سه‌ركه‌وتن یان شكستی هه‌ده‌په؟
2019-04-01 10:01:47
شاسوار مامە
ئه‌نجامه‌به‌راییه‌كانی هه‌ڵبژاردنی ٣١ی ئاداری ٢٠١٩ی شاره‌وانییه‌كان ئاشكرابوون. پارتیی دیموكراتیی گه‌لان (هه‌ده‌په) تا ئێستا ٣ گه‌وره‌شاره‌وانیی ئامه‌د، مێردین و وانی له‌گه‌ڵ شاره‌وانیی ٥ پارێزگه‌ی دیكه (ئێلح، ئیدر، سێرت، جۆله‌مێرگ و قه‌رس) و ١٥ قه‌زا و ١١ شارۆچكه بردووه‌ته‌وه. هه‌ده‌په شاره‌وانیی ناوه‌ندی پارێزگه‌كانی دێرسم، شرنا‌خ، به‌دلیس و ئاگری له‌ده‌ستداوه. به‌ڵام شاره‌وانیی شاری قه‌رسی به‌ده‌ستهێناوه كه پێشتر له ده‌ستیدا نه‌بوو. له شاره‌كانی مووش و دێرسم به‌جیاوازییه‌كی كه‌می ده‌نگ سه‌ركه‌وتوو نه‌بووه. هه‌ده‌په ڕایگه‌یاند، به زه‌بری هێز ئه‌نجامی مووش و شرنا‌خ گۆڕدراوه.
زۆر قسه له‌سه‌ر سه‌ركه‌وتن یان شكستی هه‌ده‌په ده‌كرێت. به‌ڵام ئه‌گه‌ر ڕه‌چاوی ئه‌وه نه‌كرێت كه ئه‌م هه‌ڵبژاردنه له چ هه‌لومه‌رجێكی سیاسی و ئه‌منیدا كراوه، مرۆڤ ده‌رك به هۆكاره‌كانی ئه‌م ئه‌نجامه ناكات. پێویسته چاوێك به ٥ ساڵی ڕابردوودا بخشێنینه‌وه كه له باكووری كوردستان و توركیا چی ڕوویداوه. هه‌روه‌ها كاتێك هه‌ڵسه‌نگاندن بۆ ڕووداوێك یان پێشهاتێكی باكووری كوردستان ده‌كرێت، نابێت له ڕوانگه‌ی شوێنی دیكه‌وه بكرێت. پێویسته تا ئاستێك ئاگادار بین له هه‌لومه‌رجی كۆمه‌ڵایه‌تی، سیاسی، ئابووری كولتووری له‌وێ و له توركیا.
هه‌ده‌په له‌ژێر تووندترین فشاری ده‌وڵه‌ت و فاشیزمی ئاكه‌په-مه‌هه‌په به‌شداری له پڕۆسه‌كه‌دا كرد. له كاتێكدا ده‌ستی به خه‌باتی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردن كرد كه زیاتر له ١٠ هه‌زار سیاسه‌تمه‌داری له زیندانه‌كاندان. هاوشاره‌دار و په‌رله‌مانتاره‌كانی له زینداندان. ته‌نانه‌ت له ماوه‌ی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردندا سه‌دان به‌رپرس، كاندید و ئه‌ندامی ده‌ستگیر كران. ده‌وڵه‌ت هه‌موو داموده‌زگه و هێزه‌كانی خۆی بۆ دژایه‌تیكردنی هه‌ده‌په ته‌رخان كرد و له هه‌موو ڕوویه‌كه‌وه ده‌رفه‌ته‌كانی خۆی به‌كارهێنا بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌نجامێكی به‌دڵی خۆی به‌ده‌ستبێنێت.
من له هه‌ڵبژاردنی ڕابردوو له باكوور چاودێری پڕۆسه‌كه‌م ده‌كرد. هه‌لومه‌رجی ئه‌وكات و ئێستا هه‌رگیز به‌راورد ناكرێت. به بۆچوونی من هه‌ده‌په سه‌ركه‌وتنێكی گه‌وره‌ی به‌ده‌ستهێناوه له‌م پڕۆسه‌یه‌دا:
- هه‌ده‌په سه‌ره‌ڕای ئه‌و فشاره زۆره‌ی له‌سه‌ریه‌تی توانی به ئیراده و جۆشی شۆڕشگێڕانه به‌شداری له هه‌ڵبژاردندا بكات و كۆڵنه‌دات.
- هه‌رچه‌نده ژماره‌ی شاره‌وانییه‌كانی هه‌ده‌په (به‌ده‌په‌ی پێشوو) كه‌می كردووه، به‌ڵام به گوێره‌ی ئه‌نجامه‌به‌راییه‌كان له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا هه‌ده‌په ٤،٢٢%ی ده‌نگه‌كانی به‌ده‌ستهێناوه. ئه‌مه له‌كاتێكدایه له هه‌ڵبژاردنی ڕابردوو به‌ده‌په ٤،٢٠%ی ده‌نگه‌كانی به‌ده‌ستهێنابوو. ئه‌مه سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی له چه‌ند شوێنێك هه‌ده‌په كاندیدی پێشكه‌ش نه‌كردووه و به ڕێككه‌وتنی تاكتیكی ده‌نگی به جه‌هه‌په و پارتیی سه‌عاده‌ت داوه.
- تاكتیكی هه‌ده‌په له‌گه‌ڵ جه‌هه‌په له شاره‌كانی توركیا سه‌ركه‌وت. هه‌ده‌په ده‌یزانی كه له‌وێ ناتوانێت شاره‌وانی به‌ده‌ستبێنێت، بۆیه ده‌نگه‌كانی به كاندیدی جه‌هه‌په دا بۆ ئه‌وه‌ی شكست به هاوپه‌یمانه‌تیی فاشیستیی ئاكه‌په-مه‌هه‌په بێنن. به‌و هۆیه‌شه‌وه ئاكه‌په له زۆر شاری توركیا به‌تایبه‌ت ئه‌نقه‌ره و ئیسته‌نبووڵ گورزی گه‌وره‌ی پێكه‌وت و شكستی هێنا.
- هه‌ده‌په جارێكی دیكه توانی شاره‌وانیی ئیدر به‌ده‌ستبێنێته‌وه كه ململانێیه‌كی تووندی له‌سه‌ربوو. ئیدر شارێكه كورد و ئازه‌ری لێ ده‌ژین، گره‌وی زۆری له‌سه‌ر ده‌كرا. هه‌روه‌ها شاری قه‌رس-ی بردووه‌ته‌وه كه تووندترین ململانێی هه‌ده‌په و مه‌هه‌په‌ی له‌سه‌ر بوو.
- هه‌ده‌په له ئامه‌دی پایته‌خت ده‌نگه‌كانی به‌شێوه‌یه‌كی به‌رچاو زیاد كردووه.
- هه‌ده‌په شاره‌وانیی ناوه‌ندی شرناخی له‌ده‌ست دا. ئه‌مه‌ش به‌هۆی ڕاگواستنی خه‌ڵكی نێو شاره‌كه و جێگیركردنی هه‌زاران سه‌رباز و پۆلیسی توركیا كه بۆ ئۆپه‌راسیۆنی سه‌ربازی چه‌ند ساڵێكه له‌وێ جێگیر كراون و هه‌ر له‌وێش ده‌نگیان داوه.
- چاودێرانی نێوده‌وڵه‌تی ئاماژه بۆ ئه‌وه ده‌كه‌ن كه‌شوهه‌وای سه‌ربازی به‌سه‌ر پڕۆسه‌ی ده‌نگداندا زاڵ بووه - سه‌ربازه‌كانی توركیا له‌سه‌ر سندووقه‌كان جێگیر كراون و ڕێگری له چاودێران كراوه چاودێری له پڕۆسه‌كه بكه‌ن. ساخته‌كارییه‌كی زۆر زۆر كراوه و به‌ڵگه‌ی زۆریش له‌به‌ر ده‌ستن.
- هه‌ده‌په جه‌ژنی سه‌ركه‌وتن ده‌گێڕێت چونكه ده‌زانێت ئه‌م ده‌نگانه‌ی له چ هه‌لومه‌رجێكدا به‌ده‌ستهێناوه. هه‌ر یه‌ك له‌و ده‌نگانه‌ی هه‌ده‌په پاروویه‌كه و له قورگی گورگ ده‌رهێنراوه. پێویسته لای هه‌مووشمان ڕوون بێت كه هه‌ده‌په ته‌نیا ڕێكخستنێكی هه‌ڵبژاردن و په‌رله‌مانی نییه. به‌ڵكوو پارتییه‌كی جه‌ماوه‌رییه و ده‌نگدان و هه‌ڵبژاردن لایه‌نێكی كۆشانه‌كه‌یه‌تی نه‌ك هه‌مووی. بۆیه سه‌ركه‌وتن و شكستی هه‌ده‌په له‌سه‌ر سندووق و پڕۆسه‌یه‌كی نادیموكراتی كه جڵه‌وه‌كه‌ی له ده‌ستی ده‌وڵه‌تێكی فاشیست و داگیركه‌ردایه ده‌رناكه‌وێت. سه‌ركه‌وتنی هه‌ده‌په له‌م هه‌لومه‌رجه‌دا له پێداگری له‌سه‌ر ئامانج و كۆڵنه‌دانی دایه.
- بێگومان هه‌ده‌په كه‌موكوڕی و هه‌ڵه‌شی هه‌ن، به‌ڵام بۆ هێزێك كه له هه‌لومه‌رجێكی وه‌هادا سیاسه‌ت ده‌كات، حاڵه‌تێكی زۆر ئاساییه - گرنگ ئه‌وه‌یه هه‌ڵه‌ی ستراتیژی و ئه‌خلاقی نه‌كات و ڕاستگۆ بێت له‌گه‌ڵ گه‌له‌كه‌ی.