانە دواجار ئەوەی (10)ساڵ پێش ئێستا یەکێتی و پارتی کردیان و گۆڕان دژی بو. ئێستا گۆڕان و پارتی لەسەری رێکدەکەون وەک ئەوەی کە گۆڕان دەیویست. ئەگەرچی ئەمە نەبوە هۆی چەسپاندنی تەواوەتی سیستەمی پەرلەمانی، بەڵام هەنگاوێکی باش و پربایەخە، لە روانگەی ئەوەی کە ئەم دەسەڵاتە باڵایە دەکەوێتە ژێر چاودێری و لێپرسینەوەی پەرلەمانی کوردستان.

خوێندنەوەی یەکەم بۆهەمواری یاساکە رەخنە و ناڕەزایی کۆمەڵێک لایەنی سیاسی بەدوای خۆیدا هێنا رەخنەی ئەو لایەنانە و یەکێتی لەسەر هەمواری یاساکە بۆ دوهۆکاری سەرەکی دەگەڕێتەوە:
یەکەم: کاری ئەم لایەنانە لە ئێستا کەم بایەخکردنی هەر دەستکەوت هەنگاوێکی بزوتنەوەی گۆڕان دەیکات. لەسەروبەندی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان خواستێک لەناو گۆراندا هەبو لەسەر دواخستنی پرۆسەی هەڵبژاردن بەهۆی خراپی تۆماری دەنگدەران ئەوکات ئەولایەنانە کەوتنە هێرشکردنە سەر بزوتنەوەی گۆران بەوەی لەپرنسیپەکانی خۆی لایداوە، بەبێ ئەوەی ئاماژە بە بیانوەکانی گۆڕان بدەن بۆ دواخستنی هەڵبژاردنەکە، کەچی ئەوە بۆ نزیکەی شەش مانگە هەڵبژاردن کراوە حکومەت پێکنەهێنراوەو هیچ باسێک لەسەر ئەو دواخستنەناکرێت، لەکاتێکدا ئامانجی سەرەکی هەڵبژاردن گۆڕانکارییە لە کابینەی حکومەت وەک بنەمایەکی سەرەکی دیموکراسی، بەڵام هەمو هەنگاوێکی گۆڕان کەمپینیێکی دژ دروستدەکرێت. لەسەرەتای رێکەوتنی بزوتنەوەی گۆڕان و پارتی ئەو لایەنانە بانگەشەی ئەوەیان دەکرد، کە ئەم رێکەوتنە بەدەردی ئەوانی تر دەچێت، بەڵام بە پێچەوانەی ئەو بۆچونانەوە دوخاڵی سەرەکی رێککەوتنەکە پێش دەست بەکاربونی حکومەت چوەتە بواری جێبەجێکردنەوە (لابردنی سیستەمی پاشەکەوت و هەمواری یاسای سەرۆکایەتی هەرێم). رەخنەکانی ئەولایەنانە لەبەرئەوەیە بەشێکیان وەک هێزی ئۆپۆزسیۆن کاردەکەن بۆ لاوازکردنی گۆڕان و بەدەستهێنانی متمانەی دەنگدەرەکانی گۆڕان یان هیچ نەبێت پاراستنی دەنگەکانی خۆیان بۆ هەڵبژاردنەکانی داهاتو. یەکێتیش تەنها هێزێک بەمەترسی لەسەر خۆی بزانێت بزوتنەوەی گۆڕانە.

دوەم: بەشێک لەهێزەکان گرەویان لەسەر کۆتایی هێنان بە بزوتنەوەی گۆران دەکرد، بە پێچەوانەی خواستی ئەوانەوە، بزوتنەوەی گۆران ئەوەی ئێستا لە رێککەوتنەکەی لەگەڵ پارتی بەدەستی هێناوە بە (24) کورسی پەرلەمانەوە هەرئەوەندە بوە. کە ئەمەش بۆ ئەوان شۆک و باوەڕنەکراو بوە.

ئەگەر بەوردی لەهەردو رێکەوتنەکەی گۆڕان و پارتی وردببینەوە کە لە دو قۆناغی جیاواز ئەنجامدراون، ئەوە بەرونی دەبینرێت گۆڕان (24) کورسی پەرلەمانی هەبو، لە  بابەتی یاسایی سەرۆکایەتی هەرێم هیچ بەرەو پێشچونێکی بەدەست نەهێنا، بەڵکو قوربانی بە پۆستەکانی تریشی دا، بەڵام لەم رێککەوتنە نوێیەی لەگەڵ پارتی هەنگاوێکی گرنگ لە بابەتی سەرۆکایەتی هەرێم چوەتە پێش ئەگەرچی تەواوی ئامانجەکەی نییە، بەڵام بۆ چەسپاندنی تەواوەتی ئامانجەکەشی کۆڵەکەیەکی تەواوی چەسپاندوە ئەویش نوسینەوەی دەستورە بەکۆدەنگی نیشتمانی. کەواتە گۆڕان سەرکەوتوبوە. لەگەڵ ئەوەشدا گۆڕان خواستی ئەوەی هەیە لە نوسینەوەی دەستور بەهاوکاری هەمو ئەو هێزانەی بڕوایان بەسیستەمی پەرلەمانی هەیە کار بۆ چەسپاندنی ئەو سیستەمە بکات بەو مەرجەی ئەولایەنانە هاوڕێی نیوە رێگای گۆڕان نەبن وەک پێشتر یەکێتی و یەکگرتو کردیان. سەبارەت بە دەسەڵاتەکانی سەرۆکی هەرێم بۆ ئەم قۆناغەش لەروی واقعیەوە سەیری ئەو دەسەڵاتانە بکەین وەک ئەوەی هەردو سەرۆکایەتیەکە لە ئێستادا لای یەک حیزبە کە زۆرینەی پەرلەمانی هەیە، لەوانەیە گونجاوتربێت بۆئەم قۆناغە و  شێوە هاوسەنگی هەبێت لەدەسەڵاتەکاندا تا ئەوکاتەی دەستور دەنوسرێتەوە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand