دژایەتی پرەنسیپی نەوشیروان مستەفا
2019-04-01 15:11:16
مەحمود یاسین کوردی
ھەویری پڕۆژە ھاوبەشەکەی (گۆڕان و پارتی) بۆ کاراکردنەوەی دامەزراوەی سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان ئاوی زۆر دەکێشێ، بەڵام لە سادەترین پێناسەدا کاراکردنەوەی و ھەموارکردنەوەی یاسای سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان دژی پرەنیسپ و دیدگاکانی مەرحوم کاک نەوشیروان مستەفایە، چونکە جەنابیان یەکەم کەس بوون چەمکی (رەھەندی نیشتمانی ) بۆ ئەو یاساو بڕیارە چانووسازانە بەکارھێنا کە پەیوەندیان بە تاک بە تاکی کۆمەڵانی خەڵکەوە ھەیە، ئەویش کاتێک بوو کە پارتی و یەکێتی بە ٥٩ کورسی و کۆتاو چەند حیزبێکی بچووک یاسای رێکخستنی خۆپیشاندانەکان لە کۆتایی ٢٠١٠ پەسەند کرد کە ژمارەکەی پەرلەمانتارانی لایەنگری ئەو یاسایە زۆر زۆرتر بوو لەو ٥٦ ئیمزایە پارتی و گۆڕان کە ٤٥ ەکەی ئێستای پارتی گۆمان لە سەر شەرعییەتیان ھەیە!
گۆڕان ئەگەرچی لە سەرەتای سڕکردنی یاسای سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان تاوەکو ئەمڕۆ بووتە بەشێک لە پڕۆسەی تەسویەیی نێو بنەماڵەی بارزانی لە ھەمان کاتدا لە کاراکردنەوەی دامەزراوەی سەرۆکایەتیش بەشێک لەو یارییە ناشیرینە دوبارە دەکاتەوە، بۆ نموونە پێشتر بانگەشەی ئەوەی دەکرد کە یاسای سەرۆکایەتی ھەرێم وەکو کاڵایەک بە قەد باڵای کاک مەسعود بارزانی دووراوە، کەچی لەم پرۆژەیەدا یاساکە رێک بە پێی حاڵەت و دۆخی کاندیدی پارتی ئامادەکراوە.
لە یاسای ژمارە ١ ساڵی ٢٠٠٥ بە سەرجەم ھەموارکراوەکانیشەوە لە مەرجەکانی کاندید بوون باسی بڕوانامەی سەرۆک نەکراوە، چونکە سەرۆکی پێشوو بروانامەی نەبوو بە ھەمان شێوە کاندیدی ئێستای پارتیش دیسانەوە بڕوانامەی زانکۆی نییە لە کاتکێکدا بە پێی ماددەی ٦٩ی دەستووری ھەمیشەی عێراق ھەروەھا بە پێی بڕگەی چواری ماددەی ١ یاسای ژمارە ٨ ساڵی ٢٠١٢ ھەڵبژاردنی سەرۆککۆمار، پێویستە کاندیدی سەرۆکی کۆمار بڕوانامەی زانکۆی ھەبێ بە ھەمان شێوە بۆ سەرۆکوەزیرانیش ھەمان مەرج داندراوە.
بۆیە لە بەر ئەوەی ھەرێمی کوردستان دەستووری نییە و دەگەڕێینەوە سەر دەستووری عێراق کەچی لە پڕۆژە ھاوبەشەکەی (گۆڕان و پارتی) بە ھیچ شێوەیەک باسی مەرجی بڕوانامە نەکراوە کەچی پێشتر لە دەیان یادو بۆنە دەیانگوت (چاکسازی بە نەخوێندەوار ناکرێ) بە پێی دونیا بینینی ئێستای بزوتنەوەی گۆڕانی دوای کاک نەوشیروان بێت بەڵێ نەخوێندەوارە دەتوانێ ئیدارەی وڵات بکات.
خاڵێکی دیکەی پڕۆژە ھاوبەشەکەی (گۆڕان و پارتی) بۆ من جێگای سەرنج بوو شێوازەی ھەڵبژاردنی سەرۆک بوو لە نێو پەرلەمان ئەگەرچی پێشتر بە دەنگی دوو لە سەر سێ بوو کەچی گۆڕان بۆ کورتکردنەوەی رێگا لە بەردەم پارتی کردوویەتی بە ٥٠+١ ھەروەھا لە پرۆژەکەدا ھاتوو پرۆسەکە بە شێوەیی دەنگدانی ئاشکرا دەبێت واتە بە دەست بەرزکردنەوە ھاوشێوەی ھەڵبژاردنی سەرۆک و جێگری پارتی لە کۆنگرەی ١٣ کە بە چەپڵەرێزان و ئیرادەی لاواز بەرێوەچوو.
گۆڕان بەس بۆ رازیکردنی پارتی و سەلماندنی ئەوەی کە ھەر ١٢ دەنگی پەرلەمانتارانی بۆ کاندیدی پارتییە کاری نایاساییش دەکات لە کاتێکدا بەپێی ماددەی ٥٥ لە دەستووری عێراق ھەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی عێراق بە نھێنییە.
ھەروەھا بە پێی ماددەی ٦٩ و ٧٠ بۆ ھەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری ھەر نھێنی بووە، بۆ ھەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستانی لە ھەموو خولەکان ھەر لە ١٩٩٢ تاوەکو ٢٠١٩ خێرە گۆڕان بە مەرجی پارتی رازی بووە کە دەنگدانی ھەڵبژاردنی ئەمجارەی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان ئاشکرا بێت ئەمە مانای بێ متمانەی گۆڕان و پارتی ناگەیەنێ؟!، ئەمە مانای بێ متمانەی بزوتنەوەی گۆڕان بە ١٢ پەرلەمانتارەکەی ناگەیەنێ کە رەنگە لە دەنگدانی نھێنی ویژدانیان قبوڵی ئەو بچووکبوونەوەی بزووتنەوەکەیان بەرامبەر پارتی ناکەن دەنگ بە کاندیدی پارتی نەدەن.
بەراستی ماددەی ٣ی پرۆژە ھاوبەشەکەی (گۆڕان و پارتی) جگە لەوەی نایاساییە نامۆیە بە عورفی ھەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتییەکان لە ھەمان کاتدا تێکشکاندی ئیرادەی پەرلەمانتارانە