Draw Media

لە تورکیا شەڕ دۆڕا

لە تورکیا شەڕ دۆڕا

2019-04-01 11:13:13


پەیكار عوسمان 

- سەیرکە هەدەپە لە شێرناخ دۆراندنی، چونکە گەریلا کردوێتی بە مەیدانی چالاکی و دەوڵەتیش کردوێتی بە معەسکەر.
(لەناو ماڵی خۆتا شەڕبکەیت، ئازادی ناکەیت، کاولی ئەکەیت)

- سەیرکە ئاکەپە براوەی شەڕە لە عەفرین، پەکەکەش براوەی شەڕە لە باغۆز، کەچی دەنگی هەردوکیان پاشەکشێ ی کردو سەرکەوتنی هیچیان تەرجەمە نەبوو بۆ دەنگی زیاتر!
(دەنگدەری عاقڵ ئیلهام لە شەڕ وەرناگرێ)

- سەیرکە هەڵبژاردنەکە ململانێ ی تەحالوفاتبوو نەك ململانێ ی ئەحزاب، تەحالوفەکانیش لە نێوان نەیارە تەقلیدییەکاندابوو!
(سیاسەتی دروست کاری پێکەوەییە، نەك کەلی شەیتان و خۆ تەنیاکردن لەپێناو پاڵەوانبوون)

- ئاکەپە یەکەمبوو بەڵام پاشەکشێ ی کرد، جەهەپە هەڵکشا بەڵام یەکەم نەبوو، هەدەپە کەمیکرد بەڵام قیاسەن بە زەختەی کە لەسەریەتی، سەرکەوتووەو زۆریش.
(لە دیموکراسیدا بردنەوەو دۆڕان ڕێژەییە، هەمووان هەم بردنەوەو هەم دۆڕانیشان بەرئەکەوێ، براوەی هەموو شتێك و دۆڕاوی هەموو شتێك لە دیموکراسیدا نیە)

- سەیرکە هەدەپە دەسکاری معادەلەی ئەنکەرەو ئەستەنبول ئەکاو ئاکەپەش کۆمەڵێك پارێزگای باکور ئەباتەوە!
یەعنی یەکجار لەوە تێبگە، لە تورکیا شتەکە وەکو عێراق نیە، کورد دەنگبدا بە کوردو شیعە بە شیعەو سونە بە سونە! 
کە لەوە تێگەیشتیت، ئیتر لەوەش تێئەگەیت، کە ئەو کوردەی دەنگی نەداوە بە هەدەپە، کوردێکی جاش نیە! وەکچۆن ئەو تورکەی کە هاوسەرۆکی هەدەپەیە تورکێکی خائین نیە.
هەدەپە بە "ئایدۆلۆژیاو هاوپەیمانی" تا ناو ماڵی ئاکەپە ڕۆشتووەو ئاکەپەش بە "ئایدۆلۆژیاو خزمەت و عەسکەر" تا ناو ماڵی پەکەکە هاتووە.
(بە مەتری ئێرە ئەوێ مەپێوە)

- سەیرکە وەکچۆن تورکێکی چەپ هاوسۆزی هەدەپەیە، کوردێکی ئیخوانییش ئاساییە هاوسۆزی ئاکەپەبێت.
لای منو تۆ کوردبوون خەمە ئەساسییەکەیە بۆیە لێرەوە دڵمان لای پەکەکەو باکورە، لای ئەو ئیسلامییبوون خەمە ئەساسییەکەیە بۆیە دڵی لای ئاکەپەو تورکیایە.
ئێمە ئەپرسین ئەو بۆ هاوسۆزی خەڵکی خۆمان نیە؟ دەی خەلەلەکە لەم پرسیارەی ئێمەدایە! چونکە "خەڵکی خۆمان" لای ئەو هاوئایدۆلۆژیاکەیەتی نەك هاوشتەکانی تر.
(لە ئایدۆلۆژیای خۆیەوە بڕیار لەسەر بەرامبەر بدە، نەك لە ئایدۆلۆژیای خۆتەوە)

- ئەو ساڵە من لە کۆرس چوار کرمانجم لەگەڵبوو، سیانیان دەنگدەری ئاکەپەبوون، تەنیا یەکێکیان دەنگدەری هەدەپەبوو! ئەوان خۆیان کێشەیەکیان نەبوو، کەچی من لەگەڵ سیانەکەدا تێگیرام لەسەرئەوەی کە دەنگ بە هەدەپە نادەن!! 
جا ئەگەر ئاشتییەکەی ئەو ساڵە دوو هەنگاوی تر بچوایەتە پێش، ئێستا هەدەپەو ئاکەپە هاوپەیمانبوون ئەزانی؟!
هەدەپەکان خۆیان بەچاوی جاش و خائین سەیری کوردە ئاکەپەکان ناکەن و، کوردە ئاکەپەکانیش بەچاوی کافرو زندیق سەیری هەدەپەکان ناکەن، ئەوان ڕەنگە خزم یان دراوسێ بن، یان ڕەنگە براو ئەندامی یەك خێزانبن و ئا ئێستا دانیشتبن پێکەوە نانو ماست بخۆن! بەڵام ئێمە لەباشورەوە پێمانوایە ئەمیان جاشەو ئەویان کافرە!! 
(دنیا ڕەش و سپی نیەو ڕق و دەمارگیریش هەڵوێست نیە) 
...................
- شتێكی گرنگ کە ڕووبدا، ئەوەیە کە (ئەم سەرنەکەوتنەی شەڕ، ببێتە سەرکەوتنی ئاشتی.) جگە لەمە هیچ ڕووداوێكی ئایندەی تورکیا گەورەو گرنگ نیە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand