خاڵی جەوهەری رێکنەکەوتنی یەکێتی و پارتی
2019-04-01 14:31:10
ئاسۆ حاجی
هەموو خۆ هینان و بردنی یەکێتی لە کۆبوونەوە و کۆبوونەوەی دیکە و رێکەوتن و پەشیمان بوونەوە نە پەیوەندی بە داواکردنی ژمارەی وەزارەت و نە بە بنەمای هاوبەشی(شەڕاکەت)هەیە کە یەکێتی باسی لێوە دەکات،تەنها خاڵی جەوهەری و هۆکاری سەرەکی نەهاتنە پێشەوەی یەکێتی لە رێکەوتن لەگەڵ پارتی ئەکتیڤ کردنەوەی پۆستی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستانە،ئەوەش لە بەر دوو هۆکار:
- یەکێتی دەیەوێ ئەو خاڵە لە دژی بزووتنەوەی گۆڕان بەکاربێنێ و تا دەگەینەوە هەڵبژاردنێکی دیکە بیکاتە دروشمی سەرەکی بەگژداچوونەوەی گۆڕان و دەنگ لێ هەلوەراندنی،هەروەها دەیەوێ لە دژی پارتیش سوودی لێ وەربگرێ بەوەی کە دوای کاراکردنەوە و هەموارکردنەوەی یاسای سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان و هەڵبژاردنی سەرۆکی نوێی هەرێمی کوردستان یەکێتی بە بەهانەی مامەڵە لەگەڵ کردنی و ئیعتراف پێکردنی لە زۆنی کەسک دەسکەتی زیاتر وەربگرێ لە گرێ بەستی نەوت و پرۆژەی دیکەی وەبەرهێنان.
- دڵ راگرتنی ئێرانیەکان هۆکارێکی دیکەی نەهاتنە پێشی یەکێتیە بۆ رێکەوتن لەگەڵ پارتی،ئێرانیەکان هەر لە سەرەتاوە دژی هەبوونی پۆستی سەرۆکایەتی هەرێم بوون چونکە دەزانن ئەو پۆستە هەرێمی کوردستان بەهێز دەکا بۆیەشە یەکێتی ئێستا کە ئەگەر ناچار بکرێ لەگەڵ پارتی رێک بکەوێ و بەشداری حکومەت بکا دەیەوێ یاسای سەرۆکایەتی هەرێم بە دڵی ئەوان (ئێرانیان)کلک و گوێ بکرێ تا دەبێتە تەیرێکی مەعقول و لە قەفەزی بێ دەسەڵاتی جێگای دەبێتەوە.
زۆرینەی پارتە عەربیەکانی عێڕاق و بە تایبەتی شیعە لە پشت یەکێتین بۆ ئەو کارەی و هانی دەدەن و بەڵێنی دەسکەوتی دیکەی پێ دەدەن لە بەغدا، لە کاتێکدا شیعە بە ئێرانی و عێراقیەکەیەوە کە ناتوانن رێگە لە کاراکردنەوەی یاسای سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان بکەن ئەوە هەوڵ دەدەن کە سەرۆکی داهاتووی هەرێم لە پێگەیەکی بەهێزدا نەبێت،واتا دەسەڵاتی بەسەر هەموو جوگرافیای کوردستان نەبێ،نەتوانێ نوێنەرایەتی هەموو لایەنە سیاسیەکان و داخوازیە نەتەوەیی و نیشتیمانیەکان بکات لە مامەڵەکردن لەگەڵ بەغدا،چونکە بەغدا لەوە تێگەیشت کە هەبوونی سەرۆکێکی بەهێز و خاوەن بڕیار چ مانایەک بە پێگە و هەبوونی هەرێمی کوردستان ببەخشێ.
پارتی و هێزە نیشتیمانیەکانی دیکە چۆن دەتوانن ئەو مەترسیە دەرباز بکەن،بڕوا ناکەم وەڵامی ئەو پرسیارە بە زیاد کردنی ژمارەی وەزارەت و پۆستەکانی یەکێتی بدرێتەوە یان زیاتر چاوەڕوان کردنی،بەڵکو دەبی بیر لە رێگایەک بکرێتەوە یەکێتی ناچار بکرێ نەک رازی بکرێ،چونکە یەکێتی ناتوانێ رازی بێ!